سياسەت, شیکردنەوە

عێراق و هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی رۆژەڤی گەرم دەبن

عێراق و هەرێمی کوردستان لە هەفتەی داهاتوودا چەند پرسێکی گرنگ چاوەڕوانیان دەکات، لە عێراق رێککەوتننامەی ستراتیژی نێوان ئەمریکا و ئەو وڵاتە و لە هەرێمیش کۆبوونەوەی پارتی دیموکرات و یەکێتیی نیشتمانی کە ئەوان پێشتر رێککەوتنامەی ستراتیژییان مۆر کردووە.

Sarmand Hameed, Fakhradin Ibrahim Mohammad  | 05.06.2020 - نوێکردنەوە : 20.06.2020
عێراق و هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی رۆژەڤی گەرم دەبن

Arbil

هەولێر - AA

هەفتەی داهاتوو چەند پرسێکی گرنگ چاوەڕوانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات، تەواوکردنی کابینەی نوێی ‌‌حکوومەتی عێراق، چوونی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و لە ناو هەرێمی کوردستانیش هەوڵدان بۆ بەردەوامیدان بۆ کۆبووەنەوەکانی پەرلەمانی کوردستان، چاوی رای گشتی و میدیای ئەو وڵاتەی لەسەرە.

بەڵام لەوان گرنگتر دیالۆگی نێوان ئەمریکییەکان و عێراقییەکان بۆ داڕشتنی رێککەوتنی ستراتیژی نێوان هەر دوو وڵات و لە هەرێمی کوردستانیش قسەکردنەوە لەسەر چۆنییەتی نوێکردنەوە یان کاراکردنەوەی رێککەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە دوو پارتی سەرەکی و خاوەن هەژموون و دەسەڵاتن لە هەرێم.

ئەگەرچی تا دێت پەتای کۆرۆنا زیاتر لە رابردوو بە عێراقدا بڵاودەبێتەوە، بەڵام بە هۆی هەستیاری دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان و عێراق، ئەم رۆژانە کۆڕ و کۆبوونەوە سیاسییەکان گەرمترن و چاوەڕوان دەکرێت، هەفتەکان و مانگەکانی داهاتوو لە عێراق بۆ ئەم وڵاتە زیاتر چارەنووسساز بن.



- رێککەوتنی ستراتیژی نێوان ئەمریکا و عێراق

لەپاڵ هەموو پرسە ناوخۆییەکان، ريکەوتنی ستراتیژی ئەمریکا کە باس لەوە دەکرێت، گفتوگۆکانی نێوان دوو وڵات لە نیوەی دووەمی ئەم مانگە دەست پێبکات، بە سەرەتایەک دادەنرێت بۆ داڕشتنەوەی سیاسەتی ئەمریکا نەک هەر تەنیا لە عێراق، بەڵکو هەموو ناوچەکەش لەژێر باندۆری خۆی کۆبکاتەوە.

بە واتایەکی دیکە، ئەمریکا لەگەڵ عێراق تەنیا بیر لە رێکەتنێکی سەربازیی یان سیاسی ناکاتەوە، بەڵکو رەهەندەکانی دیپلۆماتی، دارایی، پەروەردەیی، رۆشنبیری و کولتووریش کە هەماهەنگی و هاوکاریی دوو لایەن بە یەکەوە زیاتر دەبەستێتەوە، دەخرێنە چوارچێوەی ئەو رێکەوتننامە ستراتیژییە.

ئەگەرچی دیار نییە رێکەوتننامەکە چەند ساڵ دەخایەنێت و ماوەکەی چەند دەبێت، بەڵام ئەوە تێدا زۆر روون دەبێت کە پێناسەیەک بکاتەوە بۆ بەردەوامی بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کە پێشتر خۆیان وەک داگیر کەر راگەیاندبوو.

بەڵام لەبارەی هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە عێراق، بابەتەکە جیاوازتر دەبینرێت، بەو پێیە کە هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی سەرۆک و سەرۆکوەزیرانەکەی راستەوخۆ و بە ئاشکرا دەربڕیووە کە ئامادەن لە دیالۆگی رێککەوتنەکە بەشدار بن و رۆڵیان هەبێت، ئەمریکییەکانیش راشکاوانە رایانگەیاندووە کە "هەرێمی کوردستانیش تێێدا بەشدار دەبێت".

ئەوەندەی ئەم رێکەوتنە بۆ ئەمریکییەکان گرنگە، ئەوەندەش چاوی ئێرانییەکانی لەسەرە. میدیای عێراقی دنگۆی هاتنی جێگرەوەکەی قاسم سولەیمانی، فەرمادندەی فەیلەقی قودس سەر بە سوپای پاسداران، ئیسماعیل قائانی بۆ عيراقیان بڵاوکردووەتەوە کە رۆژی چوارشەممە گەیشتووەتە بەغدا.

دەگوترێ، قائانی لەسەردانەکەیدا بۆ عێراق، دەیەوێ کۆدەنگییەک لە نێوان ئەو گرووپ و لایەنانە درووست بکات کە لە ئێرانەوە نزیکن.

هەرچۆنییەک بێت، وەک ئەوەی ئەمریکییەکان لە زمانی باڵیۆزی وڵاتەکەیان لە عێراق، ماتیۆ تۆلەر بە فەرمی رایاندگەیاندووە، "ده‌بێ عێراق به‌رژه‌وه‌ندى و ئه‌وله‌ويه‌ته‌كانى خۆى ده‌ستنيشان بكات" و لە نێوان خواست و داواکاری ئێران و ئەمریکا باڵانسی بەرژەوەندییەکانی بپارێزێت.



- تەواوکردنی کابینەی نوێی ‌‌حکوومەتی عێراق

دوای زیاتر لە پێنج مانگ لە دەستلەكاركێشانەوەی حكوومەتی پێشوو بەسەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی، رۆژی حەوتی ئایار ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەزۆرینەی دەنگ، متمانەی بەخشی بە ١٦ وەزیر لە كابینەکەی مستەفا كازمی و پێنج كاندیدیش دەنگی پێویستیان بەدەست نەهێنا و رەتكرانەوە و دوو وەزارەتیش بەهۆی نەبوونی كاندید دەنگدان لەسەریان دواخرا.

دوای ئەوەی رۆژی نۆی نیسانی رابردوو، سەرکۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح، مستەفا کازمی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق راسپارد، ناوبراو هەوڵەکانی بۆ پکهێنانی کابینەکەی خستەگەڕ و سەرئەنجام رۆژی حەوتی ئایار ٢٠ لە کاندیدەکانی بۆ وەزارەتەکان خستە بەردەم ئەنجوومەنی نوێنەران.

بەهۆی رێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکان لەسەر بەشێک لە کاندیدەکان، کاندیدی پێنج وەزارەت نەیانتوانی متمانەی ئەنجوومەنی نوێنەران بەدەست بهێنن، هەروەها هەردوو وەزارەتی دەرەوە و نەوت دەنگدان لەسەریان دواخرا.

لەئێستادا کابینەکەی کازمی کە لە ٢٢ وەزارەت پێکهاتووە، تەنها خاوەن ١٥ وەزیرە و پۆستی وەزارەتە بەتاڵەکان لە لایەن وەزیرەکانی دیکەوە بەڕێوەدبرێن و کازمی بە وەکالەت وەزارەتی دەرەوە بەڕێوەدەبات.

مستەفا کازمی لە هەوڵدایە بەزووترین کات وەزارەتە بەتاڵەکان پڕ بکاتەوە و بیانخاتە بەردەم ئەنجوومەنی نوێنەران بەمەبەستی متمانەپێدان، هەروەها ئەو پۆستانەی کە دوای دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکوەزیران بە بەتاڵی ماونەتەوە پڕ بکاتەوە لەوانە سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی و سەرۆک ئەرکانی سوپا.

بۆ ئەوەی کاندیدی ئەو وەزارەتانەی پڕ نەکراونەتەوە متمانەی ئەنجوومەنی نوێنەران بەدەستبهێنن، پێوێستی بە رێککەوتنی پێشوەختەی لایەنە سیاسییەکانە و لەئێستادا ئەو لایەنانەی پشکی ئەو وەزارەتانەیان بەرکەوتووە کاندیدەکانیان یەکلایی کردووەتەوە و دۆینێ پێنجشەممە، ناوی کاندیدەکان بۆ وەزارەتە پڕنەکراوەکان لە حکوومەتی عێراق، رادەستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران کران.

بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، ناوی کاندیدەکان بۆ وەزارەتە پڕنەکراوەکان لە حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی رادەستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، محەمەد حەلبووسی کراون.

بەو پێیە، فوئاد حسێن بۆ پۆستی وەزیری دەرەوە، حاکم سالار بۆ پۆستی وەزیری داد، ئیحسان عەبدلجەبار بۆ پۆستی وەزیری نەوت، حەسەن نازم بۆ پۆستی وەزیری رۆشنبیری، محەمەد کەریم بۆ پۆستی وەزیری کشتوکاڵ، عەلا جبوری بۆ پۆستی وەزیری بازرگانی و ئیڤان فائق بۆ پۆستی وەزیری کۆچ و کۆچبەران، کاندید کراوە.

چاوڕوان دەکرێت رۆژی شەممە، ئەنجوومەنی نوێنەران بەمەبەستی دەنگدان و متمانە بەخشین بە کاندیدەکان، دانیشتن ساز دەکات.



- دیدار و کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدرال

رۆژى ٢٠٢٠/٤/١٦ لە لایەن ئەمیندارى گشتیى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراقەوە بریارێک دەرچووە بە راگرتنى بوودجەى هەرێمى کوردستان و رۆژی ٢٠٢٠/٤/١٩ شاندێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پرسەکانی بوودجە، شایستە داراییەکانی ھەرێم، نەوت، وزە، ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم و چەند پرسێکی دیکە سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکوومەتی عێراق گفتوگۆ و دانوستانی ئەنجامدا.

تا ئێستا سێجار شاندی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کردووە و لەسەر پرسی نەوت و غاز، بوودجە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان گفتوگۆی لەگەڵ شاندی حکوومەتی فیدرال ئەنجامداوە.

حکوومەتی عێراق بڕینی پشکی هەرێمی کوردستان لە بوددجەی گشتیی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە هەولێر پابەندی جێبەجێکردنی رێککەوتنی بوودجەی ساڵی ٢٠١٩ نەبووە کە دەبوو رۆژانە بڕی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بکات و لەڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە ئەو نەوتە هەناردە بکرێت.

دوای ئەو قەیرانەی کە بەهۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر ئاستی جیهان سەری هەڵدا و بەهۆیەوە نرخی نەوت بەڕێژەیەکی بەرچاو دابەزی، بەو پێیەی عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێژەی لەسەدا ٩٠ داهاتەکانیان پشت بە هەناردەکردنی نەوت دەبەستێت، بۆیە حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدرال تووشی کەمی نەختینە بوونەوە.

لەم چوارچێوەیەدا ژمارەیەک لیژنە بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر وردەکاریی ئەو رێککەوتنەی کە چاوەڕوان دەکرێت لەنێوان هەولێر و بەغدا واژوو بکرێت، پێکهێنراوە.

حکوومەتی فیدرال رۆژی ٢٠٢٠/٥/١٩ بە نووسراوی ژمارە ٨٠٢ بە واژووی وەزیری دارایی، عەلی عەبدولئەمیر عەللاوی کە ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی کردووە، رەزامەندی نیشانداوە لەسەر خەرجکردنی بڕی ٤٠٠ ملیار دینار کە ئەم بڕە ٥٣ ملیاری کەمترە لەو بڕەی کە لە بوودجەی ساڵی ٢٠١٩دا وەک شایستەی دارایی هەرێمی کوردستان جێگیرکرابوو.

بەپێی خاڵێک کە لە ناوەڕۆکی نووسراوەکەدا هاتوو، حکوومەتی فیدرال و حکوومەتی هەرێم دەست بە گفتوگۆی چڕ دەکەن بەمەبەستی گەیشتن بە رێکەوتن کە لە مانگێک تێپەڕ نەکات لە رێکەوتی دەرچوونی ئەو نووسراوە کە رۆژی ٢٠٢٠/٥/١٩ و یاسای ئیدارەی مالی دەبێتە بنچینەی ئەم دانوستانانە.

هەروەها دیوانی چاودێری دارایی فیدرالی بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی لە حکوومەتی فیدرال و دیوانی چاودێری دارایی سەرجەم داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم دەستنیشان دەکەن و وردبینی تیادا دەکەن.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی ٢٠٢٠/٥/١٩ بە نووسراوی ژمارە ٢٠١ بە واژووی وەزیری دارایی و ئابووری، ئاوات شێخ جەناب نوری کە ئاراستەی وەزیری دارایی لە حکوومەتی فیدرال، عەلی عەبدولئەمیر عەللاوی کردووە، تیایدا رەزامەندی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لەسەر ناوەڕۆکی نووسراوی ژمارە ٨٠٢ی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدرال نیشانداوە.

لەئێستادا خاڵی ناکۆکی نێوان حکوومەتی فیدرال و حکوومەتی هەرێمی کوردستان پرسی رادەستکردنی داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانە بە بەغدا، چونکە هەرێمی کوردستان رەزامەندی نیشانداوە بە رادەستکردنی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بە بەغدا و هەناردەکردنی لەڕێگەی سۆمۆوە، بەڵام بیانووی حکوومەتی فیدرال ئەوەیە کە لەئێستادا نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا لەو ئاستەدا نییە کە بتوانێت خەرجییەکانی عێراق پڕ بکاتەوە، بۆیە حکوومەتی فیدرال داوای رادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم دەکات و لە بەرامبەردا، هەرێم بەمەرجی پێدانی کۆی گشتیی مووچەی فەرمانبەران و شایستە داراییەکانی هەرێم، ئامادەیە گفتوگۆ لەسەر ئەم پرسە بکات.

بەپێی زانیارییەکان، حکوومەتی عێراق بە هەرێمی کوردستانی راگەیاندووە کە تاوەکو گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی، ئامادە نییە هیچ بڕە پارەیەکی دیکە بۆ هەرێمی کوردستان رەوانە بکات.

