Rewa Mahmood Hasan
08 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 09 تشرینی یەکەم 2021
ھەڵەبجە - AA رهوا حاجی
پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە پارێزگای ھەڵەبجە بەڕێوە دەچێت و بڕیاریشە رۆژی یەکشەممە دەنگدانی گشتی لە شارەکە بەڕێوەبچێت و قایمقامی ههڵهبجهش، نوخشە ناسح سوپاسی خەڵکی شارەکە دەکات لەپای بەڕێوەبردنی ھەڵمەتێکی ئارامی ھەڵبژاردن و ھیوا دەخوازێت کە پرۆسەی دەنگدانی گشتیش بە بێ کێشە بەڕێ بکەن و زۆرترین ژمارەی دەنگدەر بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان، چونکە پرۆسەیەکی چارەنوسسازە بۆ ھەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١، لە شاری ھەڵەبجە پرۆسەی دەنگدانی تایبەت کە تێیدا ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و ھێزە ئەمنییەکان بەشداربوون، لە شاری ھەڵەبجە لە تاکە بنکەیەک بەناوی خوێندنگەی بورھانی حاجی محەمەد بەڕێوەچوو، کە تێیدا هەزار و ٩٦٧ دەنگدەر مافی دەنگدانیان ھەبوو، بەپێی گوتەی قایمقامی ھەڵەبجە، نوخشە ناسح ژمارەیەکی زۆر لە دەنگدەران بەرەو سندوقەکانی دەنگدان رۆیشتوون.
لە میانی ھەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو، نوخشە ناسح باسی لە چۆنییەتی بەڕێوەچوونی ھەڵمەتی ھەڵبژاردن و دەنگدانی تایبەت کرد و ئاشکراشی کرد کە ئامادەکارییان کردووە بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدانی گشتی بەشێوەیەکی شەفافانە لە شارەکە.
قایمقامی ھەڵەبجە، نوخشە ناسح لەبارەی چۆنییەتی بەرێوەچوونی پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە ھەڵەبجە، گوتی: "ئەمڕۆ ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ لە شاری ھەڵەبجە کە یەک بنکەی دەنگدانمان ھەبوو، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە کاتژمێر ٧:٠٠ی سەر لەبەیانییەوە دەستی پێکرد، خۆشحاڵانە ھەر لەسەرەتای دەستپێکی پرۆسەکەوە کارەکان بەباشی بەڕێوەچوون، ئێمە لە رۆژانی پێشوودا لەگەڵ ھێزە ئەمنییەکان و راگەیاندنکارانیشدا کۆبوونەوەیەکمان کرد. لە سنووری هەڵەبجە هەزار و ٩٦٧ دەنگدەرمان ھەبوو، پێمان باش بوو کە بەشێوەی گرووپ جیایان بکەینەوە تاوەکو لە رۆژی دەنگدانی تایبەتدا ھیچ جۆرە قەرەباڵغییەک دروست نەبێت و پرۆسەکە بەباشی بەڕێوەبچێت، بڕیارمان دا سەرەتا پۆلیسی دارستان و ھاتوچۆ سەر لەبەیانی بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان، دواتر بەرگریی فریاکەوتن و ئێستاش دەنگدان بەردەوامە و پۆلیسی ناوخۆ دەنگی خۆیان دەدەن".
لەبارەی کەموکوڕییەکانی دەنگدانی تایبەت و پێشنیازەکانی بۆ باشتر بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان لە شارەکە، قایمقامی ھەڵەبجە گوتی: "راستە لێرەو لەوێ ھەندێک کەموکورتی ھەبوو، بەشێک لە کارمەندانی ھێزە ئەمنییەکان کە دەچوونە ژوورەوە لەوێ بۆیان دەردەکەوت کە ناویان لە دەنگدانی گشتیدا ھەیە، بۆیە نەیاندەتوانی دەنگ بدەن، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی پرۆسەکە زۆر بەباشی بەڕێوەدەچێت و ھیچ کێشەیەک رووینەداوە و بەشێوەیەکی شەفاف بەڕێوەدەچێت".
نوخشە ناسح لەبارەی رێژەی بەشداریی له دهنگدانی تایبەت لە پارێزگای ھەڵەبجە، ئاماژەی بەوەدا کە بەھۆی ئەوەی یەک بنکە ھەبووە کەمێک قەرەباڵغی دروست بووە و پێشنیازی کرد کە بۆ هەڵبژاردنەکانی داھاتوو دەبێت دوو بنکە لەنێو ھەڵەبجەدا بکرێتەوە بۆ ئەوەی پرۆسەکە بە شێوهیهكی باشتر بەڕێوەبچێت و گوتی: "هەزار و ٩٦٧ دەنگدەر بۆ یەک بنکە کەمێک کارەکە قورس دەکات بە تایبەت من ئەم بەیانیە پرسیاریان کرد، لە پارێزگای ھەڵەبجە موتهفهریقه ھەیە، ئەمانە لە ناوچەی ترەوە ئەرکیان ھەیە و دەبێت بێنەوە ئێرە دەنگ بدەن، کەس ھەبووە لە دیالەوە ناچار گەڕاوەتەوە، پاسی بۆ گیراوە، کەس ھەیە پاسەوانی سنوورە ناچارە لە شوێنی ترەوە بگەڕێتەوە بۆ ھەڵەبجە بۆ دەنگدان، بۆیە ئەگەر دوو بنکە بێت، ئەوا کارەکان باشتر بەڕێوەدەچێت".
لەبارەی تۆمارکردنی ھەر جۆرە پێشێلکارییەکی کاندید یان لیستەکان لە نێو پارێزگای ھەڵەبجەدا، نوخشە ناسح ئاماژەی بەوەدا کە بەخۆشحاڵییەوە بەدرێژایی ماوەی بانگەشەی ھەڵبژاردن ھیچ جۆرە پێشێلکارییەک و کەموکوڕییەک رووینەداوە و گوتی: "ئێمە لە رۆژی رابردوودا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەییدا دەستخۆشیمان لە خەڵکی ھەڵەبجە کرد کە بەدرێژایی ئەو ماوەیە ھیچ جۆرە نائارامیی و پێشێلکارییەک رووینەداوە، ئەمەش بێگومان ھۆشیاری تاکەکان لە پارێزگای ھەڵەبجە نیشان دەدات، ئەمە پێمان دەڵێت کە خەڵکی ئەم شارە تێگەیشتوون لەوەی کە چۆن بانگەشەی ھەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت، ھاوکات نیشانەی ئەوەیە کە لایەنەکان کادرانی خۆیان ئاگادار کردووەتەوە لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی بانگەشەی ھەڵبژاردن. ئەمەش جێگەی خۆشحاڵیی ھەموو لایەکە".
نوخشە ناسح ئاماژەی بەوەدا کە ھەموو ئامادەکارییەکیان کردووە تاوەکو پرۆسەی دەنگدانی گشتیش بەبێ کێشە ھاوشێوەی دەنگدانی تایبەت بەڕێوەبچێت.