پەروەردەیی, عێراق

خوێندنی ناو پۆل لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردەوە

وەزارەتی پەروەردە: "پڕۆسەی خوێندن بەشێوازی نۆرە (تناوب) دەبێت بۆ قۆناغی یەکی بنەڕەتی تا یازدەیی ئامادەیی بە حکوومی ناحکوومییەوە و ئەو قوتابخانانەی گوندەکانیش کە پێشتر سێ رۆژ لە ھەفتەیەکدا دەوامیان کردووە لەسەر یەک، بەھەمان شێواز بەردەوام دەبن".

Hawkar Yaseen M Amin Mohammed Amin  | 16.05.2021 - نوێکردنەوە : 17.05.2021
خوێندنی ناو پۆل لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردەوە

Arbil

هەولێر - AA

پرۆسەی خوێندن لەناو پۆل لە هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە دەستیپێکردەوە و پرۆسەکە بەشێوەی نۆرە دەبێت سێ رۆژ بە سێ رۆژ لەنێوان قۆناغی بنەڕەتی و ئامادەییدا.

وەزارەتی پەروەردە بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەکە بەخێوکارانی قوتابییانی سەرپشککردووە لەوەی بیانەوێت منداڵەکانیان بۆ ھۆڵەکانی خوێندن بنێرن یاخود منداڵەکانیان نەنێرن و لەڕێی ئۆنلاینەوە بەردەوام بن لە خوێندن بۆ ئەمەش مەرجی داناوە کە دەبێت لەماوەی ھەفتەی یەکەمدا بەڵێننامە پڕبکەنەوە.

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشتر لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند "رۆژی یەکشەممە ١٦ی ئایار پڕۆسەی خوێندنی ناو پۆل دەستپێدەکاتەوە، پرۆسەکە بەشێوازی نۆرە (تناوب) دەبێت بۆ قۆناغی یەکی بنەڕەتی تا یازدەیی ئامادەیی بە حکوومی و ناحکوومییەوە و ئەو قوتابخانانەی گوندەکانیش کە پێشتر سێ رۆژ لە ھەفتەیەکدا دەوامیان کردووە لەسەر یەک، بەھەمان شێواز بەردەوام دەبن".

لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی پەروەردەدا ھاتووە "پێویستە ھەموو لایەک پابەندبن بە رێنماییە تەندروستییەکان، دەسەڵاتی بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی رێنماییە تەندروستییەکان جگە لە سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان و تیمی تەندروستی، دەدرێت بە بەڕێوەبەرانی پەروەردەی قەزا و سەرپەرشتیاریی ھاوڕێی رەخنەگر کە پێویستە چاودێرییەکی وردی جێبەجێکردنی رێنماییە تەندروستییەکان بکەن، لە حاڵەتی تووشبوون و چارەسەرکردنی کۆرۆنا لە ناوەندەکانی خوێندن بە ھەماھەنگی نێوان تەندروستی و پەروەردەی پارێزگاکان بەسەرپەرشتی پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان دەبێت".

وەزارتی پەروەردە راشیگەیاندووە "بەخێوکاری قوتابییان و خوێندکاران، ئەگەر ئارەزویان بێت منداڵەکەیان لەناو پۆل نەخوێنێت، دەتوانن لە ھەفتەی یەکەمی دەستپیکردنەوەی خوێندن فۆرمی بەڵێننامە پڕبکەنەوە کە بە خوێندنی ئەلیکترۆنی و پاڵپشتی ماڵەوە بەردەوام دەبن، بەڵام تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ لەناو پۆل جێبەجێ دەکرێن".

راشیانگەیاندووە "وا پێویست دەکات لیژنەی خوێندنی ئەلیکترۆنی لە قوتابخانەکان بە کارایی بمێنێتەوە لە رێگای ئەو شێوازی پەیوەندیکردنانەی کە بەکارھێنراون دەتوانرێت ئەو سێ رۆژەی قوتابی لەناو پۆل نییە ئەرکی ماڵەوەی زیاتر پێبدرێت و پەرە بە تواناکانی فێربوونی بدرێت، تەنیا لەو بابەتانە کە پێویستە تاقیکردنەوەیان لێبکرێت لەگەڵ خشتەی بەشەوانەکان کە لە گشتاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پرۆگرام و چاپەمەنییەکانی وەزارەتدا ھاتووە و پێشتر رایانگەیاندوە و بۆ دامەزراوەکانی وەزارەت نێردراون لەم روانگەیەوە کاری لیژنەی خوێندنی ئەلیکترۆنی بەردەوام دەبێت".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın