Rewa Mahmood Hasan
10 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 10 تشرینی یەکەم 2021
سلێمانی - AA
جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی لە سلێمانی دەنگی دا و داواشی لە هاووڵاتییان کرد کە بەجۆش و خرۆشەوە بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان.
کاتژمێر هەشتی بەیانی ئەمڕۆ ١٠ی تشرینی یەکەم، جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی لە بنکەی رەوشەن بەدرخان لە وێستگەی پێنجەم بەشداری کرد لە پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق و دەنگی دا.
قوباد تاڵەبانی کە بە جلی کوردییەوە لەگەڵ ستافی کارەکەیدا چوون بەرەو وێستگەی دەنگدان، دوای ئەوەی دەنگی دا، لێدوانی بۆ رۆژنامەنووسان دا.
سەرەتا جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە هەموو لایەک کرد کە بە جۆش و خرۆشەوە بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و گوتی: ''رۆژێکی پیرۆز و خۆشە، هەموومان هەڵدەستین بەجێبەجێکردنی ماف و ئەرکی خۆمان، بۆ ئەوەی پەرلەمانتاری نوێ رەوانەی پەرلەمانی عێراق بکەین تاوەکو بەرگری لە ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەن، هیوادارم هەموو هاووڵاتییان بچنە سەر سندوقی دەنگدان و نوێنەری خۆیان هەڵبژێرن، تاوەکو قۆناغێکی تر لە خەبات لە پێناوی خاک و نیشتمان دەست پێ بکات".
جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان ئاماژەی بەوەدا کە هەر لە سەرەتای هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە تاوەکو ئەمڕۆ کە پرۆسەی دەنگدانە، زۆر بە ئارامی بەڕێوەچوو و گوتی:
"بانگەشەیەکی ئارام بەڕێوەچوو لە چاو هەڵبژاردنەکانی پێشوودا، شەرەپەڕۆ و بێزارکردنی هاووڵاتییان کەمتر بوو، هەندێک حاڵەتی نەخوازراو هەبوون، هاوکات دەنگدانی تایبەتیش بە باشی بەڕێوەچوو، ژمارەیەکی بەرچاو بەشدارییان کرد، ئومێدەوارم ئەمڕۆش لە دەنگدانی گشتیدا بەشدارییەکی زۆر دەبێت و ئەنجامەکە بەدڵی هەموولایەک دەبێت".
قوباد تاڵەبانی رایگەیاند کە دەنگدان پرۆسەیەکی دیموکراتییە و گوتی: ''هەرکاتێک بەشداربووین لەو پرۆسەیە، واتای ئەوەیە ئێمە بەشدارین لە پرۆسەی سیاسیی، بەشێکی زۆری کێشەکانی ئێمە سەرچاوەکەی لە بەغدایە، هەرکاتێک ئێمە نوێنەری بەهێزمان ناردە بەغدا، ئەوا کاریگەری دەبێت لە چارەسەرکردنی کێشەکانمان، بۆیە هیوادارم لە هەرکوێیەکی هەرێمی کوردستان، هاووڵاتییان بە جۆش و خرۆشەوە بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان، ئەو مافەی کە هەیەتی جێبەجێی بکات".
جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی هەڵوێستی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەدوای بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن، ئاماژەی بەوەدا کە لەدوای هەڵبژاردن کۆمەڵە پرسێک له هەرێم هەیە کە پێویستی بە یەک دەنگی و یەکڕیزیی هەموو لایەکی کوردی هەیە کە دەبێت هەموومان لەسەری کۆک بین.
جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی هاوکات لەبارەی خواستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرکۆماری عێراق و داکۆکیکردن لەو مافە، بە ئەرێنی وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسێکی دایەوە بۆ وەرگرتنەوە و داکۆکیکردن لە و پۆستە لەلایەن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە.