عێراق

راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان باس لەوە دەکەن کە ئازادی میدیا لە هەرێم پاشگەزی کردووە

- رەحمان غەریب: "ئێمە لە کوردستان سەندیکاکانمان لەسەر حسابی پشک پشکێنەی حزبی دروستبووە، سەندیکای سلێمانی باسی پێشێلکاری هەولێر دەکات و بەس و لە هەولێریش سەندیکا باس لە پێشێلکارییەکانی سلێمانی دەکات، چونکە سەندیکایەکی نیشتمانیمان نییە"

Rewa Mahmood Hasan  | 22.04.2021 - نوێکردنەوە : 23.04.2021
راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان باس لەوە دەکەن کە ئازادی میدیا لە هەرێم پاشگەزی کردووە

As Sulaymaniyah

سلێمانی - AA

ئەمڕۆ ٢٢ی نیسانی ٢٠٢١ یادی ١٢٣ ساڵەی رۆژنامەگەری کوردییە کە بۆ یەکەمجار و پێش ١٢٣ ساڵ یەکەم رۆژنامەی کوردی لە قاهیرە دەرچوێنرا.

هەموو ساڵێک لەم رۆژەدا، یادی رۆژنامەگەری دەکرێتەوە و کۆمەڵێک بەڵێن بە رۆژنامەنووسان دەدرێت و هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو گرفتانە دەدرێت کە دێنە بەردەم کار و پیشەی رۆژنامەگەریی راستەقینە لە هەرێمی کوردستان، بەڵام تا ئێستا هەموو نیشانەکان بەو ئاراستەیەن کە ساڵ بەساڵ ئازادی رۆژنامەگەری بەدوا دەکەوێت.

ئاژانسی ئانادۆڵو بۆ گەنگەشەکردنی پرسی رۆژنامەوانی راستەقینە، ماف و ئەرکەکانی، هۆکارەکانی پاشکەوتنی ئازادی رۆژنامەگەری بەپێی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان و چەند پرسێکی تر هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ رێكخه‌ری‌ سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنووسان، رەحمان غەریب ئەنجامدا.

رەحمان غەریب سەبارەت بە رەوشی ئێستای رۆژنامەگەری و ئازادی رۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان گوتی: ''لە راستیدا ئێمە لە دۆخێکداین لە هەرێمی کوردستان، ئەو یاسایانەی بۆ مافی رۆژنامەگەری و پاراستنی رۆژنامەنووسان هەیە یاسایەکی زۆر باش، ئەوەی ئێمە قسەی لەسەر دەکەین جێبەجێ نەکردنی یاساکانە وەک خۆیان. واتە سەروەرنەبوونی یاسایە لە پرسی مامەڵەکردن لەگەڵ رۆژنامەنووساندا، دەمانەوێت لەمساڵدا کاری زیاتر بکەین بۆ ئەوەی پێشێلکردنی یاساکان کەمتر ببنەوە و رێژەکەی کەم بکەینەوە تاوەکو ئاستی نەمان، چونکە مامەڵەی خراپ لەگەڵ رۆژنامەنووسان و میدیاکاندا کاریگەری خراپی هەبووە لەسەر ناوبانگی هەرێمی کورستان، راپۆرتە نێودەڵەتییەکان باس لەوە دەکەن کە ئێمە لە ساڵەکانی رابردوودا لە دۆخێکی خراپی ئازادی رۆژنامەگەریدابووین، بۆیە دەبێت دان بەوەدا بنێین کە ئێمە دۆخمان باش نییە، بۆیە دەبێت پلان دابنێین تاوەکو دۆخەکە بە ئاراستەی باش بگۆڕین، چونکە بەبێ ئازادی رۆژنامەگەری ناکرێت باس لە دیموکراسی بکەین".

رێكخه‌ری‌ سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنووسان، رەحمان غەریب لەبارەی ئەرک و مافەکانی رۆژنامەنووسان و پابەندبوون بە یاسا و رێساکانەوە لەلایەن رۆژنامەنووسانەوە پێی وایە کە ئەوە تەنیا حکوومەت نییە یاسای رۆژنامەنووسی پێشێل دەکات، بەڵکو زۆرێک لە رۆژنامەنووسانیش بۆخۆیان پێشێلی یاساکە دەکەن و حسابی بۆ ناکەن و گوتی: ''زۆر جار رۆژنامەنووسان باس لە ماف و ئیمتیازات دەکەن، بەڵام کە دێتە سەر ئەوەی ئەرکەکانیان چییە، جێبەجێیان ناکەن، بۆ نموونە لە یاسای رۆژنامەگەریدا باس لەوە کراوە کە دەبێت رۆژنامەنووس گرێبەستی هەبێت لەگەڵ ئەو لایەنەی کاری لەگەڵ دەکات، دواتر ئەم گرێبەستە ببرێتە سەندیکاری رۆژنامەنووسان و پشتڕاست بکرێتەوە. ئەمەش تا ئێستا نەکراوە، یان هەر کەم کراوە، هاوکات شتێکی تری خراپ هەیە لەلایەن دەزگای میدیاییەوە ئەنجامی دەدەن، ئەویش هەواڵێک بڵاو دەکەنەوە، بەڵام گوێنادەنە ئەوەی ئەرکەکەیان چییە کە لە یاسای رۆژنامەگەرییدا کە بۆیان دیاریی کراوە، بۆیە دەبێت پێش هەرکەس و لایەنێک رۆژنامە و میدیاکان و رۆژنامەنووسان رێز لەیاساکان بگرن. کەموکورتیە ئەگەر بڵێیی حکوومەت رێز لە یاساکە ناگرێت، ئەی خۆت چەندێک رێز لە یاساکە دەگرێت".

رەحمان غەریب گوتیشی: ''جۆرێک لە ئاژاوەگێڕی هەیە لە بابەتی میدیای نوێی ئەلیکترۆنیدا، کۆمەڵێک کەس هەن لەو بوارەدا کار دەکەن، کاری رۆژنامەوانییەکە دەکەن، بەڵام رۆژنامەنووس نین، بۆیە ئەمە کێشە دروست دەکات لەکاتی بڵاوکردنەوەی هەواڵدا، ناوزڕاندن روودەدات، ئەمەش دەچێتە بواری خراپ بەکارهێنانی میدیاوە کە ئێستا بەزەقی دیارە".

رێكخه‌ری‌ سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنووسان لەبارەی رۆڵی میدیا و ئەو دۆخەی ئێستا تێیدایە باسی لەوە کرد کە لەئێستادا هەرکەسایەتییەکی سیاسیی بۆخۆی میدیایەکی تایبەت بەخۆی داناوە و کردوویەتی بە سوپایەکی ئەلیکترۆنی بۆ شکاندنی کەسانی بەرامبەر خۆی و گوتی: ''زمانی میدیا لە هەرێمی کوردستان زۆر بە سیاسی کراوە، هەر کەس و لایەنێکی سیاسی میدیایەکی تایبەت بەخۆیان هەیە ئەوەی کە پێی دەڵێن سوپایەکی میدیایی ئەلیکترۆنی، پێش خۆیان داوە بۆ هێرشبردنە سەر یەکتر و تەسفیەی حساب لەگەڵ یەکتر. ئەمەش کاریگەری خراپی هەبووە لەسەر رەوشی دەروونی خەڵک".

رەحمان غەریب لەبارەی رۆڵی سەندیکاری رۆژنامەنووسانیشەوە گوتی: ''ئێمە لە کوردستان سەندیکاکانمان لەسەر حسابی پشک پشکێنەی حزبی دروستبووە، واتە لە ئەنجامی رێککەوتنی سیاسیی ئەو سەرکردایەتی و ئەنجوومەنەی سەندیکاکان پێکدەهێنرێن، بۆیە سەندیکای حزبی ناتوانێت هەڵوێستی سەربەخۆی هەبێت لە کێشەکانی کە روو دەدەن، واتە بەو چەشنەیە کە سەندیکای سلێمانی باسی پێشێلکاری هەولێر دەکات و بەس و لە هەولێریش سەندیکا باس لە پێشێلکارییەکانی سلێمانی دەکات، چونکە سەندیکایەکی نیشتمانیمان نییە".

رێكخه‌ری‌ سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنووسان، رەحمان غەریب سەبارەت بە دیدار و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ هەریەک لە سەرۆکی هەرێم، نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکی حکوومەت، مەسرور بارزانی و سەرۆکی پەرلەمان، رێواز فایەق و جێگری سەرۆکی حکوومەت، قوباد تاڵەبانی گوتی: ''ئەم دیدارانە بەیەک ئاراستەبوون، ئەویش ئەوەیە کە ئێمە بچین باس لە بارودۆخەکە بکەین، دەبێت ئێمە دان بەوەدا بنێین کە ئێمە چووینەتە دواوە (لەڕووی ئازادی رۆژنامەگەرییەوە) دەبێت دان بەوەدا بنێین کە راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە بەرژەوەندیماندا نییە، ئێستا لە دەرەوە وەک عێراق تەماشا دەکرێین، لەکاتێکدا لە عێڕاق لە ماوەی سێ مانگدا، ١٥٠ چالاکوانی مەدەنی بێسەروشوێن کران لە هەرێمی کوردستان بەم شێوە فراوانە نییە، راستە ئەگەر یەک پێشێلکاری و یەک رۆژنامەنووسیش لە بەندینخانەبێت دەبێت ئێمە قسەی لەسەر بکەین، بەڵام ئێستا ئێمە لەگەڵ عێراق بەیەک چاو سەیر دەکرێین، ئەو پێشێلکارییەی لە عێراق بەرامبەر چالاکوان و رۆژنامەنووسان دەکرێت نموونەی نییە لە خراپیدا، بۆیە دەبێت بیر لەوە بکەینەوە، بۆچی ئێمە گەیشتینە ئەو قۆناغەی بەجیا لەگەڵ بەغداد قسەمان لەسەر نەکەن، لە کاتێکدا لە هەرێمی کوردستاندا یاساکان کرانەوەی پێوە دیارە. لە هەرێمی کوردستان لە هەزار زیاتر دەزگای میدیایی کار دەکەن، بەڵام ئێستا راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە ئازادی رۆژنامەگەری لە کوردستان هاتۆتە دواوە. هۆکارەکەش ئەوەیە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەیتوانیوە مامەڵە لەگەڵ یاساکان بکات، یاسامان بۆ چییە بەس بۆ جوانی؟، لەگەڵ بەڕێز سەرۆکی حکوومەتی هەرێم باسمان کرد کە ئێمە یاسای زانیاریمان هەیە، ئەگەر کابینەکە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی راگەیاندووە، بۆچی رۆژنامەنووسان هاوبەش نەبن لە شەڕی گەندەڵی و چاکسازی. بۆیە بەشێوەیەکی گشتی باسی دەکەم، هەموو ئاراستەکان بەو شێوەیەن کە بارودۆخی رۆژنامەگەری و ئازادیەکەی باش بکرێت، هەم بارودۆخی مامەڵەی حکوومەت لە پێدانی زانیاری رۆژنامەنووسی فراوان بکرێت، هاوکات لە رێگەی رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنییەوە رۆژنامەنووسانیش پێویستیان بەوەیە کە مەشق و راهێنانیان پێ بکرێت".

رەحمان غەریب ئاماژەی بەوەدا کە لە سێ مانگی رابردوودا، رێژەی توندوتیژی دژبە رۆژنامەنووسان رووی لە کزی کردووە کە بەبۆچوونی ئەو هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە هیچ جۆرە خۆپیشاندان و حاڵەتێکی پەڕگیری نەبووە تاوەکو پێویست بکات توندوتیژی لێبکەوێتەوە، هاوکات نموونەی مامەڵەی دەزگا ئەمنییەکانی هێنایەوە لەکاتی ئەو هێرشە مووشەکییانەی سەر فڕۆکەخانەی هەولێر کە تێیدا رۆژنامەوانان بە ئازادانە رووماڵی هێرشەکەیان دەکرد، ئەمەشی بە پێشهاتێکی ئەرێنی لەقەڵەم دا.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın