عێراق

نیوەڕۆی ئەمرۆ دوا مۆلەتە بۆ چەکدارە نایاساییەکان بۆئەوەی بارەگاکانیان لە شنگال چۆل بکەن

- ھێزە عێراقییەکان تا نیوەڕۆی ئەمڕۆ دوا مۆلەت بە چەکدارە نایاساییەکان دەدەن کە تەواوی بارەگاکانیان لە شنگال چۆل بکەن.

01.12.2020 - نوێکردنەوە : 01.12.2020
نیوەڕۆی ئەمرۆ دوا مۆلەتە بۆ چەکدارە نایاساییەکان بۆئەوەی بارەگاکانیان لە شنگال چۆل بکەن

Arbil

شنگال - AA

دوا مۆڵەت دراوەتە چەکدارانی نایاسایی ناو سەنتەری شنگال بۆ چۆلکردنی بنکە و بارەگانیان. 

بەپێی زانیارییەکان، تا ئێستا ھەشت بنکەی چەکدارە نایاساییەکان چۆل کراون کە دووانیان لە سەنتەری شاری شنگال بوون و رادەستی ھێزەکانی عێراقی کراونەتەوە.

لە سەنتەری شاری شنگال و ناحیەی سنوونێ دوو بنکەی دیکە ماون کە رادەست بکرێن و مۆڵەتیان پێدراوە تا نیوەڕۆی ئەمڕۆ چۆلی بکەن.

سەرەڕای ئەوەی ھێزە عێراقییەکان وەک دوا مۆلەت کاتژمێر ١٢:٠٠ی ئەمڕۆیان بۆ چۆلکردن و رادەستکردنەوەی بارەگای چەکداران دیاریکردووە بەڵام ئەو چەکدارانە بە مەبەستی چۆلنەکردنی بنکەکانی لە ئێستادا کەڵک لە خەڵکی ناوچەکە وەردەگرن و وەک قەڵغان بەکاریان دەھێنن.

بڕیار بوو ھەفتەی رابردوو دەست بە ئۆپەراسیونێکی ھاوبەشی سوپای عێراق و پۆلیسی فیدراڵ بکرێت، بەڵام ئوپەراسیۆنی پاککردنەوەی شنگال لە چەکدارەکان بۆ ماوەی چەند رۆژێک راگیرا و ئەو چەند رۆژەیش وەک دەرفەتێک بەو ھێز و چەکدارانە دراوە بۆ ئەوەی شنگال چۆل بکەن یا چەکەکانیان دابنێن.

لە ماوەکانی رابردوودا سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی رایگەیاندبوو کە رێککەوتنێکی مێژوویی کراوە کە دەسەڵاتی حکوومەتی فیدراڵ بەپێی دەستوور لەسەر ئاستی کارگێڕی و ئەمنی لە شنگال پتەوتر دەکات.

رۆژی ٩ی تشرینی یەکەم، ھەولێر و بەغدا لەسەر دروستکردنی ئیدارەیەکی نوێ بۆ شنگال رێککەوتن.

بەپێی رێککەوتنەکە، ئیدارەیەکی ھاوبەش لەنێوان حکوومەتی فیدڕالی و حکوومەتی ھەرێم لە شنگال دروست دەکرێت و دۆسیەی ئەمنی شارەکە بە پۆلیسی خۆجێی و پاراستنی دەرەوەی شارەکەش بە سوپای عێراق و پێشمەرگە دەسپێردرێت.

دانیشتووانی شنگال، کە دوای ساڵی ٢٠١٤ بە ھۆی ھێرشی داعشەوە ناوچەکەیان چۆڵکردبوو و ئاوارە بوون، داوا دەکەن ھێزە چەکدارەکان شارەکەیان چۆڵبکەن و دۆخی مەدەنی و ئاسایی بۆ ناوچەکەیان بگەڕێتەوە.
​​​​​​​
چاوەڕوان دەکرێت واژووکردنی رێککەوتنی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا رێگە بۆ گەڕانەوەی ئەو ئاوارانە خۆش بکات کە بەشێکی زۆریان لە دۆخێکی ناھەمواری کەمپەکاندا دەژین.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın