Heman Hussein Yaseen
24 کانوونی دووەم 2024•نوێکردنەوە: 25 کانوونی دووەم 2024
هەولێر - AA
ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی لە عێراق، قاسم ئەعرەجی ڕایدەگەیەنێت کە بە ئامانجگرتنی بارەگاکانی حەشدی شەعبی پێشێلکردنی سەروەری عێراقە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، ھێزەکانی ئەمریکا چەند شوێنێکی حەشدی شەعبی-یان لە هەردوو پارێزگای ئەنبار و بابل بۆردومان کرد.
لەمبارەیەوە ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی لە عێراق، قاسم ئەعرەجی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیوویەتی: "بە ئامانجگرتنی بنکە و بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە قائیم و جرف سەخەر، کردەیەکی دوژمنکارانەیە و پێشێلکارییەکی ڕوونی سەروەری عێراقە، ھێرشەکان ھاوکاری ھێورکردنەوەی دۆخەکە ناکەن، بۆیە باشتر وایە ئەمریکا فشار بکات و دوژمنکارییەکانی سەر غەززە ڕابگرێت، لە بری ئەوەی بنکە و دامەزراوە نیشتمانییەکانی عێراق بکاتە ئامانج".
بەپێی زانیارییەکان یەکێک لە ھێرشەکان بنکەیەکی حەشدی شەعبی کردووەتە ئامانج لە قەزای قائیمی سەر بە پارێزگای ئەنبار، ھاوکات بەشێک لە ھێرشەکە بۆ سەر ناوچەی جرف سەخەر بووە لە پارێزگای بابل.
دوای ھێرشەکەش، وەزیری بەرگری ئەمریکا لۆید ئۆستن لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە بە فەرمانی سەرۆکی وڵاتەکەی، جۆ بایدن ھێزەکانی ئەمریکا سێ بنکەی گرووپە میلیشیاکانیان لە عێراق بۆردومان کردووە کە ئێران پشتیوانیان دەکات.
ئۆستن ھێرشەکانی بە "پێویست و ڕێژەیی" لە قەڵەمدا و، ڕایگەیاند: "ئەم ھێرشانە وەڵامی ڕاستەوخۆن بۆ ئەو زنجیرە ھێرشەی میلیشیاکانی پشتیوانکاری ئێران لە عێراق و سووریا دەیکەنە سەر ئەمریکا و ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عێراق و سووریا".
لۆید ئۆستن باسی لەوە کرد سڵ ناکەنەوە لە ھەڵنانی ھەنگاوی پێویست بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، بانگەشەی ئەوەیشی کرد کە ھەوڵ نادەن بۆ ھەڵکشانی ناکۆکی و شەڕ و پێکدادانەکانی ناوچەکە، داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی ھێرشەکانی ئەو پشتیوانکارانەی ئێرانشی کرد.