Sarmand Hameed
07 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 08 تشرینی یەکەم 2021
هەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی داوای لە دەنگدەران کرد ئەو کەسانە هەڵبژێرن كە لە سۆنگەی بەها نیشتمانییەكانەوە نوێنەریان دەبن و گۆڕانكاری دروست بكەن.
مستەفا کازمی بەبۆنەی کۆتاییهاتنی تەمەنی خولی چوارەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە ئەمڕۆ پێنجشەممە حەوتی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ کۆتایی هات لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر، پەیامێکی بڵاوکردەوە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق نووسیوویەتی "ئەمڕۆ ئەنجوومەنی نوێنەران كۆتایی بەم خولە هێنا بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ١٠ی تشرینی یەكەم".
مستەفا کازمی راشیگەیاندووە کە هەڵبژاردن رێڕەوی بەرهەمهێنانی ئەنجوومەنێكی نوێی نوێنەرانە بۆ پاراستنی وڵات و دەوڵەت.
سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە دەنگدەرانی وڵاتەکەی کردووە کە ئازادانە دەنگ بدەن و ئەوانە هەڵبژێرن كە لە سۆنگەی بەها نیشتمانییەكانەوە نوێنەریان دەبن و گۆڕانكاری دروست بكەن.
دوای خۆپیشاندانەکانی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ کە لە بەغدای پایتەخت و شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بەڕێوەچوو کە بەهۆیەوە حکوومەتی پێشووی عێراق بە سەرۆکایەتی عادل عەبدولمەهدی ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کرا، لایەنە سیاسییەکان رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی حکوومەتی راگوزەر کە ئەرکی ئامادەکاریی بێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە.
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ئایاری ٢٠٢١دا، متمانەی بە حکوومەتی راگوزەر بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی بەخشی.
دوێنێ سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی رایگەیاندبوو کە ئەمڕۆ پێنجشەممە حەوتی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١، تەمەنی خولی چوارەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆتایی دێت.
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنی ژمارە (٤٦)ی خۆیدا لە ٣١ی ئاداری ٢٠٢١، بەپێی حوکمەکانی ماددەی (٥٩/دووەم) و ماددەی(١٣٨/ پێنجەم/أ) بڕیاری دا بە کۆتاییهاتنی تەمەنی خولی چوارەمی ئەنجوومەنەکە لە حەوتی تشرینی یەکەم لە ئەگەری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١دا.
بڕیارە هەڵبژاردنی پێشوەخت بۆ دیارییکردنی ئەندامانی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ١٠ی تشرینی یەکەم بەڕێوەبچێت.