Arif Yusuf,Mehmet Nuri Uçar,
04 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 05 تشرینی یەکەم 2019
بەغدا - AA
ژمارەی قوربانیانی ئەو خۆپیشاندانەی بەھۆی "گەندەڵی، بێکاری و نەبوونی خزمەتگوزاری گشتی" لە بەغدای پایتەخت و شارەکانی باشووری عێراق دەستی پێکردووە گەیشتە ٣٥ کەس.
بەپێی ئاماری نەخۆشخانەکان ژمارەی قوربانیانی ئەو خۆپیشاندانانەی لە یەکی ئەم مانگەوە بەردەوامن، گەیشتۆتە ٣٥ کەس.
شایەتحاڵان ئاماژە بەوە دەدەن، ھێزە ئەمنییەکان بەمەبەستی بڵاوەپێکردن تەقە لەو خۆپیشاندەرانە دەکەن کە پابەند نین بە بڕیاری قەدەغەکردنی ھاتوچۆ.
- لە خۆپیشاندانەکاندا تا ئێستا ٢١٦ کەس دەستگیر کراون.
ئەندامی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ھێمن باجەلان، بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند: ''لە ١ی تشرینی یەکەمەوە لەوەتەی خۆپیشاندانەکان دەستی پێکردووە تا ئێستا ٢١٦ کەس دەستگیر کراون''.
باجەلان باسی لەوە کرد کە ١٥٤ کەس لە دەستگیرکراوان ئازادکراون و، ٦٢ کەسەکەی دیکەیان کارەکانی ئاسایش لەبارەیانەوە درێژەی ھەیە.
- سەرۆکوەزیرانی عێراق دەیەوێ لەگەڵ خۆپیشاندەران کۆببێتەوە
سەرۆکوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەھدی رایگەیاند کە دەیەوێ لەگەڵ نوێنەرانی خۆپیشاندەران بەمەبەستی چاوخشاندنەوە بە داواکارییەکانیان کۆببێتەوە.
بەپێی ئەو راگەیەندراوەی لە نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی وەزیرانی عێراق بڵاوکراوەتەوە، عادل عەبدولمەھدی بەمەستی ھێورکردنەوەی دۆخەکە و بەجێگەیاندنی داواکارییەکانی خەڵک، خواستی ئەوەی ھەیە لەگەڵ نوێنەرانی خۆپیشاندەران کۆببێتەوە.
ھەر لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە عادل عەبدولمەھدی دەیەوێ ژیانی رۆژانەی خەڵک ئاسایی ببێتەوە و سێ ژمارەی تەلەفۆنیش بڵاوکرایەوە کە خۆپیشاندەران دەتوانن پەیوەندی پێوە بکەن.

- عادل عەبدولمەھدی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی کۆبووەوە
سەرۆکوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەھدی بەمەبەستی ھەڵسەنگاندنی خۆپیشاندانەکانی بەغدا و شارەکانی باشووری وڵات، لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی کۆبووەوە.
بەپێی ئەو راگەیەندراوەی لە نووسینگەی راگەیاندنی عەبدولمەھدی بڵاوکراوەتەوە، کۆبوونەوەکە لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا ئەنجامدراوە و تێدا باسی ئەو خۆپیشاندانانە کراوە کە بەھۆی "گەندەڵی، بێ کاری و نەبوونی خزمەتگوزاری گشتی" تا ئێستا لە بەشێکی شارەکانی عێراق بەردەوامن.
ھاوکات وەزیری بەرگری، نەجاح ئەلشەمەری و وەزیری ناوخۆ، یاسین ئەلیاسری ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون و تاوتوێی ئەو خۆپیشاندانانە کرا کە لە ١ی تشرینی یەکەمەوە تا ئێستا بەردەوامن.
- خۆپیشاندان چۆن دەستی پێکرد؟
بە ھۆی ''بێکاری، گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری گشتیی'' بەغدا و چەند شارێکی باشووری ئەو وڵاتە لە ١ی تشرینی یەکەمەوە تا ئێستا بوونەتە مەیدانی دەربڕینی ناڕەزایەتی دژ بە حکوومەت.
ھەروەھا بە ھۆی خۆپیشاندانەکانەوە لە پاڵ بەغدادا، قەدەغەکردنی ھاتوچۆی لە شارەکانی ناسرییە (سەنتەری پارێزگای زیقار)، عمارە (سەنتەری پارێزگای میسان) و حیللە (سەنتەری پارێزگای بابل) راگەیاندراوە.