Zana Natık Kerem
02 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 03 نیسان 2023
ھەولێر – AA
جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، موحسن مەندەلاوی پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی فیدراڵیی بۆ ساڵانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥، رەوانەی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی کرد.
نووسینگەی راگەیاندنی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە موحسن مەندەلاوی پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی فیدراڵیی بۆ ساڵانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥، رەوانەی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی کردووە.
راشیگەیاندووە کە جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، موحسن مەندەلاوی داوای لە لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران کردووە کە پەلە بکات لە گفتوگرکردن لەبارەی پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی فیدراڵیی، بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا بخرێتە ناو کارنامەی دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران.
لە ١٣ی مانگی ئاداردا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی فیدراڵیی بۆ ساڵانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ پەسەند کرد و رۆژی ١٧ ھەمان ئەو مانگە رەوانەی ئەنجوومەنی نوینەران کرد.
پێشتر گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، باسم عەوادی رایگەیاندبووە کە قەبارەی بوودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٣، دەگاتە ١٩٧ تریلیۆن و ٨٢٨ ملیار دینارە و کورتھێنان لە بوودجەی گشتیی ئەمساڵدا، ٦٣ تریلیۆن دینارە.