لە دەزگا, عێراق

بەڕێوەبەری کەناڵی سپێدە: "ئاژانسی ئانادۆڵو تاکە سەرچاوەی هەواڵی دەرەکیمانە"

ئەمڕۆ شەشی نیسان، ١٠١ ساڵ بەسەر دامەزراندنی ئاژانسی ئانادۆڵو تێدەپەڕێت کە لە شەشی نیسانی ساڵی١٩٢٠ بۆ گەیاندنی دەنگی ئانادۆڵو بە جیھان دامەزرا و ئێستا بە ١٣ زمانی زیندووی دنیا، هەواڵ و بابەتەکانی پەخش دەکات و یەکێکە لە چالاکترین ئاژانسەکان لە جیهاندا.

Hawkar Yaseen  | 06.04.2021 - نوێکردنەوە : 08.04.2021
بەڕێوەبەری کەناڵی سپێدە: "ئاژانسی ئانادۆڵو تاکە سەرچاوەی هەواڵی دەرەکیمانە"

Arbil

هەولێر - AA - هاوکار یاسین

ئەمڕۆ شەشی نیسان، ١٠١ ساڵ بەسەر دامەزراندنی ئاژانسی ئانادۆڵو تێدەپەڕێت کە لە شەشی نیسانی ساڵی١٩٢٠ بۆ گەیاندنی دەنگی ئانادۆڵو بە جیھان دامەزرا و ئێستا بە ١٣ زمانی زیندووی دنیا، هەواڵ و بابەتەکانی پەخش دەکات و یەکێکە لە چالاکترین ئاژانسەکان لە جیهاندا.

بەڕێوەبەری کەناڵی ئاسمانی سپێدە، عەبدولکەریم ئەحمەد بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی ئاژانسی ئانادۆڵو لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند "پیرۆزباییەکی گەرم لە ساڵیادی دامەزراندنی ئاژانسی ئانادۆڵو دەکەم، بەڕاستی هەم مێژووەکەی هەم ئەو کارانەی ئەنجامی داون جێگای ستایش و تەقدیرن لە رووی میدیاییەوە، چونکە بێگومان هەموومان دەزانین بوونی ئاژانس بۆخۆی کرۆکی کاری میدیاییە، ناتوانین بەبێ ئاژانس کاری میدیایی بکەین و یەکێکە لە رایەڵەکانی کاری میدیا، ئاژانسی ئانادۆڵوش لەو ماوەیەی کە کاری کردووە بەتایبەت بۆ ئێمە بەشی کوردییەکەی سوودێکی زۆرمان لێ بینیوە و تاکە سەرچاوەی دەرەکیمانە، دەتوانین لەوێوە زۆرێک لە بابەت و هەواڵ و باسەکانی کە لە دنیادا دەگوزەرێن وەریبگرین و سوود لە وێنە و تێکستەکانی وەربگرین، ئەمەش بۆخۆی یەکێکە لە خزمەتەکانی بە میدیای کوردی".

عەبدولکەریم ئەحمەد گوتیشی: "بێگومان ئەکرێ من وەک میدیایەک کە پەیوەستم بە هەرێمی کوردستانەوە کارەکانم لۆکاڵێ بێت، بەڵام بەهۆی ئاژانسێکی وەک ئانادۆڵۆوەوە کارەکانم جیهانی بوونیش وەردەگرێت، بەبوونی وێنە و تێکست و بابەتەکانی دەتوانین وێنەیەکی دیکە بدەین بە سپێدە لەڕێگای ئاژانسی ئانادۆڵۆوە، بۆیە ئەمە جێگای تەقدیرە و خستنەسەرێکە بۆ کاری میدیایی لە هەرێمی کوردستان، لەسەر ئاستی جیهانیش ئاژانسەکە وێنەیەکی دیکە دەدات بە میدیای کوردی".

