عێراق

نێچیرڤان بارزانی: "دەبێت لەگەڵ حكوومه‌تی عێراق كاربكه‌ین بۆ چارەسەری هاوبەش بۆ پرسە دەستوورییەكان"

نێچیرڤان بارزانی وتارێكی پێشكه‌شكرد و تیشكی خسته‌ چه‌ندین ته‌وه‌ر، له‌نێویاندا ده‌نگدان پێی له‌نێو په‌رله‌مان، داعش و پشتگیریی وڵاتانی هاوپه‌یمانان، ده‌ستوور و په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ عێراق، یه‌كخستنی پێشمه‌رگه‌ و چه‌ندین پرسی دیكه‌.

Hemn Baban  | 10.06.2019 - نوێکردنەوە : 17.06.2019
نێچیرڤان بارزانی: "دەبێت لەگەڵ حكوومه‌تی عێراق كاربكه‌ین بۆ چارەسەری هاوبەش بۆ پرسە دەستوورییەكان"

Arbil
هه‌ولێر - AA
نێچیرڤان بارزانی رایگه‌یاند "سەرۆكایەتیی هەرێم چەتری یەكڕیزی و كۆكەرەوەی سەرجەم لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتە ئیتنی و ئایینییەكان دەبێت لە پێناو ژیانێكی ئاشتییانە و ئارامی كوردستاندا".

ئەمڕۆ دووشەممە 10ی حوزەیرانی 2019، نێچیرڤان بارزانی دوای سوێندخواردنی وەك دووەمین سەرۆكی هەرێمی كوردستان، وتارێكی پێشكەش كرد و بەخێرهاتنی میوانانی كرد.
ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ دەقی وتارەكەی نێچیرڤان بارزانی-یه‌:

بەڕێز سەرۆك بارزانی

بەڕێز سەركۆماری عێراق

بەڕێز سەرۆكی پەرلەمانی عێراق

بەڕێز وەزیری دەرەوەی توركیا

بەڕێز وەزیری دەوڵەتی سعوودیە بۆ كاروباری كەنداو

بەڕێز سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان

بەڕێزان باڵیۆزانی وڵاتان لە عێراق

دیپلۆماتكاران

سەركردە و سیاسەتمەداران و لایەنە سیاسییەكان.

میوانان و ئامادەبووانی خۆشەویست لە عێراق و بەغدا كە تەشریفتان هێناوە، هەمووتان بەخێر بێن.

مایەی خۆشحاڵیمە كە هەمووتان لێرەن و لەگەڵمان بەشدارن.

بەڕێزان سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و پەرلەمانتاران و نوێنەرانی گەلی هەرێمی كوردستان بە گشت رەنگ و بۆچوونەكانیانەوە، سوپاس كە وەك نوێنەرانی گەل دەنگتان دا بە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ چوار ساڵی داهاتوو.

سوپاس بۆ ئەوانەی دەنگیان دا و ئەوانەی دەنگیان نەدا.

ئەوانەی رۆژی دەنگدان نەچوونە پەرلەمان.

سوپاسی هەمووتان دەكەم.

هەریەك لە ئێوە بە خواستی خۆی و بە نوێنەرایەتیی دەنگدەر و لەسەر راسپاردەی ئەو حزبەی نوێنەرایەتیی دەكەن لە پەرلەمان، ئەركی دیموكراسیی خۆتان مومارەسە كرد

لەم كاتەدا گرنگترین دەستكەوت بەردەوامبوونی خودی پرۆسەی دیموكراسییه‌ لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆدا لە كاتی خۆ ئامادەكردن بۆ ئەم ئەركە نوێیە، گەلێك یادی ناخۆش و خۆش دێنەوە بیرمان.

هەندێك رووداو لە بیر ناكرێن تا لێیانەوە فێر ببین، هەندێك رووداو زۆر نوێن كە هێشتا خۆیان لەگەڵ كاری رۆژانەمان تێكەڵ دەكەن، نوێترینیان هێرشی داعش بوو كە شێوازی كوشتارەكەیان هەموومانی تووشی شۆك كرد و دونیای هەژاند.

زۆر كەس پێشبینیی دڕندەیی لەم جۆرەی نەدەكرد، زۆر كەس باوەڕی نەدەكرد هێزی تاریكپەرستی دەستی بچێتە ئەم هەموو تاوانە.

بۆ ماوەیەكی كورت لەوە دەچوو كە تیرۆریستان لە كارەكەیان سەركەوتوو بن، جەنابی سەرۆك بارزانی رۆڵێكی گرنگ و سەركەوتووی بینی لە بەرپەرچدانەوەی داعش و تێكشكاندنی خەونی تاریكپەرستییان. جەنابیان وەك فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگە راستەوخۆ بەشداری لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان كرد و شەونخوونی كرد لەگەڵ پێشمەرگە، بە خۆڕاگری و ئەزموونی پێشمەرگایەتیی لە ١٦ ساڵییەوە تا ئەمڕۆ خستە خزمەتی مرۆڤایەتی لە كوردستان و عێراق و سەرانسەری جیهان.

لەو قۆناغە سەختەدا جگە لە رۆڵی سەربازیی یەكلاكەرەوە و بەرزكردنەوەی ورەی پێشمەرگە، جەنابی سەرۆك بە ئەزموونی نزیكەی پەنجا ساڵ خەباتی خۆی، بە حیكمەتی لێزانی و شارەزایی، گەلی كوردستانی لە هەڕەشەیەكی راستەقینەوە بۆ كەناری ئارامی پەڕاندەوە، ئەم رێوڕەسمەی ئەمڕۆش كە زادەی دیموكراسییە، بەرهەمی خەبات و تێكۆشانی گەلی كوردستان و تێكۆشەرانی گەلەكەمانە.

دوای راپەڕین لە ئازاری ١٩٩١ لە كۆیە بۆ یەكەمجار سەرۆك بارزانی داوای كرد بۆ بەڕێوەبردنی هەرێمی كوردستان هەڵبژاردن بكرێت و گەلی كوردستان نوێنەرایەتیی خۆی لە پرۆسەیەكی دیموكراسیدا هەڵبژێرێت.

پێشمەرگە بە هاوكاریی هاوپەیمانان و بە سەرۆكایەتیی ئەمریكا، هاوشان لەگەڵ هێزەكانی عێراق، سەركەوتن لە ئازادكردنی ناوچە داگیركراوەكان و رزگاركردنی خەڵكی چەوساوەی دەستی داعش، هەموومان قوربانیی گەورەمان لە پێناو ئازادی و سەربەستی و مافی ژیان و گەلەكەمان دا.

سڵاو و دروود بۆ گیانی شەهیدانی گەلەكەمان..

سڵاو لە پێشمەرگە و هێزە عێراقییەكان لە سوپا و حەشدی شەعبی و ئەو هێزانەی رۆڵی مێژوویی خۆیان لەو قۆناغە ناسكەدا بینی.

بەرگریی ئێمە بەرگری بوو لە مافی ژیان و سەرفرازی، هێزەكانی عێراق رۆڵی باشیان بینی لە هاوكاریكردنی پێشمەرگە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش.

سوپاسی بێپایان بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەركردایەتیی ئەمریكا كە بوونە هۆی گەڕاندنەوەی هیوا و ژیان و ئاشتی و ئازادی لە هەرێمی كوردستان و عێراق.

پێشمەرگە سەلماندی كە وەك هەمیشە دەتوانێت بەرگری لە وڵات بكات.

لە قۆناغی داهاتوو لە هەموو رووێكەوە هەوڵ دەدەین پێشمەرگە رێك بخرێتەوە و وەك بەشێك لە هێزی بەرگریی عێراق ئەركی خۆی بكات.

كوردستان سەلماندوویەتی كە بەشیكی دیار و كاریگەری ناوچەكە و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە و ڕۆڵی بەرچاوی لە پێشكەوتنەكانی ناوچەكەدا هەیە و پێشكەوتنەكانی ناوچەكە و جیهانیش كاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر هەرێم هەیە، بۆیە لە قۆناغی داهاتوودا پەیوەندیی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و ڕێزگرتن، دەمانەویت دەستی هەماهەنگی و كاری پێكەوەیی بۆ هەموو لایەك درێژ دەكەین.

ئێمە بە قۆناغێكی سیاسی و كۆمەڵایەتیی هەستیاردا تێدەپەڕین، كۆمەڵگەی ئێمەش بێ داخوازیی ئازادی و سەربەستی و خواستی ئابووری و كۆمەڵایەتی نییە، ئێمە لە ئاستی ناوخۆی كوردستاندا زۆرجار لە فەرهەنگی سیاسی و نەریتی میدیاییدا پتر جەخت لە ناتەبایی كۆمەڵایەتی و سیاسی دەكەین، با لەمەودوا لەگەڵ یەكتر كۆك و تەبا و ساز بین.

دەزانم ململانێ و جیاوازی هەر دەمێنێت، ئەمە شتێكی ئاساییە، داوا دەكەم با بیركردنەوەمان ناكۆك و ناتەبا نەبێت، با بیر و هەڵسوكەوت و كردارمان بونیادنەربێت بۆ گەڕان بەدوای چارەسەری هاوبەش و ئایندەیەكی هاوبەش.

با نیشتمان كۆكەرەوەی هەمووان بێت و نوێنەرانی پێكهاتەكانی كوردستان بە هەموو جیاوازییانەوە بەشداری لە ڕەوتی بەرەو ئایندەی كوردستان بكات.

داوای من وەك سەرۆكی چەند ساڵی داهاتووی كوردستان ئەوەیە كە پێكەوە كار بۆ بەدیهێنانی ئاواتی خۆمان و لە حزبەكانمان گەورەتر بكەین، پێكەوە لە ئاستی ناوخۆی كوردستان، لە ئاستی هەرێم و عێراق، لە ئاستی وڵاتانی دراوسێ و لە ئاستی نێودەوڵەتی، ژیان و نیشتمانمان بپارێزین و بەرەو پێشەوەی ببەین.

هیچ گومانم نییە كاتێك پێكەوە نەخشەڕێی هاوبەش بۆ هەرێمی كوردستان دادەنێین، رێی هەڵە ناگرین و دەزانین چی پێویستە بۆ گەیشتن بە ئامانجی هاوبەش.

دەبێت لەگەڵ حكوومەتی فیدرالی لە بەغدا پێكەوە كار بكەین بۆ دۆزینەوەی چارەسەری هاوبەش بۆ پرسە دەستوورییەكان، دەستوورێك كە چوار لەسەر پێنجی دەنگدەران لە هەموو عێراق دەنگیان پێ داوە. دەستوورێك كە ببێتە هۆی زامنكردنی پێكەوەژیان و لێكتێگەیشتن.

ئێمە ئومێدمان بە دەستوور هەیە، بەداخەوە نەتوانرا وەكو خۆی جێبەجێ بكرێت و ئەو عێراقە نوێیە بونیاد بنرێت كە گەلانی عێراق خەونیان پێوە دەبینی، ئەو عێراقەی هەرێمی كوردستان ڕۆڵ و بەشداریی كارای تێدا هەبوو و بەرگری لێ كرد، لە عێراق هیچ بەدیلێك بۆ دەستوور نییە، بە ئەزموون بینیمان كە پشتگوێخستنی بە مەبەست و بێمەبەست یان پشتگویخستنی ئەو دەستوورە دەبێتە هۆی ناتەبایی و ناسازیی نوێ لە نێوان پێكهاتەكان، دەتوانین جارێكی دیكە دەستوورەكەمان نوێ بكەینەوە و ڕێزی لێ بگرین، تاوەكوو تاریكپەرستانی وەك داعش درووست نەبنەوە و كارەساتی وەك شنگال و ناوچەكانی دیكەی كوردستان و عێراق دووبارە نەبنەوە.

تاوەكو عێراق و كوردستان لە مەترسیی تیرۆر دوور بن كە هێشتا بە جددی هەڕەشە دەكات.

لە مێژووی دوور و نزیكماندا شەڕ بۆتە هۆی هەرەسهێنانی ئابووریمان، شەڕفرۆش زۆرجار بیر لەوە ناكاتەوە كە ئاگری شەڕ ماڵی خۆشی دەگرێتەوە، باشترین نموونەش هێرشی ڕژێمی ڕابردوو بوو بۆ سەر كوردستان و ئێران و كوێت، لە كۆتاییشدا دۆخی عێراق تێكچوو و ژیانی خەڵكی ئاڵۆز بوو، تائێستاش خەڵكی هەرێم و عێراق و ناوچەكەش باجی خراپەكارییەكانی ئەو ڕژێمە دەدەن.

با برینی ڕابردوومان بە لێبووردەیی و سینگفراوانی ساڕێژ بكەین، نەك بە گیانی تۆڵەكردنەوە.

ئامادەبووانی بەڕێز..

با پێكەوە بە هەڵوێستی نیشتمانپەروەرانە هەنگاوی بونیادنەر بنێین بۆ ڕێككەوتن لەسەر نەخشەڕێگەیەكی هاوبەش بۆ ژیانێكی هاوبەش. گەلی كوردستان هەمیشە مرۆڤ دۆستیی خۆی نیشان داوە، هەرگیز گەلی كوردستان ڕێگەی نەداوە كە شەڕی ڕژێمەكانی عێراق كە بەسەر كوردستاندا سەپێندرا، ببێتە شەڕی كورد و عەرەب. عێراق دەوڵەمەندە بە سامانی سرووشتی، با بۆ هەموو عێراقی بسەلمێنین كە پێكەوەبوونمان و پاراستنی ژیانمان لە هەموو سامانێك گرنگترە.

لە ئاستی هەرێمیش بەرنامەی هاوبەشمان دابڕێژین، گۆڕانكارییە خێراكان پێویستییان بە دیدی هاوبەش هەیە، چونكە لە كۆتاییدا هەمووان بەرپرس دەبین لە سەركەوتن و شكستەكان، كاتێك هەوڵی پاراستنی ئارامی و ئاسایشی هەرێم دەدەین و بەردەوام هەوڵی بووژاندنەوەی ئابووریمان دەدەین، نابێت ئەوە لەبیر بكەین كە هەریەك لەوانەش هاوشێوەی ئێمە بەرژەوەندیی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی هەیە.

ئەركی سەرۆكی هەرێم دەبێت، ڕێ خۆشبكات و زەمینە سازی بكات بۆ لێكنزیكبوونەوەی هەرێم لەگەڵ دراوسێكان، بۆ لێكنزیكبوونەوەی ئابووری و بازرگانی و چارەسەركردنی گرفتە ئابوورییە هاوبەشەكان، ئەمەش دەبێتە هۆی پتەوكردنی پەیوەندییە دراوسێیەتییەكان.

پاراستنی پەیوەندیی دۆستانە لەگەڵ ئەو هێزە نێودەوڵەتییانەی كە پاراستن و مانەوەی هەرێمی كوردستان بە گرنگ دەزانن، ئەركی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە. بەبێ هاوكاریی و كۆمەكی سەربازیی وڵاتان، داعش دەیتوانی زەرەری زیاتر بە هەرێم بگەیەنێت.

سوپاسی یەك بە یەكی خەڵكی كوردستان دەكەین كە وێڕای شەڕ و كەمیی مووچە و سستیی بازاڕی كار، یارمەتیی حكوومەتیان دا تاوەكوو ئەو دۆخە بە سەربەرزی تێپەڕێنین.

دەبێت دان بە جیاوازییەكانماندا بنێین و جیاوازییەكانمان نابنە ڕێگر لە سەرخستنی خواست و ڕێگر و بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان و شایستەی داهاتووێكی باشترین بۆ نەوەی ئێستا و داهاتوومان.

پێكەوەژیان و گەشەی كۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی و بوارەكانی دیكە، پێویستی بە كاری جددی هەیە بە جۆرێك لەگەڵ قۆناغی ئێستا و داهاتوومان، ژینگە وەك سەرچاوەی سەرەكیی ژیان زەرەرمەند نەبێت.

بە ئەمانەتەوە وڵاتەكەمان دەدەینە دەست نەوەی داهاتوو بۆ گەیشتن بە ئامانجی هاوبەشمان.

وەك سەرۆكی هەرێم ئەوپەڕی توانا و ئەمانەتی خۆم بەكار دەهێنم بۆ هاوكاریكردنی بەڕێز سەرۆك وەزیرانی نوێ و كابینە و هەموو وەزیرەكانی تاوەكوو لە بەرپرسیاری و كاری خۆیاندا سەركەوتوو بن. سەركەوتنی هەریەك لە ئێمە سەركەوتنی هەموومانە.

جارێكی دیكە سەرجەم كوردستانییان دڵنیا دەكەمەوە كە سەرۆكایەتیی هەرێم چەتری یەكڕیزی و كۆكەرەوەی سەرجەم لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتە ئیتنی و ئایینییەكان دەبێت لە پێناو ژیانێكی ئاشتییانە و ئارامی كوردستاندا. هەرێمی كوردستان موڵكی هەمووانە بە هەموو جیاوازییەكانەوە. سەرۆكایەتیی هەرێم بۆ هەمووان دەبێت و بە یەكچاو سەیری هەمووان دەكات.

دووپاتی دەكەمەوە ئارامی و ئاشتی و سەقامگیریی كۆمەڵگە ئامانجی سەرەكی دەبێت. هەروەها پاراستنی پەیوەندیی دۆستانەی بەهێز لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچە و پاراستنی پەیوەندیی و سەنگی هەرێمی كوردستان كاری ئێمە دەبێت. هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ بەدەستهێنانی مافە دەستوورییەكانی هەرێم و زامنكردنی بەها و ئازادییەكانی جیهانی پێشكەوتوو.

هەموومان یەك خۆر لەسەرمان هەڵدەستێ و یەك ئاسمان دامان دەپۆشێت.

سوپاس بۆ سەرۆك و سەركردە و هەموو بەرپرسان لە هەر كوێیەك بە نامە و تەلەفۆن و بە هۆكاری جیاواز پیرۆزباییان لێ كردووین.

دووبارە زۆر سوپاس بۆ هەموو لایەكتان.



بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın