Heman Hussein Yaseen,Rewa Mahmood Hasan
14 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 14 تەمووز 2020
هەولێر - AA
جێگری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان قوباد تاڵەبانی دەڵێت، "خەڵکی کوردستان شایستەی خزمەتی زیاترن و لەم پێناوەشدا ھەرچی لەتواناماندا بێت درێغی ناکەین".
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆکی حکوومەت، قوباد تاڵەبانی و، وەزیری کارەبای ھەرێمی کوردستان کەمال محەمەد و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکوومی و، کۆنسوڵی گشتی کۆریای باشوور لە ھەرێمی کوردستان، لە رێوڕەسمێکدا وێستگەی کارەبای ھەڵمی خەباتی کردەوە.
جێگری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان قوباد تاڵەبانی رایگەیاند کە، ئەمرۆ ھەنگاوێکی گرنگیان نا بەرەو خزمەتکردنی باشتری ھاووڵاتیانی کوردستان و، دەشڵێت: "سەرۆکی حکوومەت و بەندە لەگەڵ ھەردوو وەزیرانی کارەبا و پلاندانان، بەشداربووین لە رێوڕەسمی کردنەوەی وێستگەی بەرھەمھێنانی کارەبای ٣٠٠ مێگاواتی ھەڵمیی قەزای خەبات لە ھەولێر".
جێگری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە: "ئەم پرۆژەیە کە لە کابینەی پێشوودا دەست بەدروستکردنی کراوە، لە ئێستادا قۆناغی یەکەمی دەکەوێتە کار. کەوتنەگەڕی ھەردوو یەکەی ئەم وێستگەیە کارەبای ھەرێمی کوردستان بەرێژەی سەدا ١٠ زیاد دەکات، بە کردنەوەی ئەم وێستگەیە و دەستپێکردنی پرۆژەی شەقامی ۱٠٠م سلێمانی خزمەتێکی باشتری ھاووڵاتیان دەکرێت و، ھەلی کارێکی زۆریش دەڕەخسێنین. خەڵکی کوردستان شایستەی خزمەتی زیاترن و لەم پێناوەشدا ھەرچی لەتواناماندا بێت درێغی ناکەین".
ئەمڕۆ سێشەممە، پڕۆژەی ٣٠٠ مێگاواتیی ھەڵمیی خەبات کرایەوە کە دەتوانێت کارەبای ھەرێمی کوردستان بەڕێژەی سەدا ١٠ زیاد بکات و، پرۆژەکە لەلایەن کۆمپانیای ھۆسکۆی کۆریای باشوور دروستکراوە و زیاتر لە ٥٦٤ ملیۆن دۆلاری تێچووە.