لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا کۆدەبێتەوە
- ماوەی چەند رۆژێکە ژمارەی حاڵەتەکانی تووشبوون و گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا بەرزبووەتەوە و بۆ ئەم مەبەستەش ئەمڕۆ دووشەممە، لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆدەبێتەوە و پێشبینی دەکرێت چەند بڕیارێک دەربکات.
Arbil
هەولێر - AA
کاتژمێر ١١:٠٠ی ئەمڕۆ دووشەممە، لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بە سەرۆکایەتی وەزیری ناوخۆ لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، رێبەر ئەحمەد و بەئامادەبوونی وەزیر و بەرپرسانی پەیوەندیدار بە پرسەکە کۆدەبێتەوە و لە چوارچێوەی راپۆرتی وەزارەتی تەندروستی بڕیاری پێویست دەدرێت.
ماوەی چەند رۆژێکە ژمارەی حاڵەتەکانی تووشبوون و گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا بەرزبووەتەوە و بۆ ئەم مەبەستەش ئەمڕۆ دووشەممە، لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆدەبێتەوە و پێشبینی دەکرێت چەند بڕیارێک دەربکات.
بەپێی ئامارێکی وەزارەتی تەندروستی ھەرێمی کوردستان، ئەم ھەفتەیە بەراورد بە ھەفتەی رابردوو، رێژەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا سەدا پێنج بەرزبووەتەوە و ئەمەش بووەتە ھۆکار کە ئەمڕۆ لیژنەکە کۆببێتەوە و بڕیاری پێویست لەمبارەیەوە بدات.
جگە لە تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، پەتای وەرزی لە ناوەندەکانی خوێندن تەشەنەی سەندووە کە نیشانەکانی نزیکن لەگەڵ تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئەمەش وایکردووە کە رێژەی پشکنین لە تاقیگەکانی ھەرێمی کوردستان بەرزبێتەوە، ھاوکات رێژەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆناش بەرزترە لە لە چەند ھەفتەی رابردوودا.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی ھەرێمی کوردستان، تا دوێنێ یەکشەممە ٢٤ی ١٠ی ٢٠٢١ لە ھەرێمی کوردستان، ٣٥٦ ھەزار و ٦١١ تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراون و لەو ژمارەیەش شەش ھەزار و ٢٨٥ کەس گیانیان لەدەستداوە.