Rewa Mahmood Hasan
02 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 02 نیسان 2023
سلێمانی - AA
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی بڕیاری رێککەوتنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدراڵ سەبارەت بە پرسی نەوت و فرۆشتنی لەڕێگەی کۆمپانیای نەوتی نیشتمانی عێراقی (SOMO)وە رایگەیاند کە کاتی ئەوەیە بڕیارە دروستەکە بدرێت و کۆمپانیای سۆمۆ نەوتی هەرێمی کوردستان بفرۆشێت و کۆی داهاتی نەوت لە سەرتاسەری عیراق بچێتە یەک خەزێنەوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە دووی نیسانی ٢٠٢٣ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی و لە هەژماری خۆی پەیامێکی بڵاو کردووەتەوە و تیایدا ئاماژە بەوە دەکات کە فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆ-ەوە، بڕیارێکی دروستە.
لە پەیامەکەیدا بافڵ جەلال تاڵەبانی دەڵێت "دوای بڕیارەکەی دادگای پاریس و راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی تورکیاوە لە پێناو داهاتووی میللەتەکەمان و رێگریکردن لە دروستبوونی گرفت و قەیرانی گەورە، کاتی ئەوەیە بڕیارە دروستەکە بدرێت. کۆمپانیای سۆمۆ نەوتی هەرێمی کوردستان بفرۆشێت و کۆی داهاتی نەوت لە سەرتاسەری عیراق بچێتە یەک خەزێنەوە".
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەو پەیامەیدا، داوا دەکات کە پشکی هەرێمی کوردستان لە بوودجە و داهاتی عێراق دیاری بکرێت و مووچەی فەرمانبەر و خانەنشینانی هەرێم گەرەنتی بکرێت. سیستەمی بەنزین، نەوت و گازوایلی هەرێمی کوردستان ببەسترێتەوە بە عێراق و بەهەمان نرخ بدرێتەوە بە هاووڵاتییان و دەڵێت "دەبێت نوێنەری هەرێمی کوردستان لە کۆمپانیای سۆمۆ و کۆی سیستەمی نەوت و غازی عێراق هەبێت و بەشێکبن لە بەڕێوەبردن و بڕیاردان".
بافڵ جەلال تاڵەبانی لە کۆتایی پەیامەکەیدا باس لەوە دەکات کە حزبەکەی، ساڵانێكە هەوڵ بۆ رێككەوتن لەگەڵ بەغدا و كۆتاییهێنان بە ناكۆكییەكان دەدات و هاتووە "بیركردنەوەی دروست، هەماهەنگی و كاری پێكەوەییە نەك دووركەوتنەوە و قووڵكردنەوەی كێشەكان. ناکۆکییە ناوخۆییەکان و تاکڕەوی، قەوارەکەمان لاواز دەکات و هەرێمەکەمان دەخاتە مەترسییەوە نەک کاری هاوبەش و داواکردنی مافەکانمان لە بەغدا".
هەروەک دەڵێت "یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رووبارێك خوێنی لە پێناو سەربەرزی و سەرفرازیی كوردستان رشتووە و هیچ هێز و لایەنێك لە خۆمان بە دڵسۆزتر نازانین بۆ كوردستان و بەدیهێنانی بەرژەوەندییە باڵاكانی. هەر بۆیە هەنگاوی لۆژیكی و بەرپرسیارانە، رێككەوتنە لەگەڵ بەغدا و دەستەبەركردنی مافەكانمانە".