عێراق

"لە ئەگەری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاودا پێویستە زانکۆکان سەرپشک بکرێن بۆ بڕیاردان لەسەر خوێندن"

سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە، دکتۆر مهاباد کامل: "لە ئەگەری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاودا، واباشترە دەسەڵات بدرێتە زانکۆکان بەشێوەیەکی سەربەخۆ بڕیاربدەن لەسەر بەردەوام بوون یان راگرتنی خوێندن".

Rewa Mahmood Hasan  | 24.02.2021 - نوێکردنەوە : 27.02.2021
"لە ئەگەری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاودا پێویستە زانکۆکان سەرپشک بکرێن بۆ بڕیاردان لەسەر خوێندن"

As Sulaymaniyah

هەڵەبجە -AA

سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە، دکتۆر مهاباد کامل رایگەیاند کە لە ئەگەری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاودا، واباشترە دەسەڵات بدرێت بە زانکۆکان بەشێوەیەکی سەربەخۆ بڕیاربدەن لەسەر بەردەوام بوون یان راگرتنی خوێندن.

ئاژانسی ئانادۆڵو هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە، دکتۆر مهاباد کامل ئەنجامدا و وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.

دکتۆر مهاباد کامل لەبارەی رەوشی خوێندنی زانکۆی هەڵەبجە رایگەیاند کە خوێندن لە زانکۆکەیان دوا نەکەوتووە، بەڵکو لە هەندێک شوێندا پێشکەوتوون لە چاو ساڵانی رابردوودا و گوتی: ''ئێمە لەو زانکۆیانە بووین کە بۆ یەکەمجار سەرجەم بەشە ناوخۆییەکانمان بەڕووی خۆێندکاراندا کردەوە و دەوامی ئاساییمان دەستپێکردەوە، ئەمە ژینگەیەکی وای بۆ خوێندکار خوڵقاند کە بەئاسانی بتوانێت بەردەوام بێت لە خوێندن، بۆیە دەتوانم بڵێم کە زانکۆی هەڵەبجە دوانەکەوتووە و هەموو قۆناغەکانی خوێندنی بڕیوە و بەپێی ئەو ساڵنامەیەی کە دیاریی کرابوو، پرۆسەی خوێندن بەڕێوەدەچێت".

سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە، دکتۆر مهاباد کامل سەبارەت ئەگەری راگرتنی پرۆسەی خوێندن لە ئەگەری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاودا ئاماژەی بەوە کرد کە ئامادەکاری دەبێت بکرێت کە هەندێکیان پەیوەستن بە دەسەڵاتی کارگێری و دارایی زانکۆکانەوە، بەڵام بەشی زۆری ئەرکەکە دەکەوێتە سەر خوێندکاران، واباشترە پەنجە لەگەڵ دۆخەکەدا نەرم بکەن و گوتی: ''ئێمەش وەک زانکۆ دەستدەکەینەوە بە سیستەمی خوێندنی ئاوێتە، بەجۆرێک نە کاری خوێندکاران بوەستێت، نە مامۆستا، هاوکات تەندروستی هەموولایەک سەلامەت بێت و قەیرانەکە تێپەڕێنین، بەتایبەت کە ساڵی رابردوو ئەزموونێکمان پەیدا کردووە و وەزارەتی خوێندنی باڵا لەو بارەیەوە بڕیاری دروستیدا".

دکتۆر مهاباد کامل وەک پێشنیاز رایگەیاند کە لە ئەگەری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاودا واباشترە دەسەڵات بدرێت بە زانکۆکان کە بەشێوەیەکی سەربەخۆ بڕیاربدەن لەسەر راگرتنی، یان ئاوێتەکردن و بەردەوام بوون لە خوێندن، چونکە پێشتر بینرا هەر شارە و تایبەتمەندی خۆی هەبوو لەکاتی بڵاوبوونەوەی پەتاکەدا و لە هەندێک شوێن هەندێک کات زۆرتر بوو لە کاتێکدا لە شوێنێکی تر هیچ حاڵەتی تیادا تۆمار نەکرابوو.

سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە، دکتۆر مهاباد کامل ئاماژە بەوە دەکات کە زانکۆکەیان پێشەنگ بووە لە بڵاوکردنەوەی چەندین توێژینەوە تایبەت بە کۆرۆنا و گوتی: "ئێمە لە پارەوە یەکەم کۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرۆک بەش و مامۆستایاندا ئەنجامدا و پێمان راگەیاندن کە خۆیان ئامادە بکەن بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی زیاتر لەسەر کۆرۆنا. پارساڵ چەندین توێژینەوەمان لەسەر کۆرۆنا و سۆشیال میدیا، خەڵک و کۆرۆنا، لەم رۆژانەی رابردووشدا مامۆستا ئاکۆ لە بەشی بازرگانی توێژینەوەیەکی لە گۆڤارێکی کەنەدی-دا بڵاوکردووەتەوە لەسەر ئابووری کۆرۆنا، بەناوی ئابووریی و کۆرۆنا، ئێمەش بەپێی توانا هەوڵمانداوە بەپێی ئەو توانایەی هەمانە، دانەبڕێین لە کۆمەڵگا، چونکە کاتێک کۆرۆنا هاتە نێو هەموو جومگەکانی کۆمەڵگاوە، ئێمەش دەبێت لە توێژینەوەکاندا کاری لەسەر بکەین".

دکتۆر مهاباد کامل پێی وایە کە دەبێت لەسەر سەرجەم تەوەرکان کار لەسەر کۆرۆنا بکرێت و گوتی: "بۆ نموونە لە رووی زمانەوانیشەوە دەکرێت کاری لەسەر بکرێت، هەیە پێی دەڵێت کۆرۆنا، کۆڤید-١٩، کۆڤد-٢٠ یاخود کۆرۆنای نوێ، ئەمانە دەستە وشەیەکی تازەن هاتوونەتە نێو زمانەوە بۆیە لە سەرجەم بوارەکاندا لە بواری کۆمەڵایەتییەوە دەبێت کاری لەسەر بکرێت، ئێستا تۆ ئەگەر یەکێکت خۆشبوێت دەبێت لەکاتی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنادا خۆتی لێبەدووربگریت، بۆئەوەی پارێزراوبێت، لەکاتێکدا ئێمە پێشتر گرنگیمان بەهەرکەسێک بدایە دەچووین سەردانیمان دەکرد. ئێمە بە ناچاری وامان لێهاتووە لە خەمی کەسوکارمان، لێیان داببڕێین. کۆرۆنا کاری زۆری کردووەتە سەر لایەنی ئابووریی، سیاسیی، کۆمەڵایەتیی و چەندین بواری تر، بۆیە هیوادارم کە کۆرۆنا ببێتە مێژوو، نەوەکان ساڵ لەدوای ساڵ بۆ دوای خۆیان باسی لێوەبکەن".


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın