بافڵ تاڵەبانی بۆ خوێندکارن "داوای لێبوردنتان لێدەکەم و داکۆکیکاری بەدیھێنانی ئاواتەکانتان دەبم"
هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بافڵ جەلال تاڵەبانی: "بەڵێنتان پێدەدەم کە گۆڕانکاری گەورە دەکەین لە پێناو داھاتووی ئێوە و جێبەجێکردنی داواکارییەکانتان و چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکان".
Arbil
هەولێر - AA
هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بافڵ جەلال تاڵەبانی دەربارەی خۆپیشاندانەکانی هەفتەی رابردووی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانی بەشێک لە شارەکانی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و داوای لێبوردن لە خوێندکاران دەکات.
هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاندووە "ئەو توندوتیژیانەی بە ناڕەوا بەرامبەر هەندێک لە خوێندکاران کرا زۆر نیگەرانی کردم. لە دڵەوە داوای لێبوردن لە کوڕ و کچ و خوشک و براکانم دەکەم کە بە ئومێدەوە بەرەوە داھاتوویەکی گەش ھەنگاودەنێن لە پێناو نەکوژانەوەی چرای زانست و بژێوی ژیانیان لەسەر شەقام داوای قوت و مافی خۆیان دەکرد".
بافڵ تاڵەبانی راشیگەیاندووە "داواتان لێدەکەم بۆ ھەر داواکارییەک پەنا بۆ رێگای مەدەنی و شارستانی ببەن و دووربکەونەوە لە توندوتیژی و یاساشکێنی، رێمەدەن کەسانی ھەلپەرست داوا رەواکانی ئێوە بە لاڕێدا بەرێت ئەمە خزمەت بە خواستەکانتان ناکات، داوام وایە قەت ئەم رێگایە ھەڵنەبژێرن و بیری لێنەکەنەوە".
هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بافڵ جەلال تاڵەبانی راشیگەیاندووە "بەڵێنیشتان پێدەدەم کە گۆڕانکاری گەورە دەکەین لە پێناو داھاتووی ئێوە و جێبەجێکردنی داواکارییەکانتان و چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکان، لەمەودوا نزیکتر لەگەڵ توێژی گەنجان و خوێندکاران پێکەوە کاردەکەین لە پێناو ئایندەیەکی گەشتر بۆ گەلەکەمان بۆ ھەر داھێنان و سەرکەوتنێک، داکۆکیکاری بەدیھێنانی ئاواتەکانیشتان دەبم".
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن