سياسەت, جيهان, عێراق

"ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیمارات و بەحرێن لەگەڵ ئیسرائیل دەرچوونە لە کۆدەنگی ئیسلامی"

کۆنسولی گشتی فەڵەستین لە هەرێمی کوردستان، باڵیۆز نەزمی حەزوری:"وێڕای ستایشی گەلی هەردوو وڵاتی ئیمارات و بەحرێن لە پاڵپشتی بەردەوامیان بۆ گەلی فەڵەستین لە هەموو بوارەکاندا، بەڵام ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتە لەگەڵ ئیسرائیل رەتدەکەینەوە"

Sarmand Hameed  | 18.09.2020 - نوێکردنەوە : 20.09.2020
"ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیمارات و بەحرێن لەگەڵ ئیسرائیل دەرچوونە لە کۆدەنگی ئیسلامی"

Arbil

هەولێر - AA

کۆنسولی گشتی فەڵەستین لە هەرێمی کوردستان، باڵیۆز نەزمی حەزوری لەبارەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی هەریەک لە ئیمارات و بەحرێن لەگەڵ ئیسرائیل رایگەیاند، ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتە لەگەڵ ئیسرائیل رەتدەکەینەوە و ئەو هەنگاوەی ئیمارات و بەحرێن هەنگاوی تاکلایەنەیە و دەرچوونە لە کۆدەنگی ئیسلامی و دەستپێشخەری عەرەبی بۆ ئاشتی کە لە لووتکەی بەیروت لە ساڵی ٢٠٠٢ دا بڕیاری لەسەردرا و راشیگەیاند، ئێمە شەڕ و کوشتنمان ئێمە، ئاشتیمان دەوێت، بەڵام ئاشتییەک کە لەسەر بنەمای کۆدەنگی ئییسلامی و دەستپێشخەری عەرەبی بۆ ئاشتی و بڕیارەکانی نێودەوڵەتی بێت.

باڵیۆز نەزمی حەزوری لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو ستایشی "هەڵوێستی تورکیا و سەرکۆمار، رەجەب تەیب ئەردۆغان دەکات لە پشتیوانی دۆزی فەڵەستین" و رایگەیاند، "ئەو هەڵوێستە وەفاداری و دڵسۆزی بەردەوامی تورکیایە لە سەرجەم قۆناغەکانی مێژوودا بۆ فەڵەستین، ئەم بڕوابوونە بە دۆزی قودس لەسەردەمی سوڵتان عەبدولحەمیدە بەردەوام بووە تا ئێستا".

نەزمی حەزوری لەبارەی هەڵوێستی فەڵەستین لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی هەریەک لە ئیمارات و بەحرێن لەگەڵ ئیسرائیل دەڵێت: "هەروەک روونە کە بەڕێز سەرۆک مەحمود عەباس، سەرۆکی دەوڵەتی فەڵەستین و سەرکردایەتی فەڵەستین بە روون و ئاشکرا ئەوەیان راگەیاندووە کە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیمارات و بەحرێن لەگەڵ ئیسرائیل رەت دەکەنەوە و، ئەمە مایەی نیگەرانیمانە، لە کاتێکدا ستایشی گەلی هەردوو وڵاتی ئیمارات و بەحرێن دەکەین لە پاڵپشتی بەردەوامیان بۆ گەلی فەڵەستینی لە هەموو بوارەکاندا و لە ئامێزگرتنی هاووڵاتییانی فەڵەستینی بۆ کارکردن لە وڵاتەکانیان، هەروەها ستایشی سەرکردایەتی ئەبوزەبی و مەنامە دەکەین لە پاڵپشتیان لە خەباتی گەڵی فەڵەستین، ئەمە راستییەکە دەبێ لە روانگەی وەفادارییەوە بگوترێت لە روانگەی پابەندبوون بە دۆزی فەڵەستین و ناوەندی دۆزی ئوممەتی عەرەبی و ئیسلامی. هەڵوێستی دەوڵەتی فەڵەستین روونە کە بەهەموو شێوەیەک ئەو هەنگاوە رەتدەکاتەوە کە دەرچوونە لە کۆدەنگی عەرەبی".

نەزمی حەزوری هاوکات ستایشی هەموو ئەو دامەزراوە و کەسایەتییانەی ئیمارات و بەحرێن دەکات کە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل رەتدەکەنەوە.

کۆنسوڵی گشتی فەڵەستین لە هەولێر لەبارەی هەڵوێستی وڵاتانی دیکەی عەرەبی لەبارەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵاتی ئیمارات و بەحرێن لەگەڵ ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو هەنگاوە دەرچوونە لە دەسپێشجەری عەرەبی بۆ ئاشتی و لەمبارەیەوە دەڵێت: "ئەوە روونە کاردانەوە و هەڵوێستەکان لە ئاستی پێویستدا نەبوون، بەتایبەت وەک دەوڵەتی فەڵەستین شکستمان هێنا بۆ دەرکردنی بڕیار لە کۆمکاری وڵاتانی عەرەب بۆ ئیدانەکردنی بڕیاری ئاساییکردنەوە، و هەنگاوی تاکلایەنەی ئەو وڵاتانە بۆ ئاساییکردنەوە، بەو پێیەی ئەم هەنگاوە دەرچوونە لە کۆدەنگی عەرەبی و و هەنگاوی تاکلایەنەیە، ئەوەی کە جەختی لێدەکەینەوە ئەویە کە ئەو هەنگاوە دەرچوونە لە دەستپێشخەری عەرەبی بۆ ئاشتی، دەستپێشخەرییەکەی شای ئوردن، عەبدوڵڵای دووەم و شای کۆچکردووی سعوودیە، فەهد بن عەبدولعەزیز لە لووتکەی بەیروت لە ساڵی ٢٠٠٢".

لەبارەی گوتەکانی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ کە لە رێوڕەسمی واژووکردنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیمارات و بەحرێن لەگەڵ ئیسرائیل رایگەیاند، "ژمارەیەک وڵاتی عەرەبی دیکە هەنگاوی هاوشێوە دەنێن، باڵیۆز نەزمی حەزوری گوتی "دەمەوێت بە روونی ئەوە بڵێم کە بەڕێز ترەمپ بووە بە گوتەبێژی فەرمی بەناوی ئاساییکردنەوە، لەپاڵ ئەوەی سەرۆکی ئەمریکایە، گوتەبێژە بەناوی ئاساییکردنەوە، ئەو قسە لەسەر ئەو وڵاتانە دەکات کە پەیوەندییەکانیان ئاسایی دەکەنەوە، بەر لەوەی وڵاتەکە خۆی ئەوە رابگەیەنێت، ترەمپ بەر لەو وڵاتانە دەڵێت ئەوان باڵیۆزخانەی خۆیان لە وڵاتی بەرامبەر دەکەنەوە لە کاتێکدا هێشتا ئەوان خۆیان ئەوەیان رانەگەیاندووە وێڕای ئەوەی کە ئەو هەنگاوە لەناو رێککەوتنەکەشدا هەیە، بەڵام بەڕێز سەرۆک ترەمپ وەک گوتەبێژ مژدەی ئەوە رادەگەیەنێت کە وڵاتانی دیکە هەیە و بەشێوەی بریقەدار باس لەوە دەکات، ئەو لەو وڵاتانە بە پەروشترە کەنیازی ئاساییکردنەوەیان هەیە، ئەمە پێشبینی کراوە".

باڵیۆز نەزمی حەزوری لەبارەی هەڵوێستی ئەو وڵاتانەی ئەو هەنگاوەی ئیمارات و بەحرێن بە پرسی ناوخۆی ئەو دوو وڵاتە ناودەبەن و بە بیانوی دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆیان هیچ هەڵوێستێکیان رانەگەیاندووە دەڵێت: "بەدڵنیاییەوە رێز لە پرسی ناوخۆیی و سەروەری هەموو وڵاتان دەگرین، بەتایبەت ئیمارات و بەحرێن کە ئەمە پرسێکی سەروەری ناوخۆیی ئەو دوو وڵاتەیە، بەڵام نامانەوێت پرسی ناخۆی ببێتە بەرگێک و هەنگاوێک بۆ پێشێلکردنی کۆدەنگی عەرەبی و ئیسلامی چونکە دەستپێشخەری عەرەبی بۆ ئاشتی لە لووتکەی عەرەبیدا بڕیاری لێدراوە و دواتر بووەتە دەستپێشخەری کۆدەنگی عەرەبی و هەروەها لە کۆنگرەی رێکخراوی هاریکاری ئیسلامی کە لە تاران بەڕێوەچوو، ئەوە بووەتە سنوورێک کە دەبێ وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی پێوەی پابەند بن، دەستپێشخەری عەرەبی بۆ ئاستی کە رەنگدانەوەی خواستی گەلی فەڵەستینە بەرەو ئاشتی. ئێمە وەک گەلی فەڵەستین بڕوامان بە ئاشتی هەیە، بڕوامان بە بنیتانتانی دەوڵەتی فەڵەستین هەیە لەسەر بنەمای ئاشتی جیهانی، ئەمەش لە ئامانجە سەرەکییەکانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی فەڵەستینە کە لە دامەزراندنییەوە لە ١٩٦٤ بڕیاری لەسەر دراوە، ئێمە شەڕمان ناوێت، ئێمە کوشتنمان ناوێت، نامانەوێت گەلی فەڵەستین ببێتە گەلی تەرمەکان، هەمیشە ماڵئاوایی لە رۆڵەکانی بکات و رۆڵەکانی ببنە قوربانی، بەڵام ئاشتی دادپەروەری بێت کە بنیاتنانی دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستین دەستەبەر بکات کە پایتەختەکەی رۆژهەڵاتی قودس بێت، ئەمەش لە دەستپێشخەری عەرەبی بۆ ئاشتی بڕیاری لەسەر دراوە، کە سەرەتا دەوڵەتی فەڵەستین دروست بکرێت دواتر هەنگاوی ئاساییکردنەوەی بەدوادابێت هەروەک سەرۆکی کۆچکردوومان یاسر عەرەفات دەیگوت "ئاشتی لەگەڵ فەڵەستین و دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستین کە پایتەختەکەی قودس بێت دەبێتە هۆی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ٥٧ وڵاتی ئیسلامی".

لەبارەی رەتکردنەوەی ئاشتی لەلایەن فەڵەستینەوە، باڵیۆز نەزمی حەزوری دەڵێت: "ئێمە نەمانگوتووە لەگەڵ ئاشتی نین، ئێمە ئاشتیمان دەوێت، بەڵام ئاشتییەک کە لەسەر بنەمای دەستپێشخەری عەرەبی بۆ ئاشتی و بڕیارەکانی نێودەوڵەتی بێت، لەوانە ئەنجوومەنی ئاسایش، کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتییانەی دانیان بە مافی گەلی فەڵەستین ناوە، یان ئەو نەخشە رێگەیەی کە خاتوو کۆندەلیزا رایس رایگەیاند کە بنیاتنانی دەوڵەتی فەڵەستین لەسەر بنەمای ئەو خاکە دەبێت کە ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٦٧ داگیری کرد".

لەبارەی ئەو بۆچوونانەی کە پێیان وایە هەنگاوی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیمارات و بەحرێن لەگەڵ ئیسرائیل خزمەت بە دۆزی فەڵەستین دەکات، کۆنسوڵی گشتی فەڵەستین لە هەولێر دەڵێت "بە دڵنیاییەوە ئەم هەنگاوە خزمەت بە دۆزی فەڵەستین ناکات، بە تایبەت ئیمارات و بەحرێن هاوسنوور نین لەگەڵ ئیسرائیل و شەڕیان لەگەڵ ئیسرائیلدا نەبووە، خاکیان داگیرنەکراوە، لە مەترسیدانەبوونە بەرامبەر بە ئیسرائیل، ئەم هەنگاوە هەرگیز خزمەت بە فەڵەستین ناکات؛ لە ئێستادا هەوڵێک هەیە لە پێگەیەکی هەڵەدا بۆ گۆڕینی بیرکردنەوەی تاک لە بەرامبەر داگیرکارییەکانی ئیسرائیل بۆ نموونە چەند نووسەرێک و ئەوانەی بڕوایان بەو هەنگاوە هەیە دەیانەوێت وا نیشان بدەن کە ئەمە هەنگاوێکی ئاساییە. بۆ نموونە لە ئەبوزەبی، لەگەڵ رێزمان بۆ گەلی ئەبو زەبی و فەرمانڕەوای ئەبوزەبی و دامەزرێنەری ئیمارات، شێخ زاید بن سوڵتان ئال نهیان کە دۆزی فەڵەستین لە خوێنبەرەکانی نزیکتربوو لە روانگەی خۆشەویستی و باوەڕبوونی، کردنەوەی نووسینگەکانی فڕۆکەوانی و رێستوڕانت و دامەزراوەکان و یانەکانی شەوانە بەر لە واژووکردنی ئاساییکردنەوە، هەنگاوەکانی واژووکردنەکە کارێک بوو کە پێشتر ئەنجامدرابوو".

کونسوڵی گشتی فەڵەستین لە هەرێمی کوردستان لەبارەی هەڵوێستی وڵاتانی دیکەی ئیسلامی لە سەروویانەوە تورکیا رایگەیاند "ژمارەیەک وڵاتی ئیسلامی لەوانە، تورکیا، ئێران، ئیندۆنیزیا، مالیزیا، پاکستان، بەنگلادیش ئەو هەنگاوەیان رەتکردەوە، ئەو وڵاتانە کە قوڵایی ئیسلامن هەمیشە سازشکردن لەسەر پیرۆزی قودس رەتدەکەنەوە، لەبارەی هەڵوێستی تورکیاوە ئێمە دەڵێن ئەمە وەفاداری و دڵسۆزی بەردەوامی تورکیایە لە سەرجەم قۆناغەکانی مێژوودا، سوڵتان عەبدولحەمید لە سەردەمی لاوازبوونی دەوڵەتی عوسمانییدا و لە دۆخی نایاساییدا دەستبەرداری پشتیوانی قودس نەبوو، بۆ ئەمەش بەڵگەنامەیەکی گرنگی هەیە لەژێر ناوی بەڵگەنامەی پارێزگاری لە قودس، ئەم بڕوابوونە بە دۆزی قودس بەردەوام بووە لەلای گەلی تورک و هەموو ئەو سەرکردانەی لە قۆناغی جیاجیادا حوکمڕانی تورکیایان کردووە، ئەم هەڵوێستە لە روانگەی باوەڕبوونیانە بە دۆزی قودس و دۆزی موسڵمانان لە هەمان کاتدا کە دۆزێکە لەپێناوی ئاشتیدا. ئێمە دەزانین تورکیا پەیوەندی دیپلۆماتی و بازرگانی لەگەڵ ئیسرائیل هەیە، بەڵام پرسی قودس بۆ تورکیا هەمیشە هێڵی سوور بووە، بە تایبەت تورکیا بڕوای بە چارەسەر لەسەر بنەمای دوو دەوڵەت هەیە، کە ئەمە داوای ئێمەشە".

باڵیۆز نەزمی حەزوری لەبارەی هەڵوێستی ئێرانەوە رایگەیاند، "ئێران دەستپێشخەر بووە لە دیاریکردنی رۆژی جیهانی قودس، بەمەش ئەوە لە بیر و هزری هەموو موسڵمانێک جێگیربووە کە دۆزی فەڵەستین تەنها دۆزی گەڵی فەڵەستین نییە، بەڵکو دۆزی ئوممەتی عەرەبی و ئیسلامییە".

باڵیۆز نەزمی حەزوری لەبارەی پیرۆزی خاکی قودس و بڕیاری ئەمریکا بۆ ناساندنی قودس وەک پایتەختی ئیسرائیل رایگەیاند، "قودس خاکێکی ئاسایی نییە وەک خانوو یان شارێک مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی پێوە بکرێت، قودس لەلایەن خوای گەورەوە پیرۆز کراوە و ئیسرا و میعراج تیایدا روویداوە، خاکی پیرۆزی سەرجەم ئایینەکانە، شوێنی لەدایکبوونی پێغەمبەر عیسایە، قودس خاکی پیرۆزە، موڵکی ترەمپ نییە تاوەکو بتوانێت کڕین و فرۆشتنی پێوە بکات یان بە ئارەزووی خۆی بڕیار بدات بیکات بە پایتەختی ئیسرائیل، وەک ئەوەی رۆژێک بڵێت بڕیارمدا ئیستانبوڵ یان ئەنقەرە بکرێتە پایتەختی فلانە وڵات، یان بڕیارماندا هەولێر بخرێتە سەر چین یان هیندستان، ئایا ئەمە دەبێت؟ ئەو پیاوە سەرۆکی ئەمریکایە، ئێمە بە گەلی ئەمریکا دەڵێین وەرن نزیک ببنەوە لە ئاشتی، ئێمە دەزانین گەلی ئەمریکا لەگەڵ ئاشتیدان. ئەمڕۆ کاندیدی سەرۆکایەتی ئەمریکا، جۆ بایدن پەیوەستە بە بنیاتنانی دوو دەوڵەت، پەیوەستە بە ئاشتییەوە، سەرۆکەکانی پێشووی ئەمریکا، بەڕێز ئۆباما، بەڕێز کلینتۆن و بەڕێز بووش هەموویان پەیوەست بوون بە ئاشتییەوە".

باڵیۆزی فەڵەستین باسی لە واژووکردنی رێککەوتنی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٩٣ لە کۆشکی سپی دەکات و دەڵێت: "بۆ وەبیرهێنانەوە، فەڵەستین واژووی لەسەر رێککەوتنێک کرد لە کۆشکی سپی بە ئامادەبوونی سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا، بێل کلینتۆن و ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردەی وڵاتانی جیهان کە لەنێوان سەرۆکی کۆچکردوومان، یاسر عەرەفات و سەرۆکوەزیرانی پێشووتری ئیسرائیل، ئیسحاق رابین واژووکرا، ئەم رێککەوتنە لە واشنتۆن واژوو کرا، ئێمە داوای جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە لە ئەمریکا دەکەین".

کۆنسولی گشتی فەڵەستین لە هەرێمی کوردستان، باڵیۆز نەزمی حەزوری لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان فەڵەستین و هەرێمی کوردستان دەڵێت: "گەلی کورد و گەلی فەڵەستین پەیوەندییەکی مێژووییان هەیە، ئێمە وەک فەڵەستینییەکان بە کورد دەڵێن شانازی بەوە دەکەین کە قارەمانێک لەنێویاندا هات تاوەکو قودس رزگار بکات، ئەویش سەڵاحەددین ئەیوبییە، زۆر جار ئەوە کوردانەی کە پەیوەندییم لەگەڵیاندا هەیە دەڵێن رۆژێک دێت سەڵاحەددین ئەیوبییەکی دیکە لە کوردستانەوە دێت و قودس رزگار دەکات، ئێمەش دەڵێن دەست لەناو دەست دەنێین لەپێناو رزگارکردنی قودس".

باڵیۆز نەزمی حەزوری دەڵێت: "دۆزی فەڵەستین و قودس لە هزری رۆڵەکانی گەلی کوردستاندایە و ئێمە هەستمان بەمە کردووە کە لە چین و توێژە جیاجیاکان لە مامۆستایانی ئایینی، رۆشنبیران، سیاسییەکان بەجۆرێک لە هەڵوێستەکانیان پشتیوانی لە قودس و ئاشتی دەکەن، پشتیوانی لە دروستکردنی دوو دەوڵەت دەکەن، ئەمەمان لە برایانمان گوێ لێ بووە، هەرکەسێک بڕوای بە چارەسەری دوو دەوڵەت هەبێت بڕوای بە ئاشتی هەیە، ئەم هەڵوێستەشمان لە کورد بیستووە".

کۆنسولی گشتی فەڵەستین لە هەرێمی کوردستان، لەبارەی هەڵوێستی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیمارات و بەحرێن لەگەڵ ئیسرائیل گوتی: "گوێبیستی هیچ هەڵوێستکی راگەیەنراو نەبووینە لەمبارەیەوە، پێمانوایە هەڵوێستی هەرێم پەیوەستە بە هەڵوێستی عێراقەوە لە روانگەی رێزگرتن لە سەروەری دەوڵەتی عێراق، دووبارە باس لە هەڵوێستی گەلی فەڵەستین دەکەم کە گەلی کورد و سەڵاحەددین ئەیوبی لەیاد ناکات کە هەنگاوێکی گرنگی نا و وەک فەڵەستیینیەکان لە بیرەوەریماندا دەمێنێتەوە".

باڵیۆز نەزمی حەزوری باس لە بەشدارییکردنی شێخ عەبدولعەزیز گەیلانی و ٦٠٠ موردیدی دەکات لە جەنگی عەسقەلان و دەڵێت: "شێخ عەبدولعەزیز گەیلانی لەگەڵ ٦٠٠ موریدی لە ئاکرێوە روویان کردە فەڵەستین لە جەنگی عەسقەلان دژ بە خاچپەرەستەکان جەنگا سەرکەوتنی بەدەستهێنا و چووە ئەقسا، دواتر گەڕایەوە ئاکرێ و لەوێ کۆچی دوایی کرد، ئەمە مێژووەیەکی پیرۆزی ئەو پەیوەندییەیە، هەروەها سەڵاحەددین ئەیوبی بە توانای شمشێر سەرکەوت و قودسی رزگارکرد، پارێزگاری لە ئایینەکان و پێکەو ژیان کرد و کڵێساکانی نەرووخاند، بەڵکو قودسی وەک شاری ئاشتی بە کراوەیی هێشتەوە و ئێمەی فەڵەستینیش دەڵێین قودس شاری ئاشتی و پێگەوە ژیانە و ئێمە لە فەڵەستین جیاکاری بە ناسنامەمان ناکەین لەژێر ناوی تائیفی یان مەزهەبی، لەناو فەڵەستینییەکان مەسیحی و جولەکە و ئیسلام هەن بەڵام ناسنامەمان فەڵەستینە".



بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن