Sarmand Hameed
10 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 10 ئادار 2021
بەغدا - AA
کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق بڵاویكردهوه، رێژەی گیان لەدەستدان له ئهنجامی رووداوی خۆکوشتن لە ساڵی ٢٠٢٠دا بەڕێژەی لەسەدا ٨،٥ زیادیکردووە، ئەمەش بۆ چوارەم ساڵی لهسهریهكه رێژەکە روو لە هەڵکشان دەکات.
ئەندامی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، فازڵ غەراوی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند، کۆمیسۆنەکەیان لە ساڵی ٢٠٢٠دا ٦٤٤ حاڵەتی خۆکوشتنی تۆمارکردووە لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠١٩دا ژمارەکە ٥٩٤ حاڵەت بووە.
بەپێی داتاکانی کۆمیسیۆنهكه، بۆ چوارەم ساڵه لهسهریهك ژمارەی خۆکوشتن لە عێراق رووی لە هەڵکشان کردووە بەجۆرێک لە ساڵی ٢٠١٨دا، ٥١٥ حاڵەتی خۆکوشتن و لە ساڵی ٢٠١٧دا ٤٤٢ حاڵەت تۆمارکراوە.
لەبارەی ژمارەکانی ساڵی ٢٠٢٠، فازڵ غەراوی روونیکردەوە کە زۆرترینیان بە ١٣٩ حاڵەت لە پارێزگای بەغدا و دواتر پارێزگای بەسڕە بە ٨٦ حاڵەت و پارێزگای زیقار بە تۆمارکردنی ٨٠ حاڵەت لە ریزبەندی سێیەم و پارێزگای نەینەوا بە ٦٩ حاڵەت لە ریزبەندی چوارەم دێت و ئهوهشی كه دهمێنێتهوه بەسەر پارێزگاکانی دیکەدا دابەشبووه.
غەراوی ئاماژەی بەوەشکرد کە ٣٦٨ کەس لەوانەی کە خۆیان کوشتووە نێر و ٢٧٨یان لە رەگەزی مێ بوون.
ئاشكراشیكرد، ١٥٩ كهس لەوانەی کە خۆیان کوشتووە بە چەک، ٣١٩یان بە پەت خۆیان خنكاندووه، شەش كهس بەخۆفڕێدان لە شوێنی بەرز، ١٢٢یان خۆیان سووتاندووه، ٢٠یان بە بەکارهێنانی ماددەی مەترسیدار، سێ كهسیان بە بڕینی خوێنبەر، هەشتیان بە رووداوی خنکان لەژێر ئاو و دوویان بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووە.
لەبارەی هۆکارەکانی ناچارکردن بەخۆکوشتن، ئەندامهكهی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق رایگەیاند، هۆکارەکانی کۆمەڵایەتیی و دەرووونی و ئابووری، هەروەها هەژاری و دەرەنجامەکانی شەڕ و خراپی رەوشی مافەکانی مرۆڤ لە هۆکارە سەرەکییەکانی خۆکوشتنن.
داواشی لە حکوومەت کرد رێکاری خێرا بگرێتەبەر بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، رەخساندنی هەلی کار، دەستەبەرکردنی خزمەتگوزارییەکان و ژیانێکی شایستە.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی پلاندانان، رێژەی هەژاری لە عێراق گەیشتووەتە لەسەدا ٣١،٧ و رێژەی بێکاریی گەیشتووەتە لەسەدا ٢٧.