سلێمانی - AA رەوا مەحمود حەسەن
سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، محەمەد حاجی مەحمود لەبارەی ناکۆکییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند "لە ئەگەری بەردەوامی ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی و یەکنەگرتنی هێزی پێشمەرگە، هەڵوێستی هاوپەیمانان کە مەشق بە هێزەکان دەکەن و بوودجەیان بۆ تەرخان دەکەن، رەنگە گۆڕانکاری بەسەردا بێت".
محەمەد حاجی مەحمود کە سەرکردەیەکی دیاری نێو حزبە کوردییەکانە و بەقەدپاڵی شاخێکەوە لە گوندی گوڵەخانە لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە، سەرقاڵی کاری حزبایەتی و ژیانی تایبەتیی خۆیەتی، ناوبەناو هەرکاتێک تەنگەژە لەنێو سەرکردە و لایەنە کوردییەکاندا دروست دەبێت، ئەم دەکەوێتە خۆی و هەوڵی یەکخستنەوەیان دەدات، ناوبەناویش سەردانی هاوڕێ کۆنەکانی دەکات و کەسێکی زۆر نزیکە لە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی.
سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، محەمەد حاجی مەحمود لە میانی هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو، وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە و باسی لە پرسە سیاسییە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا، هەروەها ململانێ جیهانییەکان کرد.
محەمەد حاجی مەحمود یەکێکە لەو کەسانەی کە یاداشتەکانی زۆرترین دەنگدانەوە بەدوای خۆیدا دەهێنێت و لەبارەی ئەو کتێبانەی نووسیونی گوتی: "من ئەوەی واقیعە ئەوە دەڵێم، بەڵگەنامەم لایە، ناوی هەر کەسێکم هێنابێت لەناو کتێبەکەمدا، دوو سێ نامەی ئەو کەسە خۆیشی تێدایە. هەمووان پێیان حەقە راستییەکان بگوترێت، ئینجا پێویستە راستییەکان کاتێک بگوترێت ئەو کەسە خۆی مابێت، تاکو ئەگەر وانەبێت بڵێت وانییە. من یەکەم جار کە کتێبم نووسی یەکەم جار بوو ناوی کەسانێک بهێنم و بڵێم فڵان وای کرد و فڵان وایگوت یان فڵان حزب وای کرد. کەس لەوەوپێش ئەوەی نەدەگوت و نەدەکرد. ئەو بەڵگەنامەی لای منن هەندێکیان دوای ١٥ ساڵ و هەندێکیشیان دوای ٢٥ ساڵ بڵاویان دەکەمەوە، ئیتر ئەو کەسە خۆی لێی بەرپرسە نەک من".
سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، محەمەد حاجی مەحمود لەبارەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی گوتی: "نێوانم لەگەڵ مام جەلال باش بوو، من نێوانم لەگەڵ هەموویان باش بووە، بەڵام ئەوان چەندێک باشن لەگەڵ من ئەوەیان نازانم. نێوانم لەگەڵ کاک مەسعوودیش باشە و کەم کەم سەردانی دەکەم".
- کۆبوونەوەکەی دوکان یەکلایەنە لای یەکێتیی پێشنیاز کرابوو بۆ ئەوەی ئەنجوومەنێکی سیاسیی دروست بکرێت
سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، محەمەد حاجی مەحمود سەبارەت بە تەبایی حزبەکانی هەرێمی کوردستان، گوتی: "لە راستیدا لە باسی تەبایی حزبە کوردییەکاندا، پێویستە تەرکیز بخرێتە سەر دوو حزبی دەسەڵاتدار لە هەرێمی کوردستان. دوو حزب کە هەموو جومگەکانیان لە دەستدایە. لە رووی سیاسییەوە لە پەرلەمان و حکوومەت سەدا ٥٠ زیاتریان بەدەستەوەیە. لە رووی سەربازییەوە لەسەدا ٩٥یان لەدەستدایە. لە رووی ئاساییش، دەسەڵات، دارایی و ئابوورییەوە لەسەدا ١٠٠یان لە دەستدایە. لە رووی سیاسییەوە لەسەدا ٧٠یان لە دەستدایەوە و رەنگە حزبەکانی دیکە لەم رووەوە لەسەدا ٣٠ بن. ئەگەر ئەوان بیانەوێت رێک بکەون یان تەبا بن ئەوا ئەو لەسەدا ٣٠یە هاوکاریان دەبێت، بەڵام ئەگەر نەیانەوێت ئەوا ئەو لەسەدا ٣٠یە ناتوانێت هاوکار بێت. من زۆر لام سەیرە زۆربەی خەڵک و راگەیاندنەکانی کوردستان دەڵێن 'حزبەکانی کوردستان بەیەکەوە رێک ناکەون'. حزبەکانی کوردستان کێن؟ دوو حزبن. ئەگەر ئەو دوو حزبە رێک بکەون، ئەوا حزبەکانی دیکە کە لەسەدا ٣٠ پێکدەهێنن، هاوکار دەبن و ئەوکات حزبەکانی کوردستان رێکدەکەون".