بەڕێوەبەری کەناڵی ئاسمانی سپێدە دەربارەی ئەوەی بۆ زیاتر فراوانبوونی کاری میدیایی ئاژانسی ئانادۆڵو پێویستە چی بکات گوتی: "یەکەم کار هەماهەنگی کارێکی زۆر باش دەبێت، هەماهەنگی بەواتای گۆڕینەوەی وێنە و ئەو راپۆرتانەی کە پەیوەستن بە ناوچەکەوە بەتایبەت لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، ئاژانسی ئانادۆڵو دەتوانێت سوود لە زۆر کەناڵ وەربگرێت، چونکە بوونی پەیامنێری ئاژانسەکە لە هەموو جێیەکی کوردستان رەنگە کارێکی زەحمەت بێت، بەڵام هەماهەنگی بۆ گەیشتنی وێنە و هەواڵ لەو ناوچانە کارەکە ئاسان دەکات، بەتایبەتیش ئەمڕۆ سۆشیال میدیا زۆر کاری ئاسان کردووە، رەنگە هەر پەیامنێرێک خۆی دەتوانێت بە مۆبایلەکەی دەستی ببێتە هەواڵنێر بۆ ئێوە و لەگەڵ ئەوەشدا کاری میدیایی خۆی بکات بۆ کەناڵەکەی خۆشی، بۆیە هەماهەنگی یەکێکە لە کارە باشەکان، دووەم فراوانکردنی کاری ئاژانسی ئانادۆڵو بۆ بەشە کوردییەکەی خزمەتێکی دیکە دەکات بە میدیای کوردستان کە ئەمیشیان رەنگە هەر لەرێگای هەماهەنگی بکرێت".

بەڕێوەبەری کەناڵی ئاسمانی سپێدە دەربارەی ئەوەی لە رووی میدیاییەوە بۆ ئەم قۆناغە چی گرنگە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، رایگەیاند "لە رووی میدیاییەوە ئامادەبوون یەکێکە لە شادەمارەکانی کارکردن، چونکە هەموو ئاژانسێک بەوە دەتوانێت سەرتۆپ بێت و کاری گرنگ بکات کە ئامادەیی هەبێت لە رووداوەکاندا، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان ئامادەبوون بۆ هەموو بوارەکان گرنگە، خاڵێکی دیکە کە گرنگە کاری لەسەر بکرێت بواری کولتووری و کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان رەچاوبکرێت و ئاژانس گرنگی بەمە بدات، زۆر جار لە راپۆرت و فیچەرەکانی ئاژانسی ئانادۆڵو دەیبینم کە کولتوور و وێنەیەکی بچووکی ناوچەیەک بڵاودەکاتەوە و دەبێتە وێنەیەکی گەورە لەسەر ئاستی دنیا، بۆ هەرێمی کوردستانیش ئەم بابەتە زۆر زۆر گرنگە، لەسەر ئاستی کوردستان دەیان و سەدان فیچەرمان بۆ دەکرێت لەسەر ناوچە جیاجیاکان، بۆخۆی گواستنەوەی ئەم وێنانە خزمەتێکی دیکەیە بە خودی میدیاکە و بە هەرێمی کوردستانیش".

ئاژانسی ئانادۆڵو ئەو کاتەی دامەزرا لە سەرەتای قۆناغی خەباتی نیشتمانییدا بە بێلایەنییەکەی لە ناوخۆ و جیھاندا دەنگی دایەوە، بەھۆی گرتنەئەستۆی ئەم ئەرکە گرنگەشەوە لە مێژووی کۆماری تورکیادا، پێگەیەکی تایبەتی بەدەستھێناوە.

لەئێستادا لەسەر ئاستی دنیا ئاژانسی ئانادۆڵو بە ١٣ زمانی جیاواز و زیندووی جیهان، ھەواڵ، وێنە و ڤیدیۆ و بابەتە رۆژنامەوانییەکانی بڵاودەکاتەوە و لە ساڵی ٢٠١٣شەوە بەشی سۆرانی و ئۆفیسی لە ھەرێمی کوردستان کردووەتەوە و بە زمانی کوردی زاراوەی سۆرانی ھەواڵەکانی پەخش و بڵاودەکاتەوە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın