Zana Natık Kerem
23 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 26 تەمووز 2020
بەغدا ــ AA
شارەزا لە بواری كەشناسی لە عێراق، سادق عەتییە رایگەیاند كە لە رۆژی هەینیی داهاتووەوە، شەپۆلێكی گەرما ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەگرێتەوە و تا كۆتایی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
سادق عەتییە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك بڵاوی كردەوە كە لە رۆژی هەینیی پلەكانی گەرما لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بەرز دەبنەوە و دەگەنە سەروو 50 پلەی سەدی، بەڵام پلەكانی گەرما لە ناوچەكانی باكوور و رۆژئاوا نزمتر دەبن".
راشیگەیاندووە، ئەو شەپۆلە گەمارییەی كە لە رۆژی هەینیی ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەگرێتەوە، تا كۆتایی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
ناوبراو داواشی لە هاووڵاتییان كردووە كە رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر و راستەوخۆ خۆیان نەدەنە بەر تشكی خۆر و شلەمەنی بخۆنەوە.
پێشتر دەستەی كەشناسی عێراق رایگەیاندبوو كە ئەمڕۆ چوارشەممە لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما، كەشوهەوای ناوچەكانی ناوەڕاست، باكوور و باشووری عێراق گەرم و خۆرتاو دەبێت.