محەمەد حاجی مەحمود سەبارەت بە هۆکاری ناکۆکییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەوەی خستە روو کە "مێژووی ناکۆکییەکانیان دەگەڕێتەوە بۆ پێش ساڵی ١٩٦٤، لەو کاتەیشەوە ناکۆکییەکان بەردەوامن. ناکۆکییەکانی ئەوسا رەنگە لەسەر بابەتێکی فیکریی بووبێت یان لەسەر گومرکێک بووبێت، بەڵام ناکۆکییەکانی ئێستا لەسەر ناوچە، دەسەڵات و داهاتی وڵاتە. لە لایەکی دیکەیشەوە، هەردوو حزب دوو دید و بۆچوونی جیاوازیان هەیە، هەر یەکەیان بەشێوەیەک بیر دەکەنەوە".
سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، محەمەد حاجی مەحمود لەبارەی قەبارەی کێشەکانی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتن یان لێکتێگەیشتن گوتی: "دوای ئەوەی کێشەکان هەندێک زەق بوونەوە، کۆبوونەوەی دوکان کرا، هەموو حزبەکان بێجگە لە پارتی بەشدار بوون. کۆبوونەوەکەی دوکان یەکلایەنە لای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە پێشنیاز کرابوو، بۆ ئەوەی ئەنجوومەنێکی سیاسیی دروست بکرێت، ئەو حزبانەی تێدا کۆببێتەوە و پێکەوە بڕیارێکی سیاسییان هەبێت. لەو ماوەیەدا ناکۆکییەکان زۆر توند بوونەوە. لەم چەند رۆژەدا، چەند کۆبوونەوەیەکیان کردووە و دەگەنە ئەنجام، چونکە ئەو دوو حزبە هیچ چارەیەکیان نییە جگە لە پێکەوەکارکردن. ئەگەر پێکەوە کارنەکەن، هێزەکانی هاوپەیمانان کە مەشق بە پێشمەرگە دەکەن، یان ئەمریکا کە پارە دەدات بە هێزی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکانی کوردستان و دژەتیرۆر، رەنگە هەڵوێستێکی دیکەی هەبێت ئەگەر ئەو دوو حزبە ناکۆک بن، چونکە ئەوان داوای یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە دەکەن. ئەگەر ئەمان دژ بن ئەوانیش هەڵوێستێکی تریان دەبێت".
