07 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 08 تشرینی یەکەم 2019
بەغدا ــ AA
سەرچاوەیەكی پزیشكی رایگەیاند، ژمارەی ئەو كەسانەی كە لە میانی خۆپیشاندانەكەی دوێنێی ناوچەی سەدر رۆژهەڵاتی بەغدا كوژراون لە هەشت كەسەوە بەرزبوویەوە بۆ ١٥ كەس.
سەرچاوەكە كە لە نەخۆشخانەی ئیمام عەلی لە ناوچەی سەدر كار دەكات لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دوای ئەوەی حەوت لە بریندارانی خۆپیشاندانەكەی دوێنێ بە هۆی سەختی برینەكانییانەوە لە نەخۆشخانە گیانیان لەدەستداوە، ژمارەی كوژراون لە هەشت كەسەوە بەرزبوویەوە بۆ ١٥ كەس".
بە گوتەی سەرچاوەكە ژمارەی بریندارانی خۆپیشاندانەكەی دوێنێی ناوچەی سەدر، گەیشتووەتە ١٨ كەس.
دوێنێ لە خۆپیشاندانەكەی ناوچەی سەدر، هێزە ئەمنییەكان گوللـەی راستەقینە، بۆمبی دەنگی و گازی فرمێسكڕێژیان بە ئامانجی بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەران بەكارهێنابوو بە بیانووی ئەوەی خۆپیشاندانەكە بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت ئەنجامدراوە.
لە میانی چەند رۆژی رابردوودا، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی دەربڕین دژبە گەندەڵی، بێكاری و خراپی خزمەتگوزارییەكان شاری بەغدا و چەند شارێكی باشووری عێراقی گرتووەتەوە و پێكهەڵپژان لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكاندا روویداوە.
خۆپیشاندەران هێزەكانی حكوومەت بەوە تۆمەتبار دەكەن كە هێزە ئەمنییەكان بە دەستڕێژی گوللـە رووبەڕووی خۆپیشاندەران دەبنەوە، بەڵام هێزەكانی حكوومەت بانگەشەی ئەوە دەكەن كە كارمەندانی ئەمنی و خۆپیشاندەران لەمیانی خۆپیشاندانەكاندا بوونەتە ئامانجی قەناس بەدەستە نەناسراوەكان.
بەپێی دوایین ئامار كە لە لایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە بڵاوكراوەتەوە، ژمارەی ئەو كەسانەی كە لە خۆپیشاندانەكاندا كوژراون، گەیشتووەتە ١٠٤ كەس، هەروەها شەش هەزار و ١٠٧ كەسی دیكە برینداربوون.