Rewa Mahmood Hasan
28 مای,س 2022•نوێکردنەوە: 13 حوزەیران 2022
سلێمانی-AA
سەرپەرشتیاری دیداری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، پێویستە داڕشتنێكی راستگۆیانە بۆ سیاسەتی حزبەکەمان بکەین بە ئامانجی دانانی دید و روئیایەکی سەردەمیانە بۆ گەیاندنی پەیامی راستەقینەی نوێبوونەوە و چاکسازی.
ئەمڕۆ ٢٨ی ئایاری ٢٠٢٢ لە شاری سلێمانی، بە بەشداری کادر و سەرکردە و بەرپرسە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دیداری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە هۆڵی وەرزشی پێشمەرگە دەستی پێکرد.
لە سەرەتادا سەرپەرشتیاری دیدارەکە، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند کە دیداری یەکێتی دەبێتە مایەی نزیکتربوونەوەی یەکێتیی لەگەڵ جەماوەر و دەنگدەرەکانی و گوتی، ''زۆر جار دەبیستین کە دۆخی یەکێتی خراپە، بەڵام دەبێت ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین دۆخی یەکێتی بەرامبەر چی خراپە، ئایا حزبێک ھەیە لە کوردستان دۆخی لە یەکێتی باشتر بێت و کێشەی ناوخۆیی نەبێت و ئایا یەکێتی دوای چی خراپ بووە و رووبەڕووی چی بووەتەوە لە ماوەی ١٥ بۆ ٢٠ ساڵی رابردوودا یەکێتی سەرەڕای جیابوونەوەی پۆلێک سەرکردە و کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلال نەڕوخا و لەسەر پێی خۆی مایەوە''.
قوباد تاڵەبانی گوتیشی، "لە دوای کۆنگرەی چواری یەکێتی بەشێک لە کێشەکانی یەکێتی چارەسەرکران، بەڵام ھەندێک کێشەی ترمان بۆ دروستبوو"، وەک ئاماژەیەکیش بە ژەهرخوارکردنی بافڵ تاڵەبانی، قوباد تاڵەبانی گوتی: ''ھەوڵی کوشتنی سەرۆکی حزبەکەمان درا، بەڵام ئەمە نەبووە ھۆی رووخاندن و شکستی حزبەکەمان، نەیارەکانمان دڵیان بەوە خۆشە ئەمڕۆ یەکێتی دۆخی خراپە، لە کاتێکدا لێکدانەوەکانی رابردوویان ھەڵە بوو یەکێتی ھەر لەسەر پێی خۆی مایەوە، وەکو سەرۆک مام جەلال گوتوویەتی 'سەفین لە بن بێت یەکێتی لە بن نایەت'، بۆیە ھەر کەسێک پێی وایە یەکێتی لەبەردەم رووخاندایە، ئەوە ئەو رۆژە بە چاوی خۆی نابینێت".
سەرپەرشتیاری دیداری یەکێتی ئاشکراشیکرد، دیداری یەکێتی ھەنگاوێکی راستەقینەیە بۆ چاکسازی و نوێبوونەوە و داڕشتنی سیاسەتێکی نوێ و سەردەمیانە، ئەگەر بتوانین لەم پرۆسەیەدا سەرکەوتووبین ئەوا دەتوانین ئاشتبینەوە لەگەڵ جەماوەرەکەمان، خەڵک چاوەڕێییە یەکێتی دەستپێشخەر بێت لە چاکسازی و سەرکردایەتی نوێبوونەوە بکات و داھێنەر بێت لە سیاسەت و پێشەنگ بێت لە گەیاندنی خزمەتگوزاری بە کۆمەڵانی خەڵک".
لەدوای گووتەکانی قوباد تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بافڵ جەلال تاڵەبانی کە لە دیدارەکەدا سیفەتی سەرۆکی یەکێتی پێدراوە، گوتەیەکی پێشکەش کرد و باسی لە دۆخی یەکێتی، هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنەکانی تشرینی یەکەمی رابردوو و پرسی نەوت و گاز کرد.
بافڵ جەلال تاڵەبانی گوتی: "ئەم دیدارە تەواوكەری كۆنگرەیە، بەهۆی ئەوەی ماوەی چەند ساڵێك بوو كۆنگرە نەكرابوو، بە كۆنگرەیەك هەموو كێشەكانی یەكێتی چارەسەر دەبێت، ئەگەر باشترین كۆنگرەش بكرایە پێویستمان بەم دیدارە دەبوو".
لە درێژەی قسەکانیدا بافڵ جەلال تاڵەبانی گوتيشى: ''پێویستە یەكێتی بكرێتەوە بە یەكێتییەكەی مام جەلال و یەكێتی ئێمە، پێویستمان بەوەیە كە گەنجان و ژنان و چەند لایەنێكی تر خوێنی یەكێتی تازە بكەینەوە ئەوەش بەهاوكاری هاوڕێ دێرینەكانمان دەبێت.''
سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان، بافڵ جەلال تاڵەبانی لە بەشێكی تری گفتوگۆكەیدا لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی هەرێمی کوردستان گوتی: ''هەموو خەڵكی كوردستان و حزبەكان، رەنگە حزبێك یان دوو حزب بەجۆری حكومڕان رازی نەبن، وەك یەكێتی ئەمڕۆ سیاسەتی خۆمان هەیە، پاشكۆی هیچ لایەن و حزبێك نابین، هاوڕێكانمان بەجێناهێڵین و لەگەڵ لایەنەكان كۆبوونەوەمان كردووە بە پارتی دیموركاتی كوردستانیشەوە، زۆرینەی لایەنەكان بۆچوونیان وەك ئێمەیە. پێویستە چەترێكی وا دروستبكەین و كارێكی وای بۆ بكەین كە لەم هەڵبژاردنە گۆڕانكاری راستەقینە لە حكومڕانی كوردستان بكەین''.
لەبارەی كۆبوونەوەی لایەنەكانی هەرێم لەگەڵ نێرەی تایبەتی نەتەوەیەكگرتوەكان، بافڵ جەلال تاڵەبانی گوتی: ''نەتەوەیەكگرتوەكان نیگەرانە لەوەی لایەنە كوردییەكان پێكەوەنین، ئەوەی تێگەیشتم بەبیانووی هەڵبژاردن ئێمەیان كۆكردەوە، جا بزانە ئەوە چەند خراپە، لەبارەی هەڵبژاردنەوە باسمان لە بازنەكان و یاسای هەڵبژاردن و دابەشكردنی كورسیيەكان و كەمایەتی و كۆتاكان کرد کە رەخنەمان لێی هەبوو، راستە یەكەم كۆبوونەوە بوو، بەڵام دوا كۆبوونەوەش نابێت و ٩ی حوزەیران كۆبوونەوەیەكی دیکە دەكرێت، ئامانجمانە ئەوەی بۆچوونەكان نزیك ببنەوەو تا گۆڕانكاری جددی لە كۆمسیۆن و یاسای هەڵبژاردن بكەین و لە هەڵبژاردن باڵانسی هێز راستبكەینەوە''.