عێراق

دوایین قۆناغی رێگای خێرای ھەولێر-دھۆک کرایەوە

دوایین قۆناغی رێگای دووسایدی نێوان ھەولێر-دھۆک (رێگای گۆپاڵ) بۆ ھاتووچۆی ھاونیشتمانیان کرایەوە.

Sarmand Hameed  | 19.04.2021 - نوێکردنەوە : 30.04.2021
دوایین قۆناغی رێگای خێرای ھەولێر-دھۆک کرایەوە

Arbil

هەولێر - AA

پارێزگای ھەولێر، ئومێد خۆشناو بە نوێنەرایەتی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی و بەئامادەبوونی خاوەنی کۆمپانیای ھێمن گرووپ، خالید خۆشناو و بەڕێوەبەری گشتیی رێگاوبانی ھەولێر، دوایین قۆناغی رێگای دووسایدی نێوان ھەولێر– دھۆک (رێگای گۆپاڵ) بۆ ھاتووچۆی ھاونیشتمانیان کرایەوە.

بە گوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە له‌لایه‌ن پارێزگای ھەولێر بڵاوکراوەتەوە، لە میانی کردنەوەی رێگاکەدا ئومێد خۆشناو رایگەیاند، بەھۆی مەترسییەکانی کۆرۆنا، ھیچ رێوڕەسمێکیان بۆ کردنەوەی رێگاكه‌ ئەنجام نەداوه‌ و گوتی: "ئەمڕۆ بەنوێنەرایەتی رێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەشدارین لە کردنەوەی ئەو رێگا ستراتیژیی و گرنگە".

پارێزگاری هەولێر گوتیشی: "کردنەوەی ئەو رێگایە کاریگەری و ئاسانکاری زۆری ھەیە نەک تەنھا بۆ ھاووڵاتییانی ھەولێر و دھۆک، بەڵکو بۆ ھاتووچۆی شارەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستانیش، دەستخۆشی لە ھێمن گرووپ دەکەین کە وێڕای ئەو قەیرانانەی لە ھەرێمی کوردستان ھاتوونەتە ئاراوە، توانییان رۆڵێکی بەرچاوو لە کردنەوەی شەقامەکانی دووسایدی (١٢٠) مەتری و (١٥٠) مەتری ھەولێر و رێگای دووسایدی نێوان ھەولێر– دھۆک (رێگای گۆپاڵ) بگێڕن و کارەکانیان بە خێرایی راپەڕێنن و بەر لە وادەی دیاریکراوی خۆی کۆتایی پێبھێنن".

ئومێد خۆشناو لەبارەی گرنگی ئەو رێگایەوە گوتی: "بە تەواوبوونی دووسایدی نێوان ھەولێر – دھۆک (رێگای گۆپاڵ)، جگە لەوەی خزمەتێکی زۆر بە بواری بازرگانی و ھاتووچۆی ھاووڵاتییان دەگەیەنێت، ھەروەھا سەلامەتییەکی زۆریش بۆ شۆفێران و ھاووڵاتییان دەستەبەر کراوە، کە بە داخەوە تا ئێستا ھەم بەھۆی خراپی رێگا و بانەکان و ھەمیش بەھۆی پابەندنەبوونی شۆفێران بە رێنماییەکانی ھاتووچۆ، رۆژانە چەندین کەس دەبوونە قوربانی رووداوەکانی ھاتوچۆ".

پارێزگاری ھەولێر ھەروەھا گوتی: "ئەم رێگایە بە ستانداردی نێودەوڵەتیی کە درێژاییەکەی ٣٥ کیلۆمەترە و ھەموو بنەماکانی سەلامەتی تێدا رەچاوکراوە بە گوژمەی (١٦٦) ملیۆن دۆلار و بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبانی ھەولێر و لەلایەن ھێمن گرووپەوە ئەنجامدراوە، رێگاکە شەش ئەندەرپاس و ئۆڤەرپاسی تێدایە، کە تاکە پڕۆژەیە لە سنووری پارێزگای ھەولێر، وەک رێگای خێرا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، بەوەی کە ھەموو سووڕانەوەکان ئۆڤەرپاس و ئەندەرپاسن، بەبێ ئەوەی یوتێرنی تێدا بێت، تەواوبوونی ئەم رێگەیە، جگە لە کەمکردنەوەی ماوەی نێوان ھەولێر و دھۆک، ھەنگاوێکی دیکەیە بە ئاراستەی کەمکردنەوەی مەترسییەکانی رێگە بۆ سەر ژیانی ھاونیشتمانیان".

جێی ئاماژەیە، ئەم پڕۆژەیە لە ١٣ی ئەیلوولی ٢٠١٨ لەلایەن سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتەی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی بە گوژمەی ٨٠ ملیۆن دۆلار راگەیه‌ندرا و بەردی بناغەی دانرا، دواتر لە ٢٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠ لەلایەن سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە رێورەسمێکدا بەشێکی تەواوبووی رێگاکە کرایەوە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın