عێراق

نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا: "کۆتایی بە فشارەکانی سەر ھەرێمی کوردستان بھێنن"

- سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی: "ئەگەر حکوومەتی فیدراڵیی و دامەزراوە عێراقییەکان، ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان بە ھاووڵاتیی عێراق دەبینن، کۆتایی بە فشارەکانی سەر ھەرێمی کوردستان بھێنن".

Zana Natık Kerem  | 26.05.2022 - نوێکردنەوە : 23.06.2022
نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا: "کۆتایی بە فشارەکانی سەر ھەرێمی کوردستان بھێنن"

ھەولێر ــ AA

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی داوای لە حکوومەتی فیدراڵیی و دامەزراوە عێراقییەکان کرد، کۆتایی بە "فشارەکانی سەر ھەرێمی کوردستان" بھێنن.

بەپێی ھەواڵێکی ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە گوتارێکدا کە لە میانی بەشداریکردنی لە ڕێوڕەسمی دەرچووانی ٢٧ەمین خولی کۆلێژی سەربازیی دووی زاخۆ پێشکەشی کرد و تیایدا وێڕای پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە دەرچووان و مامۆستایان و ڕاھێنەران، جەختی کردەوە لە گرنگی و پێویستیی یەکخستنەوەی پێشمەرگە و داوای لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد بۆ ئەم مەبەستە ھاوکاری بکەن و دەستێوەردان لە کاروباری پێشمەرگەدا بوەستێنن.

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەبارەی پرۆسەی یەکخستنەوەی پێشمەرگە، باسی لەو ھەنگاوانە کرد کە تا‌ ئێستا لەوبارەوە نراوان و رایگەیاند کە "ژمارەیەک لە ھێزەکانی پێشمەرگە یەک خراونەتەوە" و لەوبارەیەوە جەختی لەوە کردەوە کە "ئەوە بەس نییە و خەڵکی کوردستان و دۆستانی ھەرێمی کوردستان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی، چاویان لەوەیە پرۆسەکە باشتر بەڕێوە بچێت".

نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بە بەردەوامیی مەترسییەکانی داعش و پێویستیی ھاریکاری و ھەماھەنگیی زیاتری نێوان پێشمەرگە و سوپای عیراق کردەوە بەتایبەتیش لە ناوچەکانی سنووری مادەی ١٤٠ی دەستوور کە بۆشاییی ئەمنی تیایدا ھەیە و تیرۆریستان سوودی لێ دەبینن. ھەروەھا ئاماژەی بە رۆڵی پێشمەرگە لە تێکشکاندنی داعش کرد.

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە بەشێکی قسەکانیدا باسی لە گرنگیی گفتوگۆ و لێکگەیشتنی نێوان لایەنە کوردستانییەکان کرد و لەوبارەیەوە ئاماژەی بەو کۆبوونەوەکەی دوێنێی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد و بە کۆبوونەوەیەکی باشی لە قەڵەم دا، ھەروەھا ھیوای خواست دیدار و کۆبوونەوەی زیاتر بۆ یەکڕیزی و تەبایی لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا ئەنجام بدرێن و گوتی: "زەمینەیەکی باش بۆ نەھێشتنی ناکۆکییەکان ھەیە".

نێچیرڤان بارزانی لەبارەی دۆخی عێراق و چەقبەستوویی و بنبەستی سیاسی لە وڵات، باسی لە کاریگەرییەکانی دۆخەکە بەسەر ژیان و گوزرانی خەڵک و دۆخی ھەرێمی کوردستانەوە کرد و جەختی لە پێویستیی ھاریکاریی نێوان ھەموو لایەنە عێراقییەکان کردووە بۆ تێپەڕاندنی سەختییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان.

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە کۆتایی گوتارەکەیدا ئامادەیی و جددییەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەل بەغدا لەسەر بنەمای دەستووری عێراق دووپات کردەوە و داوای لە حکوومەتی فیدراڵیی و دامەزراوە عێراقییەکان کرد کە کۆتایی بە فشارەکانی بۆ سەر هەرێم بهێنن و گوتی: "ئەگەر ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان بە ھاووڵاتیی عێراق دەبینن، کۆتایی بە فشارەکانی سەر ھەرێمی کوردستان بھێنن".

ئەمڕۆ پێنجشەممە بەئامادەبوونی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی ھێزەکانی پێشمەرگە، نێچیرڤان بارزانی و جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی و وەزیری پێشمەرگە، شۆرش ئیسماعیل و ژمارەیەک فەرماندەی باڵای پێشمەرگە، ڕێوڕەسمی دەرچووانی ٢٧ەمین خولی کۆلێژی سەربازیی دووی زاخۆ بەڕێوەچوو کە ٤٩٩ قوتابی لە ھەموو ناوچەکانی ھەرێمی کوردستانەوە مەشق و راھێنان و خوێندنی ئەکادیمییان تەواو کرد و بە پلەی ئەفسەر لە ریزەکانی پێشمەرگەدا دەست بە خزمەت دەکەن.

کۆلێژی سەربازیی دوو لە زاخۆ کە بە ئەکادیمیای سەربازیی زاخۆ دەناسرێت، ساڵی ١٩٩٦ دامەزراوە و سەر بە وەزارەتی بەرگریی عێراقە.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın