Rewa Mahmood Hasan
23 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 26 کانوونی یەکەم 2019
سلێمانی - AA
گوتەبێژی پێشووی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و ئەندامی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، لەتیف شێخ عومەر ئاماژە بەوە دەدات ئەمرۆ کۆتا رۆژی کۆنگرەیە و بە دەنگدان کۆتایی دێت، بەهۆی ئەوەی هەڤاڵێکی زۆر خۆی پاڵاوتووە بۆ ئەندامێتی و پرۆسەکە لەژێر چاودێری یاسایی و حاکمەکاندا بەڕێوەدەچێت، پێویستی بەکات هەیە بۆیە بەخاوەی پرۆسەی دەنگدان بەڕێوەدەچێت و دەشڵێت، بەپێچەوانەی هەندێک لە پێشبینەکانەوە، یەکێتی توانیوێتی یەکێک لە سەرکەوتووترین کۆنگرەکانی خۆی بەڕێوەبەرێت.
لەکاتی هاتنە دەرەوەی لە هۆڵی کۆنگرە و لەدوای دەنگدانی بۆ ئەنجوومەنی گشتی سەرکردایەتی، گوتەبێژی پێشووی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و ئەندامی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، لەتیف شێخ عومەر لێدوانی بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن دوای وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.
سەرەتا لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا هۆکاری چی ئەندامانی کۆنگرە دوای دەنگدان هۆڵی کۆنگرە بەجێ دەهێڵن، لەتیف شێخ عومەر هۆکارەکەی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی ئەندامانی کۆنگرە هیلاکن.
لە بارەی ئەگەری کۆتایی هاتنی پرۆسەی هەڵبژاردنەکە و جیاکردنەوەی دەنگەکانەوە لەمڕۆدا، ئەو ئەندامەی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی ئاماژەی بەوەدا کە ئەو لەوبڕوایەدا نییە ئەمڕۆ بتوانرێت پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان ئەنجام بدرێت بەڵکو تەنها فریای ئەوە دەکەون کە دەنگدانەکان تەواو بکەن.
لەدرێژەی قسەکانیدا دەربارەی خۆپاڵاوتنی کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆکی یەکێتی، لەتیف شێخ عومەر گوتی: ''لە کۆنگرەدا پرسەی هەڵبژاردنی سەرۆکی بەڕێوەناچێت، بەڵکو لەنێو ١٢١ ئەندامەکەی ئەنجوومەنی گشتی سەرکردایەتیدا هەڵدەبژێردرێت".
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە کاندیدی سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، بەتایبەت کە باس لەوە دەکرێت بەهێزترین کاندیدن سەرکۆماری عێراق بەرهەم ساڵح-ە، ناوبراو بەڕاستی نەزانی کە لەئێستادا قسە لەو بارەیەوە بکات، لەکاتێکدا ئێستا تەنها دەتوانن لەبارەی ئەنجوومەنی گشتییەوە لێدوان بدەن.
لەتیف شێخ عومەر ئاشکرای کرد کە لەمڕۆدا پرسەی دەنگدان کۆتایی دێت هەرچەندە درەنگانێکیش بخایەنێت، بەڵام ئەگەری هەیە پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان بکەوێتە کاتێکی تر.