عێراق

"له‌ ئاینده‌دا خەڵك بە ھۆی نەمانی ئاو و رووبەری سەوزایی و گرفتە ژینگەییەکانەوە کۆچ دەکەن"

سەرۆکی دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان، عەبدولرەحمان سدیق: "رۆژگارێک دێت کە خەڵکێک بە ھۆی نەمانی ئاو و رووبەری سەوزایی و گرفتە ژینگەییەکانەوە کۆچ دەکەن".

Abdulhameed Husseın Karam  | 01.07.2022 - نوێکردنەوە : 06.07.2022
"له‌ ئاینده‌دا خەڵك بە ھۆی نەمانی ئاو و رووبەری سەوزایی و گرفتە ژینگەییەکانەوە کۆچ دەکەن"

Arbil

ھەولێر - AA عبدالحمید حسێن

سەرۆکی دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان، عەبدولرەحمان سدیق ئاشكرایكرد، پرسی وشکەساڵی ھەنگاوی پێش بەبیابانبوونە و پێویستی بەوه‌یە کە لە ئاستی فەرمی دەوڵەتدا رابگەیەندرێت و دەشڵێت، "لەسەدا ٨٥ی ئاوی ھاتوو بۆ نێو عێراق بۆ کشتوکاڵ بەکاردەھێندرێت، كه‌ دەکاتە ٣٥ ملیار مەتر سێجا و رێژەیەکی ئێجگار زۆرە کە کشتوکاڵی ئێمە دەیبات، لەبەر ئەوە پێویستە کشتوکاڵ بە دڵۆپاندن و رشاندن بکرێت".

سەرۆکی دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان، عەبدولرەحمان سدیق لە ھەڤپەیڤینێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لە پرسی وشکەساڵی و بەبیابانبوون و پرسی دیکەی پەیوەست بە گۆڕانی كه‌شوهه‌وا کرد.

- هۆكاره‌كانی وشكه‌ساڵی و هەنگاوەکانی بەرەنگاربوونەوەی

عەبدولڕەحمان سدیق لەسەرەتای دیمانەکەیدا لەبارەی ھۆکارەکانی وشکەساڵییەوە قسەی کرد و گوتی: "کەمبوونەوەی رێژەی بارانبارین کە ئەویش بێگومان لە دوو ساڵی پێشوودا کەم بۆتەوە و هەروەها بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، سێیەمیش لە دەستدانی رووپۆشی رووەکی زەوی، چوارەمیان زیادبوونی رووبەری وشکانی ئەویش ماوە ماوە زیاد دەکات و دەکشێتەوە".

سەرۆکی دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی رابردوودا، لیژنه‌یه‌كی بەناوی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵی پێکھێناوە و گوتی: "ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە ئێمە لە ساڵی رابردووەوە، چووینەتە قۆناغی ئامادەکاری بۆ وشکەساڵی. ئەو لیژنە باڵایە پێکھاتووە لە جێگری سەرۆکوەزیران، سەرۆکی بۆردی باڵای بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵی، وەزیری کشتوکاڵ، سەرۆکی دەستەی ژینگە، فەرمانگەی کەشناسی، وەزارتی شارەوانی ھەروەھا ھەر چوار پارێزگارەکەی ھەرێمی کوردستان و سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆکان، ئەو بۆردە بوودجەش بۆ ئەو ناوچانەی کە دووچاری وشکەساڵی بوون (باشوور و رۆژئاوای ھەولێر، باشووری دھۆک، گەرمیان) تەرخان دەکات".

عەبدولرەحمان سدیق بە پێویستی دەزانێت کە زیاتر لە ئاوی ژێر زەوی، سوود لە ئاوی سەر زەوی وەربگیرێت و ئەو بە یەکەم ھەنگاوی رووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی ناو برد و گوتی: "راگرتنی بیرھەڵکەندن یەکەم هەنگاو بێت و دووەم ھەنگاویش پرسی پشتێنەی سەوزە دەبێت (بە دەوری شارەکاندا)".

گوتیشی: "لە ئێستادا ٢٠ راسپاردە بۆ بەرەنگاربوونەوەی بەبیابانبوون و وشکەساڵی نێردراوه‌ بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەوەی بەسەر وەزارەتەکاندا دابەشی بکات کە ھەر وەزارەتێک چ ئەرکێک دەکەوێتە ئه‌ستۆی".

لەبارەی راگەیاندنی وشکەساڵی لە چەند ناوچەیەکی ھەرێمی کوردستان، عەبدولرەحمان سدیق رایگه‌یاند: "وەزارەتی کشتۆکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوى عێراقى رایگەیاندووە کە رێژەی بەبیابانبوون لە عێراق گەیشتووەتە ٣٩ لەسەدا و ئەو رێژەیە کاریگەری لەسەر ئێمەش دەبێت لە ناوچەکانی باشووری ھەرێمی کوردستان و بەشێک لە كاریگه‌ریی بەبیابانبوون و وشکەساڵی دەرکەوتووە وەکو باشووری و رۆژئاوای ھەولێر، گەرمیان بە شێوازێکی سەرەکی و باشووری دھۆکیش".

عه‌بدولره‌حمان سدیق ئاماژەی بەوە کرد وەک دەستەیەکی چاودێر بەدواداچوون بۆ چارەسەری ئەو وشکەساڵییە دەکەن کە ئێستا لە گەرمیان ھەیە و لەم بارەیەوە چەند وەزارەتێک راسپێردراون.

بە بۆچوونی سەرۆکی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، "یەکەم ھەنگاو، ئەوەیە کە کشتوکاڵ تا بکرێت لەو جۆرە بێت کە ئاوی کەمی بیەوێت یان کەم بکرێتەوە بۆ نموونە لە عێراق لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵیدا لەسەدا ٥٠ی کشتوکاڵ راگیراوە لە ھەندێک شوێن وەکو دیالە و به‌عقوبه‌، ئێمەش لە ھەرێمی کوردستان لەو ناوچانەی بە پلەی یەکەم جۆرێك کشتوکاڵ بکرێت کە ئاوی کەمی بوێت".

عەبدولرەحمان سدیق لەوبارەیه‌وە زیاتر دوا و گوتی: "دووەم ھەنگاو راگرتنی ھەڵکەندنی بیر و سێیەم چۆنیەتی بیرکردنەوەیه‌ لە ھێنانی لقێک لە لقەکانی ئەو رووبارانەی لە نزیک شارەکانن. لە ئێستادا بیر لەو دەکرێتەوە لە ناوچەکانی دیالە و خوارووی عێراق چۆن سوود لە زێی بچووک وەربگرن. لە ھەولێر بیر لەوە دەکرێتەوە چون لقێک لە زێی گەورە بێنین بۆ باشوور و رۆژئاوای ھەولێر. خالێکی دیکە زیادکردنی رووبەری سەوزاییە، ئێمە بە شێوازی زانستی جۆرێک لە درەخت ھەڵبژێرین کە بەرگەی ئەو شوێنە بگرێت و ئاوێکی کەمیش بوێت".

- مەترسی بە بیابانبوون لە عێراق

گوتیشی: "جیاوازی نێوان بیابان و بەبیابانبوون ئەوەیە کە لە وڵاتان ھەر بیابانیان ھەبووە بە شێوازێکی سروشتی، بەڵام بەبیابانبوون ئەوەیە کە زەویەک پێشتر زەویەکی کشتوکاڵی و بە پیت بووە و دواتر رووپۆشەکەی لەدەستداوە و بۆندی نێوان گەردیلەکانی لەیەکتر ترازاوە و بووەتە ساند و لم و زیخ. لە ئێستادا، پێویستە ئێمە کشتوکاڵ بکەین، بەڵام بە شێوازی جاران نەبێت بۆ ئەم سەردەمە کشتوکاڵی زیرەک پێویستە لە بەر ئەوەی ئێمە کشتوکاڵمان ھی سەردەمی سۆمەرییەکانە بەشی زۆری ئاوەکە بەھەدەر دەچێت وەک ئەوەی کە چەندین ساڵە رووباری دیجلە بۆ عێراق ھاتووە سوودی لێ وەرنەگرتووە".

سەرۆکی دەستی ژینگە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە ئەزموونی سەرکەوتووی تورکیا لە بواری کشتوکاڵ و ئاودێری دا و گوتی: "تورکیا بە عێراق دەڵێت، گرەنتی ئەوە ده‌ده‌م، ئەو ئاوەی بە ھۆی بەنداوەکانه‌وه‌ کەم بووەتەوە بۆ سەدا ٥٠ی جاران، بەشتان بکات لەبەر ئەوەی ئێوە لە عێراق خراپ ئیدارەدانی ئاوتان ھەیە. ھەر بۆیە تورکیا دەیەوێت سەنتەرێکی چۆنیەتی ئیدارەدانی ئاو بۆ عێراق دروست بکات".

گوتیشی: "ھەر بە پێی داتا فەرمییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقی نزیکەی لەسەدا ٨٥ی ئاوی ھاتوو بۆ نێو عێراق بۆ کشتوکاڵ بەکاردەھێندرێت، كه‌ دەکاتە ٣٥ ملیار مەتر سێجا و رێژەیەکی ئێجگار زۆرە کە کشتوکاڵی ئێمە دەیبات، لەبەر ئەوە پێویستە کشتوکاڵ بە دڵۆپاندن و رشاندن بکرێت".

عەبدولرەحمان سدیق گوتیشی، "ھەر ١٠ کیلۆگرام برنج ٨٠ ھەزار لیتر ئاوی پێویستە، بۆیە وڵاتانی ئیمارات، سعوودیە و سوودان'ی بۆ رێگری کردن لە کەمتر بەکارهێنانی ئاو ناچار بوون زەوی بەکرێ بگرن بۆ کشتوکاڵ".

سەرۆکی دەستەی ژینگە نموونەیەکی دیکەی وڵاتانی جیهان باس دەکات بۆ ئەم مەبەستە و دەڵێت، "لە وڵاتی چین کە رووبەرێکی ئێجگار زۆریان ھەیە لە باکوور تا رۆژھەڵات و رۆژئاوای وڵاته‌كه‌، بیابانه‌. دەبێت سوود لەو ئەزموونە وەربگرین کە ئەوان چۆن گۆڕیویانە. لە ھەمان کاتدا ژینگە لەسەر دوو خاڵ کار دەکات ھۆشیاری و یاسا. ھۆشیاری بۆ کەسی تێگەیشتووە و یاسا بۆ کەسە لاسارەکانە".

گوتیشی: "خاڵێکی دیکی تەکنەلۆجیای نوێیە کە رێگە چارەیەکمان بۆ دەدۆزێتەوە هێنده‌ی ھۆشیاری و یاسا خزمەتمان دەکات. ھەر بۆیەش ئەگەر چین توانی بەسەر بەبیابانبووندا زاڵ بێت، ئێمە ئەزموونەکێمان ھەیە، عێراق و ھەرێم دەوڵەمەندن، دەتوانن تەکنەلۆجیای نوێ بێنن و سوود لە وڵاتانی دەوروبەر وەربگرن بۆ ئەو کێشەیە".

- "ئاشتی نێوان وڵاتان بە ھۆی ئاوەوە دەبێت"

عه‌بدولره‌حمان سدیق لەبارەی کۆکردنەوەی ئاوی بارانیشه‌وه‌ دوا و گوتی: "ئێمە سەرچاوەی زۆری ئاومان ھەیە، بەڵام ساڵانە کۆمان نەکردووەتەوە پێویستیمان بەوە ھەیە ئەو ژمارە زۆرە بەنداوەی ھەرێم (١٥یان چوونەتە بواری جێبەجێکردن) بەنداوی بچووک و پۆند (بچوکتر لە بەنداو) دروست بکرێت کە ئاوی ژێر زەویش زۆر ببێت".

گوتیشی: "ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە کوالیتی ئاوەکەیە و ئاو کۆبکرێتەوە و ئیدارەدانێکی زیرەکانە ھەبێت لە بەکارھێنانی بە جۆرێک بۆ ماڵانیش بە ھەدەر نەدرێت کە لە ئێستادا ھەر تاکێکی ئێمە ٣٥٠ بۆ ٤٠٠ لیتر ئاو بەکار دەھێنێت، ئەویش لە سەدا ٨٠ی بەھەده‌ر ده‌ڕوات و ریسایکڵیش نابێتەوە. تەنھا سەدا ١٥ بۆ ٢٠ سوودی راستەوخۆی لێ وەردەگیرێت. بەو شێوازە نابێت و پێویستیمان بە سیاسەتێکی نوێی ئیدارەدانی ئاو ھەیە".

زۆرجار باس لەوە دەکرێت کە شەڕی داھاتوو لە نێوان وڵاتان لە سەر پرسی ئاو دەبێت، له‌وباره‌یه‌وه‌ سەرۆکی دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان بە بێچەوانەی ئەو گوتەیە دەڵێت، "با نەڵێین شەڕی داھاتوو لە نێوان وڵاتان لە سەر پرسی ئاو دەبێت بەڵکو بڵێین، ئاشتی نێوان وڵاتان بە ھۆی ئاوەوە دەبێت، ئەویش ھاوکێشەکە وایە، بۆ نموونە تورکیا پێویستی بە نەوتە و عێراقیش پێویستی بە ئاو ھەیە، وەک زەمانی پێش داھێنانی پارە ئاڵوگۆر دەبێت لە نێوان وڵاتان و دەتوانین جۆری بیرکردنەوەمان بگۆرین لە بەرەنگار بوونەوەی وشکەساڵی و بەبیابانبوون. یەکێک لە باشییەکانی وشکەساڵی ئەوەیە کە دەمانخەتە بیرکردنەوەی ئه‌وه‌ی چۆن زاڵ بین بەسەر ئەو گرفتەدا و چارەسەری بکەین، بەم شێوازە دەتوانین ئێمە ھەڕەشەکان بگۆڕین بۆ دەرفەت. مەوڵانای روومی دەڵێت 'نەخۆشی خراپە بەڵام یەکێک لە باشییەکانی نەخۆشی ئەوەیە کە دکتۆری زیرەک بۆمان دەردەخات'، یەکێک لە باشییەکانی وشکەساڵی ئەوەیە کە دەمانخەتە سەر بیرکردنەوە چوون ئێمە ئەو کەسە باشە بین زاڵ بین بەسەر ئەو گرفتە و چارەسەری بکەین بەم شێوازە دەتوانین ئێمە ھەڕەشەکان بگۆرین بۆ دەرفەت".

سەرۆکی دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان، عەبدولرەحمان سدیق لەبارەی ناوچە سرووشتییەکانی لە هەرێمی کوردستان و گرنگی و کاریگەرییان لەسەر کەمکردنەوەی وشکەساڵی، گوتی: "٨٢ ناوچە لە عێراقدا ھەن، پێیان دەگوترێت پارێزراوی سرووشتیی، ئەوانە تا ھەبن لە دژی وشکەساڵی دەتوانین کاری لەسەر بکەین لەو ژمارەیەش ٤٤یان لە ھەرێمی کوردستانن بە جۆرێک یەکێتی جیھانی پاراستنی سرووشت چواری دەستنیشانکردووە کە ئیشی لەسەر بکرێت كه‌ بریتین له‌ هه‌ریه‌ك له‌ ناوچەی بارزان، ھەڵگورد/سەکران، پیرەمەگروون و قۆپی قەرەداغ".

- كاریگه‌ریی جه‌نگ و كۆچ له‌سه‌ر ژینگه‌

سەرۆکی دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان، عەبدولرەحمان سدیق لەبارەی جەنگ و کاریگەرییەکانی لەسەر ژینگە رایگه‌یاند: "بۆ پرسی ژینگە نابێت دوژمنمان ھەبێت، ھەموو کەسێک دەبێت دۆست بێت و ژینگە کۆمان بکاتەوە. جەنگ دوژمنی سەرەکی ژینگەیە. بە ھەڵگیرسانی جەنگی رووسیا و ئۆکراینا ئێستا پەرلەمانی ھۆلەندا، نەمسا و ئەڵمانیا بریاریان داوە بگەڕێنەوە بۆ خه‌ڵوزی بەردین، ئەوەش ژینگە پیس دەکات، کەواتە شەڕ دەبێتە مایەی پیسبوونی ژینگە و ئێمە پێویستیمان بە ئاشتییە".

عەبدولرەحمان سدیق باسی لە چەمکی "ئاوارەی ژینگە" کرد و گوتی: "رەنگە لە ساڵانی داهاتوودا خەڵکانێک هەر لە ناوخۆی عێراق بە هۆی دۆخی ژینگەییەوە لە شوێنی خۆیان ئاوارە بن و گوتی: "ھاووڵاتییانی عێراق لە ساڵانی رابردوودا بەھۆی پرسی ئاسایشه‌وه‌ پەنایان بۆ ھەرێمی کوردستان ھێناوە بەڵام ئەوە ده‌ڵێم رۆژگارێک دێت کە خەڵکێک بە ھۆی نەمانی ئاو و رووبەری سەوزایی و گرفتە ژینگەییەکانەوە کۆچ دەکەن. ئێستا دەتوانین بڵێن ئەگەر بارودۆخ بەم شێوازە بڕوا، باشوور و ناوەڕاستی عێراق رووبەرووی بەبیابانبوون ببنه‌وه‌، دەبێت ئەوان چارەسەر بدۆزنه‌وه‌".

- خۆڵبارین

عەبدولرەحمان سدیق له‌ كۆتایی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا سه‌باره‌ت به‌ خۆڵبارین لە ھەرێمی کوردستان و عێراق دوا و گوتی: "ھۆکاری سەرەکی سرووشتییه‌، ئەو خۆڵبارینە مانای ئەوەیه‌ کە گۆرانکارییەک لە جیھاندا روویداوە کە پێی دەڵێن گۆڕانی كه‌شوهه‌وا، ئەوە ھەموو جیھانی گرتووەتەوە. ھۆکاری دووه‌م هۆكاره‌ ناوخۆییەکانن، بە پلەی یەکەم عێراق بیابانی ھەیە، ھەموو بیابانێک تۆێژاڵێکی لە چینی سەرەوەی زەوی ھەیە ناھێلێت تۆز و خۆڵ ھەستێت".

گوتیشی: "عێراق لە ساڵی ١٩٩٠دا کە کوێتی داگیركرد به‌ بریاری ٦٧٨ی نەتەوەیەکگرتووەکان ده‌رچوو، ئابڵوقەی ئابووریی به‌سه‌ردا سه‌پێنرا. خەڵکی عێراق لەمیانی گەمارۆکەدا، زەوی کشتوکاڵییان کێڵا بۆ جووتیاریی. دوای ئه‌وه‌ پرسی نەوت بەرامبەر بە خۆراک هاته‌ ئاراوه‌ و عێراق نەوتی فرۆشت، له‌به‌رامبه‌ردا نەتەوەیەکگرتووەکان خۆراکی پێدەداین. خەڵک زەوییە کشتوکاڵییەکانیان بەو شێوازە بەجێهێشت، ئەوه‌ش ھۆکارێکی دیکەی خۆڵبارینه‌".

سەرۆکی دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان هۆكارێكی دیكه‌ی خۆڵبارینی بۆ جه‌نگ گه‌ڕانده‌وه‌ و گوتی: "جەنگی ھەشت ساڵەی عێراق و ئێران و ئەو ھەموو بۆردومانە بەشێکی زۆری زەوییەکانی کردووەته‌ بە بیابان. بە داتای فەرمی ھەیە لە ساڵی ١٩٨٨دا کە ٥٥ ھەزار رۆکێتی فای كه‌وتووه‌ته‌ سه‌ر زەوی لە عێراق. ئەمانە ھەموو کاریگەرییان ھەبوو. ھەروەھا جەنگی سووریا، ھەندێك بۆردومان کە ھێزەکانی ھاوپەیمانان دەیانکرد، له‌رێگه‌ی بۆمبی یورانیۆمی خامۆشکراوه‌وه‌ بوون، کە نەخۆشی شێرپه‌نجه‌ش بڵاودەکاتەوە کە تێکەڵی تۆز و خۆڵ دەبێتەوە و لەگەڵ خۆڵبارین کاریگەری نەرێنی ھەیە".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن