سياسەت, عێراق

لیزا فەلەکەدین کاکەیی: "جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە سستە و بەربەستی سیاسی هەیە"

لیزا فەلەکەدین کاکەیی: "وەزیری دارایی پێی راگەیاندین کە لە ٢٥ی ئەم مانگە مووچە لەکاتی خۆیدا دەدرێت و جارێکی دیکە ئەو کێشەیەی ئەم مانگە لە کاتی پێدانی مووچەدا دروست بوو دووبارە نابێتەوە، بەڵام وەڵامی ئەوەی نەداینەوە کەی لێبڕین کۆتایی دێت".

Hawkar Yaseen  | 14.06.2021 - نوێکردنەوە : 18.06.2021
لیزا فەلەکەدین کاکەیی: "جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە سستە و بەربەستی سیاسی هەیە"

Arbil

هەولێر - AA

لیژنەی دارایی و ئابووری پەرلەمانی کوردستان دەربارەی راپۆرتی دووەمی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی هەرێمی کوردستان، بانگهێشتی وەزیری دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاوات جەناب نوری و سەرۆکی لیژنەی باڵای چاکسازی حکوومەت عەبدولحەکیم خەسرۆ-ی کرد بۆ ئامادەبوون لە کۆبوونەوەیەکی لیژنەکە دەربارەی ئەو پرسی تایبەت بە هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لە هەرێمی کوردستان.

ئەندامی لیژنەی دارایی و ئابووری پەرلەمانی کوردستان، لیزا فەلەکەدین کاکەیی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەربارەی کۆبوونەوەکەیان رایگەیاند "تەوەری سەرەکی ئەم کۆبوونەوەیە لەسەر راپۆرتی دووەمی یاسای چاکسازی بوو، بەووردی باسمان لە هەنگاوەکانی حکوومەت کرد بۆ جێبەجێکردنی ئەو یاسایە، باسمان لەو داتایانەکرد کە لەناو راپۆرتەکەدا هەیە، هەندێک پرسیارمان کرد کە بۆچی هەندێک وەزارەت بەبەراورد لەگەڵ وەزارەتەکانی دیکە لە جێبەجێکردنی ئەم یاسایەدا کەمێک سستتن، هەرچەندە بە گشتی کاری باشیان کردووە بەڵام لە ئاست چاوەڕوانی ئێمەدا نییە".

دەربارەی ئەوەی کام وەزارەت لە هەموویان باشتر یاساکەی جێبەجێکردووە و لەکوێ کەموکوڕی هەیە، لیزا فەلەکەدین کاکەیی رایگەیاند "تاوەکو ئێستا وەزارەتی ناوخۆ هەنگاوی زۆر باشی بڕیوە لە پێداچوونەوەی دۆسیەی فەرمانبەرانیدا زۆر خێرایە، هەوڵدەدات و کارلەسەر چەند پەیڕەوێکی گرنگ دەکات بۆئەوەی بتوانێت ئەو نادادپەروەرییەی لە بابەتی پاسەوانان و هەندێ بابەتی دیکەدا هەیە نەیهێڵێت، وەزارەتی دیکەش هەن وەک وەزارەتی شەهیدان هەنگاوی باشی بڕیوە و وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتیش هەنگاوی باشیان ناوە، بەڵام هەندێک وەزارەت سستترن یەکێک لەو وەزارەتانەش کاروباری پێشمەرگەیە، کە زۆر باسی لێوە دەکرێت بەتایبەت یەکخستنەوەی یەکەی حسابی هێزەکانی ٧٠ و ٨٠، وەزیری دارایی باسی لەوەکرد هەندێک بەربەستی سیاسی و کێشەی تەکنیکی لەپشت ئەم بابەتەوە هەیە بەڵام سەرەڕای ئەوەش ئیرادەیەک بەدیدەکرێت کە ئەو یەکانە بڕیاریان داوە چۆن بتوانن بەزووترین کات پێداچوونەوە بە دۆسیەی کارمەندەکانی خۆیان بکەن جا چ مووچەخۆری سەربازی بێت یان مەدەنی، ئەو بەڵێنەمان وەرگرت کە بەزووترین کات ئەو پرسە چارە ببێت".

گوتیشی "پرسێکی دیکە بابەتی ئەو خاوەن کار و بەڵێندەرانەبوو کە کاتی خۆی قەرزیان لە حکومەت وەرگرتووە بۆ بابەتی وەبەرهێنان و دواتر لەگەڵ کۆی ئەو زیادەخستنەسەرانەی لەسەریان کۆبووەتەوە قەرزەکانیان نەداوەتەوە بە حکومەت، وەزیری دارایی پێی راگەیاندین کە فەرمانگەیەکی تایبەت بۆ ئەو پرسە دامەزراوە و پرۆسەکە بەڕێوە دەبات".

لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە تاوەکو ئێستا رێژەی چەندی یاسای چاکسازی جێبەجێکراوە و چەند داهات بۆ حکوومەت زیادبووە، لیزا فەلەکەدین کاکەیی رایگەیاند "لە کۆبوونەوەکەدا هەمان پرسیار لە وەزیری دارایی کرا بەڵام داتایەکی وردیان بە ئێمە نەدا بۆیە ئێستا باسی هەر داتەیەک بکەم دروست نییە، ئەو داتایانە لای حکوومەتە و دەبێت ئەوان بە فەرمی پێمان بدەن".

دەربارەی ئەوەی لێبڕینی مووچە تاوەکو کەی بەردەوام دەبێت، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان لیزا فەلەکەدین کاکەیی رایگەیاند "بەو هۆیەی تەوەری کۆبوونەوەکە لەسەر بابەتی یاسای چاکسازی بوو نەمانتوانی لە تەوەرەکە دەربچین، چەند پرسیارێک لەدەرەوەی تەوەرە سەرەکییەکە ئاراستەی وەزیر کرا بەڵام هەندێکیان وەڵام نەدرانەوە ئەو پرسەش یەکێک بوو لەوانەی وەڵام نەدرایەوە، تەنیا ئەوەندەی بۆ روونکردینەوە کە لە ٢٥ی ئەم مانگە مووچە لەکاتی خۆیدا دەدرێت و جارێکی دیکە ئەو کێشەیەی ئەم مانگە لە کاتی پێدانی مووچەدا دروست بوو دووبارە نابێتەوە".


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن