Zana Natık Kerem
12 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 13 تشرینی یەکەم 2021
ھەولێر ــ AA
فەرمانگەی بەتواناکردنی ئافرەتان سەربە ئەمنیداریێتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پیرۆزبایی لەو ئافرەتانە کرد کە لە ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەراندا سەرکەوتنیان بەدەستھێناوە و رایگەیاند کە سەرکەوتنی ئافرەتان بۆ گەیشتن بە ئەنجوومەنی نوێنەران، ھەنگاوێکی گرنگە بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسییدا، بەتایبەتیش ئافرەتە سەرکەوتووەکان دەبن بە نوێنەری دەنگی ئافرەتان لە دەربڕینی خواست و تێڕوانییەکانیان.
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی بەتواناکردنی ئافرەتان سەربە ئەمنیداریێتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، یوسرا کەریم موحسن لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەران، ٩٧ ئافرەت سەرکەوتنیان بەدەستھێناوە لەنێویاندا دوو ئافرەت هەن کە نوێنەرایەتی کەمینەکان دەکەن و رایگەیاندووە لەو ژمارەیەو ٥٧ ئافرەت دەنگی پێویستیان بەدەستھێناوە و بێ ئەوەی پێویستیان بە کورسی کۆتا ھەبێت.
یوسرا کەریم موحسن راشیگەیاندووە "ئەو ٩٧ ئافرەتە لە ئەنجامی ھەوڵ و سووربوونیان بۆ بەشداریکردنی کارایان لە پرۆسەی سیاسییدا، توانیویانە لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتن بەدەستبهێنن کە جێگای شانازییە بۆ هەموو ئافرەتان".
ناوبراو داواشی لە سەرجەم ئافرەتان کرد لەوەی بەردەوام دەبن لە ھەوڵەکانیان بۆ بەشدارییکردن لە پرۆسەی سیاسیی، ھەروەھا گرنگیدان بە پرسەکانی ئافرەتان و دەرکردنی ئەو یاسانەی کە دەبنە مایەی دەستەبەرکردنی ماف و پتەوترکردنی پێگەی خۆیان لە کۆمەڵگادا.