Sarmand Hameed
08 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 08 تشرینی یەکەم 2021
هەولێر - AA
سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، مستەفا کازمی بەمەبەستی ئاگاداربوون لە چۆنییەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدانی تایبەت، ژمارەیەک ناوەندی دەنگدانی بەسەرکردەوە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، مستەفا کازمی بەمەبەستی ئاگاداربوون لە چۆنییەتی چۆنییەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدانی تایبەت، ژمارەیەک ناوەندی دەنگدانی لە هەردوو بەشی کەرخ و رەسافە لە بەغدای پایتەخت بەسەرکردەوە.
ئەمرۆ هەینی هەشتی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەستی پێکرد و رۆژی یەکشەممە ١٠ی تشرینی یەکەم دەنگدانی گشتیی بەڕێوەدەچێت.
لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا، سێ هەزار و ٢٤٠ کاندید کە ٩٥٠ یان ئافرەت، ٧٨٩ یان سەربەخۆن و ژمارەکەی دیکە لە چوارچێوەی هاوپەیمانی و پارتی سیاسییدان، کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی ٣٢٩ کورسی ئەنجوومەنەکە دەکەن کە ٨٣ کورسی بۆ کۆتای ئافرەت دیاری کراوە.