19 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 19 تەمووز 2020
بەغدا ــ AA
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی لە عێراق رایگەیاند کە لێكۆڵینەوە لە كوژرانی جێگری دەستەی حەشدی شەعبی، ئەبومەهدی موهەندیس و فەرماندەی فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسداران، قاسم سولەیمانی بەردەوامە.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی لە عێراق لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە داوە كە هەر لە سەرەتاوە لێكۆڵینەوە لە رووداوەكەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا دەستی پێ كراوە، چونكە رووداوەكە لەسەر خاكی عێراق روویداوە و ژمارەیەك لەو كەسانەیش كە لە رووداوەكەدا كوژراون، عێراقی-ن.
لە راگەیەندراوەكەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی لە عێراق هاتووە "لێكۆڵینەوە لەو رووداوە لەسەر بنەمای یاسایی و بنەمەكانی دادگای تاوانەكانی عێراق و لە شوێنی رووداوەكە و وەرگرتنی گوتەی دادخوازان و نوێنەری یاسایی باڵیۆزخانەی ئێران و ئاراستەكردنی بۆ وەزارەتی دەرەوەی عێراق و ئەمیندارییەتی ئەنجوومەنی وەزیران سەبارەت بە وردەكاریی دیكەی پەیوەست بە رووداوەكە، ئەنجامدراوە".
ئەوەیش روونكراوەتەوە كە بەپێی یاساکانی عێراق، لێكۆڵینەوە لە كوژرانی ئەبو مەهدی موهەندیس و قاسم سولەیمانی بەردەوامە.
لە سێی كانوونی دووەمی رابردوودا، جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، ئەبو مەهدی موهەندیس و فەرماندەی فەیلەقی قودس، قاسم سولەیمانی لە بۆردومانێكی فڕۆكەیەکی جەنگیی بێفڕۆکەوانی ئەمریكا لە بەغدا كوژران.
ئەم پێشهاتەیش هاوكاتە لەگەڵ ئەو سەردانەی كە ئەمڕۆ یەكشەممە وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف بۆ بەغدا ئەنجامی دەدات كە لە میانیدا لەگەڵ گەورە بەرپرسانی عێراق كۆدەبێتەوە لەنێویاندا سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی، فایق زێدان.