- دوو جار هێزەکانی پێشمەرگە یەکیان گرتووەتەوە و لێکدابڕاون
سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، محەمەد حاجی مەحمود لەبارەی یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەژێر کاریگەری بارودۆخی ئێستای ناوچەکەدا گوتی: "من پێموانییە هێزی پێشمەرگە بەو شێوەیەی خەڵک دەیەوێت یەکبگرێتەوە، هەرگیز یەکناگرێتەوە، بەڵام ئێمە تاکو ئێستا دوو ئەزموونمان هەیە، ئەزموونی یەکەم لە دوای یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢، هێزی پێشمەرگە بوو بە یەک هێز. هەڵبەتە پەنجا بە پەنجا بوو ئەگەرچی ئێمەیش بەشداربووین تیایدا، بەڵام کاتێک شەڕی ناوخۆ دەستی پێ کرد هەموو هێزەکانی پێشمەرگە لە ماوەی یەک کاتژمێردا جیابووەوە. نەک تەنها جیابوونەوە بەڵکو شەڕی یەکتریشیان کرد. ئەزموونی دووەمیشمان لە کاتی شەڕی داعش بوو کە زیاتر لە ١٤ لیوای هێزەکانی پێشمەرگە یەکیان گرتبووەوە. هێزەکانی ٧٠ و ٨٠یش لە بەرەکانی شەڕ بوون و بەرگرییان دەکرد، بەڵام کاتێک ١٦ی ئۆکتۆبەر و هێرشی عێراق بۆسەر کەرکووک، خانەقین، شنگال و ئەو ناوچانە روویدا و دەستی پێ کرد لە ماوەی کاتژمێرێکدا لیواکانیش جیابوونەوە و چەکەکانیان لەنێوان خۆیاندا دابەش کرد. ئەمەی ئێستایش هەمان شێوەیە. رەنگە لەژێر فشاری ئەمریکا یان لەبەرئەوەی ئەمریکا پارەی پێشمەرگە نەبڕێت، یان لەبەر ئەوەی وڵاتانی هاوپەیمان مەشق بە پێشمەرگە دەکەن. یەکگرتن ئەوەیە ئەوەی ئێستا هێزی پێشمەرگە هەیەتی، هەمووی خانەنشین بکرێت. داوای تەمەن بکرێت ئەوانەی شموول دەکەن. داوا بکرێت تەجنید دابنرێت، داوا بکرێت کێ دێت و لە وەزارەتی پێشمەرگە دادەمەزێت. کۆمەڵێک گۆڕانکاری بکات، ئەو کەسەی دەبێتە پێشمەرگە بۆ داهاتووی خۆی پابەند دەبێت و چارەنووسی خۆی دەبەستێتەوە بەو وەزارەتەوە. وەک کارمەندانی وەزارەتی دیکە. پێویستە خەڵک خۆی بێت بۆ وەزارەتی پێشمەرگە نەک بە تەزکییەی حزبی بکرێت. ئەو کاتە ئەو هێزە دەتوانێت ببێتە هێزی یەکگرتووی کوردستان، ئێستا بەم شێوەیە نابێت".
- سوودانی ئێستایش ترسی لە سەدر هەیە ئەگەر لەماوەی ساڵێکدا گوزەران باش نەکات دێتەوە سەر شەقام
محەمەد حاجی مەحمود لەبارەی دۆخی عێراق، گوتی: "عێراق لەئێستادا عێراقێکی شپرزەیە. هیچ بڕیارێکی سیاسیی لە عێراقدا نادرێت. بڕیارەکان لە دەرەوە دەدرێن. وڵاتانی ئیقلیمی و جیهان کاریگەرییان هەیە لەسەری. لە عێراقدا کە هەڵبژاردن کرا یەک ساڵ و چەند رۆژێکی پێچوو و نەتوانرا حکوومەت پێکبهێنرێت. لەکاتێکدا لە بەریتانیا لە پاشنیوەڕۆوە تاکو ئێوارە حکوومەتەکەیان پێکهێنا. لە عێراقدا پێکنەهێنانی حکوومەت هەموو پێوەرەکانی تێپەڕاندووە. بۆ یەکەمین جارە کورد لەگەڵ بەغدا و سەرۆکوەزیرانی عێراق بە نووسین کار بکات. لە پێشتردا شتەکان زارەکی و بە قسە بوون، بەڵام ئەمجارە خاڵەکانی رێککەوتن بە نووسین کراوە. ئەمە ئیلتیزامێکە لەگەڵ عێراقدا. رێگرییەکانی بەردەم سوودانی لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی ئەم خاڵانەدا؟ دەبێت بتوانێت لە ماوەی شەش مانگدا گۆڕانکاری لە عێراقدا بکات لە رووی ئابووری و خزمەتگوزاری و ئیمتیازاتەکانی تایبەت بە خەڵکی عێراق، هەروەها ئەو پارە زۆری ئێستا لە عێراق کەڵەکە بووە دەبێت دابەشی بکات بەسەر پارێزگاکان و لەنێویشیاندا هەرێمی کوردستان".
سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، محەمەد حاجی مەحمود لەبارەی خاڵەکانی رێککەوتنی نێوان کورد و حکوومەتی عێراق ئاشکرای کرد "خاڵەکانی رێککەوتنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ سوودانی پەیوەندی بە بەشەبوودجەی کوردستان، هێزی پێشمەرگە و ماددەی ١٤٠ەوە هەیە. سوودانی بەر لەوەی رێککەوتنەکە بکات رای وابووە کە بابەتی پارە و بوودجەی هەرێمی کوردستان چارەسەر دەکات، چونکە دەڵێت ئەو نەوتەی دەفرۆشرێت پارەکەی دێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان و ناڕواتە دەرەوە، کەواتە بۆتان چارەسەر دەکەین. بەرلە رێککەوتنە نووسراوەکەشیان بەڵێنی ئەوەی داوە، بەڵام پێویستە ئێستا کورد پێ لەسەر ئەو خاڵانە دابگرێت، پێویستە شاندی کوردی لە بەغدا بێت و لەوێ نەیەتەوە و نوێنەرایەتی دابنێت تاکو لە ماوەی شەش مانگ بۆ کەمتر لە ساڵێک خاڵەکان جێبەجێ بکات".
محەمەد حاجی مەحمود سەبارەت کۆسپ و تەگەرەکانی بەردەم سەرۆکوەزیرانی عێراق، گوتی: "سوودانی ئێستایش ترسی لە سەدر هەیە. ئەگەر لە ماوەی نزیکەی شەش مانگدا نەتوانێت ٧٥ تاکو ١٠٠ هەزار کەس لە دەرچووی پەیمانگا و زانکۆکان دابمەزرێنێت، یان لە هەموو پارێزگاکان کاری خزمەتگوزاری دەست پێ نەکات و ئەو پارەیەی هەیە دابەشی نەکات بەسەر پارێزگاکاندا و دابەشی سەر حزبەکانی بکات، ئەوکات سەدر دێتەوە سەر شەقام، بەڵام ئەگەر هەموو ئەم کارانەی کرد، ئەوکات سەدر خەڵکە رەشوڕووتەکەی بەدەستەوە نامێنێت و خەڵک نایەتە سەر جادە. لە ئەگەری ئەوەی سەدر رێگری لە حکوومەتەکەی بکات، سوودانی ناتوانێت بەردەوام بێت لەکاتێکدا ملیۆنێک کەس لەسەر جادە بن".
- ساڵی ٢٠٢٣ ساڵێکی پڕ ململانێ دەبێت لە ناوچەکە و جیهان و ئەگەری هەیە بەرەو جەنگی جیهانی سێیەم پەل بکێشێت
سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، محەمەد حاجی مەحمود پێشبینی ئەوەی کرد کە ساڵی ٢٠٢٣ ساڵێکی پڕ ململانێ و گرفت و کێشە دەبێت لە هەرێمی کوردستان، عێراق، ناوچەکە و جیهان و گوتی: "پێموایە ساڵی ٢٠٢٣ ساڵێکی پڕ ململانێ و گرفت و کێشە دەبێت لە هەرێمی کوردستان، عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها جیهانیش، چونکە جاران کێشە هەبوو لەنێوان وڵاتانی پەراوێزی وڵاتە گەورەکان، بۆ نموونە هەندێک وڵات سەربە رووسیا بوون، هەندێک سەربە ئەمریکا بوون، هەندێک سەربە چین بوون، یان سەربە فەڕەنسا یان بەریتانیا بوون. بەتایبەتی ئەو پێنج وڵاتەی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاساییشن و مافی ڤیتۆیان هەیە، بەڵام ئێستا کێشە لەنێوان خۆیاندا هەیە. واتە ئێستا کێشە لەنێوان رووسیا و ئەمریکا هەیە، کێشە لەنێوان چین و ئەمریکا هەیە، کێشە لەنێوان رووسیا و فەڕەنسا یان بەریتانیا هەیە. واتە ئێستا حاشییە نەماوە و کێشەکە گەیشتووەتە سەر خۆیان کە کێشەکان گەیشتنە سەر خۆیان، دونیایان لەبیر دەچێت کە ئەوان دونیایان لەبیرچوو، وڵاتانی دیکەیش بە ئارەزووی خۆیان هەڵسوکەوت دەکەن. جاران ئەگەر مووشەکێک لە بەغدا یان هەولێری بدایە، ئەمریکا دەهاتە سەر خەت و مووشەکێک دووانیشی دەتەقاند، بەڵام ئێستا ئەمریکا خواخوایەتی ئێران رێکبکەوێت لەگەڵیدا. ئەمریکا ئێستا خۆی کێشەی هەیە و خواخوایەتی وڵاتانی دیکە رێکبکەون لەگەڵیدا. لە دوای جەنگی رووسیا-ئۆکراینا دۆخی ئابووریی ئەمریکا خراپە. جەنگی رووسیا-ئۆکراینا درێژە دەکێشێت و لە بنەڕەتدا شەڕی سۆڤیەتیی پێشوو و ئەمریکایە. شەڕی رۆژئاوا و ئەورووپای شەرقی و ئەورووپای غەربییە، بەڵام بە جۆرێکی دیکەیە. دۆخی سووتەمەنی و نەوت لە ئەورووپا زۆر خراپە و ئەمریکا خۆی ئەوەی ویستووە، چونکە وڵاتانی ئەورووپا دەیانویست لەژێر دەستی ئەمریکا دەربێن. ئەورووپا کۆمەڵێک تایبەتمەندی و سەربەخۆیی بۆ خۆی دروست کردبوو، بەڵام ئەمریکا ئەمەی نەدەویست، چونکە بەهای یورۆ سەرتر بوو لە بەهای دۆلار، بۆیە بە بڕوای من، ئەمریکا بوو کە داوای لە بەریتانیا کرد لە یەکێتیی ئەورووپا بکێشتەوە بۆ لاوازکردنی یەکێتییە و پاشانیش ئەم شەڕەیان بۆ دروست کردن، بۆ نموونە وڵاتێکی وەکو سوید لە هەردوو جەنگی جیهانیی یەکەم و دووەمدا بەشداری نەکردووە و ٢٠٠ ساڵە شەڕی نەدیوە، بەڵام چی وای کردووە ئەو وڵاتە زەندەقی بچێت و خۆی بکات بەناو پەیمانی ناتۆدا و لەسەدا ٢٠ی چەک و پارەکەیشی رادەستی ناتۆ بکات؟ ئێستا ئەورووپا سەربەخۆیی خۆی لەدەست داوە و خۆیان داوە بە دەست ئەمریکاوە. ئەمریکا ئەوەی ویستی کردوویەتی، ئەورووپای رادەست بووە و بیر لەوە ناکاتەوە ململانێ لەگەڵ ئەمریکادا بکات. لەڕووی ئابوورییەوە هەندێک جار دۆلار پێش یورۆ کەوتووە. ئەورووپا لە هەموو رووەکانەوە خۆی رادەستی ئەمریکا کردووە. بابەتی جەنگی رووسیا-ئۆکراینایش درێژە دەکێشێت و لەئێستاشدا بەرەکان دیارن، کۆماری ئیسلامیی ئێران و رووسیا، چین لەگەڵ سعوودیە و هەندێک لە وڵاتانی عەرەبی ڕێککەوتنی کردووە، بەڵام دیارە کە ئەم بەرانە بەرەو کوێ مل دەکێشن، ئەمانە هەمووی ململانێکانی ساڵی ٢٠٢٣ دەبن. ئەو ململانێیانەیش کاریگەرییان لەسەر شوێنەکانی دیکە دەبێت. چۆن لە ئوسترالیا کەنگارۆێک بمرێت گۆشت لە سلێمانی و هەولێر گران دەبێت، چۆن لە ئۆکراینا شەڕ دەبێت لێرە لە (هەرێمی )کوردستان رۆن و شتی دیکەیش گران دەبێت، بەو شێوەیەش ململانێکانی ئەو وڵاتانە کاریگەرییان لەسەر هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە هەیە. ترس و دوودڵی و راڕاییەکیش لە ئەمریکا و ئەورووپا و وڵاتانی تریش دروست بووە کە بەرەو جەنگی جیهانی سێیەم دەڕۆین، ئەگەرچی جەنگی جیهانی سێیەم نییە، بەڵام ئەو جەنگەی لەنێوان رووسیا و ئۆکراینا و ئەورووپا هەیە جۆرێکە لەو جەنگە".
سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، محەمەد حاجی مەحمود: "لە ئەگەری بەردەوامی ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی و یەکنەگرتنی هێزی پێشمەرگە، هەڵوێستی هاوپەیمانان کە مەشق بە هێزەکان دەکەن و بوودجەیان بۆ تەرخان دەکەن، رەنگە گۆڕانکاری بەسەردا بێت".
news_share_descriptionsubscription_contact

