عێراق

مەسرور بارزانی: "پێویستە هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەهێزتر بکرێت"

Sarmand Hameed  | 03.12.2021 - نوێکردنەوە : 03.12.2021
مەسرور بارزانی: "پێویستە هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەهێزتر بکرێت"

Arbil

ھەولێر - AA

سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی رایگەیاند، تیرۆریستانی داعش، بوونەتە ھەڕەشەیەکی راستەقینە بۆسەر ژیانی خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم و جەحتی لەوە کردەوە پێویستە ھەرچی زووە، ھەماھەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش، بەھێزتر و تۆکمەتر بکرێت.

مەسرور بارزانی لەسەر ھێرشی شەوی رابردوو تیرۆریستانی داعش بوسەر ناوچەی سەرگەڕان و قەرەچووغ کە بەھۆیەوە ژمارەیەک ھاووڵاتیی شەھید و برێنداربوون و لەکاتی ئۆپەراسیۆنی راوەدوونانی تیرۆریستانیشدا، ژمارەیەک پێشمەرگە شەھید و برینداربوون، پەیامێکی بڵاوکردەوە.

لە پەیامەکەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا ھاتووە "بە داخ و خەمێکی قووڵەوە، دوێنێ شەو لە ئەنجامی ھێرشی تیرۆریستانی داعش بۆسەر گوندی خدر جیجەی بناری چیای قەرەچووخ، ژمارەیەک ھاووڵاتیی و پێشمەرگەی قارەمان شەھیدبوون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون".

مەسرور بارزانی لە پەیامەکەیدا پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری شەھیدەکان کردووە و نزای لێخۆشبوونی و داوای سەبر و ئارامییشی بە خێزان و کەسوکارەکانیان لە خودا کردووە و ھیوای چاکبوونەوەی خێرایشی بۆ بریندارەکان خواستووە.

سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جەختی لەوەشکردووەتەوە کە تیرۆریستانی داعش، بوونەتە ھەڕەشەیەکی راستەقینە بۆ سەر ژیانی خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم و بۆ ئەمەش بەھێزی ھەماھەنگیی و تۆکمەیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعشی بەپێویست زانیووە "بۆ ئەوەی کۆتایی بە خۆڕێکخستنەوە و گەشەکردنی تیرۆریستانی داعش و ھێرش و پەلامارە دڕندانەکانیان بھێنرێت و ژیانی پێشمەرگە و دانیشتووانی ئەو ناوچانەش، پارێزراو بێت".

لە کۆتایی پەیامەکەیدا مەسرور بارزانی رایگەیاندووە "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئامادەیی خۆی بۆ برەودان بە ھەر ھاوکاری و ھەماھەنگییەک، بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و سەقامگیربوونی دۆخی عێراق بە گشتی و ئەو ناوچانەی کەوتوونەتە بەر پەلاماری داعش بەتایبەتی، دووپات دەکاتەوە".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın