Zana Natık Kerem
18 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 19 کانوونی یەکەم 2022
ھەولێر – AA
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، لیوا یەحیا رەسوڵ رایگەیاند لە ئاکامی ئەو تەقینەوەیەی کە ھێزەکانی پۆلیسی فیدراڵیی لە پارێزگای کەرکووک کردە ئامانج، ئەفسەرێک بە پلەی رائید و ژمارەیەک پۆلیس کوژراون.
لیوا یەحیا رەسوڵ لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە بۆمبێکی چێنراو لە گوندی عەلی سوڵتان سەربە ناحیەی ریاز باشووری رۆژئاوای پارێزگای بە کاروانێکی ھێزەکانی پۆلیسی فیدراڵییدا تەقیوەتەوە.
راشیگەیاندووە کە لە ئاکامی تەقینەوەکەدا، ئەفسەرێکی پۆلیسی فیدراڵیی بە پلەی رائید و ژمارەیەک پۆلیس کوژراون.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە سەرۆکوەزیران و فەرماندەیی گشتیی ھێزە چەکدارەکان، محەمەد شیاع سوودانی دوای ئەوەی زانیاری لەبارەی رووداوەکەوە پێدرا، فەرمانی دا بە راوەدوونانی ئەو تیرۆریستانەی کە تەقینەوەکەیان ئەنجامداوە.
لیوا یەحیا رەسوڵ راشیگەیاند کە فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکان فەرمانی کردووە، لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە پەلامارە تیرۆریستییەکە پێکبھێندرێت.
پێشتر سەرچاوەیەکی ئەمنی لە کەرکووک رایگەیاندبوو، بۆمبیک کە لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە چێنراوبوو لە گوندی سەفرە سەربە قەزای حەویجە باشووری رۆژئاوای پارێزگای کەرکووک، بە کاروانێکی ھێزەکانی پۆلیسی فیدراڵییدا تەقیوەتەوە و لە ئاکامدا، ئەفسەرێکی پۆلیسی فیدراڵیی بە پلەی رائید و حەوت پۆلیسی دیکە کوژراون.