بۆیە چاوەڕوان دەکرێت دیدار و کۆبوونەوەکانی نێوان شاندی حکوومەتی فیدرال و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی گەیشتن بە رێککەوتن دەست پێ بکاتەوە.




- کۆبوونەوەی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردووەوە پەیوەندییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ساردی بەخۆیەوە بینووە، بەتایبەت دوای ئەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ٢٠١٩/١٢/٢١ چوارەمین کۆنگرەی خۆی بە ناوی "کۆنگرەی نوێبوونەوە" لە شاری سلێمانی بەست و هاوسەرۆک و سەرکردایەتی نوێی بۆ حزبەکەی هەڵبژارد.

ئەگەر چی تا ئێستا دووجار وادەی کۆبوونەوەی نیوان مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی دیاریکرا، بەڵام هەردووجارەکە کۆبوونەوەکە بەڕێوەنەچوو و هەڵوەشایەوە.

رۆژی حەوتی حوزەیران، پەرلەمانی کوردستان لە دانیشتنێکدا کە بەبێ ئامادەبوونی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و فراکسیۆنەکانی (یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵی ئیسلامی، بەرەو ئیسلاح "یەکگرتوو" و نەوەی نوێ) بەڕێوەچوو، پارێزبەندی لەسەر ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی، سۆران عومەر هەڵگیرا.

دانیشتنەکەی پەرلەمانی کوردستان کاردانەی بەدوای خۆیدا هێنا و بووە هۆی دواخستنی کۆبوونەوەی نێوان مەکتەبی سیاسیی هەردوو حزبی سەرەکی پێکهێنەری حکوومەتی هەرێم.

*ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، سەرکۆماری عێراق و سەرۆکی هەرێمی کوردستانی بەیەک گەیاند.

رۆژی ٢٠٢٠/٥/١١، هەریەک لە سەرکۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح هاوکات ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی هاوکات جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری سلێمانی کۆبوونەوە.

بەپێی راگەیەنراوێک کە دوای دیدارەکە بڵاوکرایەوە لە تەوەرێکی دیداره‌که‌دا بەرهەم ساڵح و نێچیرڤان بارزانی جه‌ختیان له‌ يه‌كڕيزى و ته‌بايى له‌ هه‌رێمی کوردستان كرده‌وه‌، به‌ جۆرێك هه‌موو لایه‌نه‌کان دوور له‌ گرژی و ئاڵۆزی، تواناکانیان بۆ به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنی پێداویستيی هاووڵاتییان و دابينكردنی بژێویان و سه‌قامگیريی سیاسی و ئه‌منی، ته‌رخان بکه‌ن.

چاودێرانی سیاسیی پێیانوایە کە دیدارەکە کاریگەری هەبووە لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نیوان هەردوو حزب.

چەند رۆژێک دوای دیدارەکە، بڕیار بوو پارتی و یەکێتی کۆببنەوە، بەڵام خۆپیشاندانەکانی پارێزگای دهۆک و لێدوانەکانی پارێزگاری دهۆک، فەرهاد ئەتروشی لەسەر ئەو لایەنانەی کە بەگوتەی فەرهاد ئەتروشی لە پشت خۆپشاندانەکاندا بوونە لەو شارە و ناوهێنانی هاوسەرۆکی یەکێتی، لاهور شێخ جەنگی لەو پرسەدا، نیگەرانی یەکێتی بەدوای خۆیدا هێنا و جارێکی دیکە پارتی ویەکێتی بەیەک نەگەیشتن.

لەئێستادا کە هەوڵەکان لە ناوخۆی هەرێم و لەسەر ئاستی باڵای هەردوو حزب چڕکراوتەوە بۆ کۆبوونەوە، چاوەڕوان دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا، هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆببنەوە.



- دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان دەست پێ دەکاتەوە

پەرلەمانی کوردستان رۆژی حەوتی حوزەیران لە دانیشتنێکی ئاساییدا هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئومێد خۆشناو و سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان، عەلی حەمەساڵح و پەرلەمانتاری فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی، سۆران عومەر و پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان، شیرین ئەمین خستە دەنگدانەوە.

رۆژێک بەر لە دانیشتنەکەی پەرلەمان، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، رێواز فایەق لە پرێس کۆنفرانسێکدا رایگەیاند، واژوو لەسەر بەرنامەی کارێک ناکات کە هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاران لەخۆبگرێت.

دواتر به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنی ژماره‌ (٤)ی ئاسایی خولی به‌هاره‌ى رۆژی حەوتی حوزەیران بە واژووی جێگری سەرۆکی پەرلەمان، هێمن هەورامی و سکرتێری پەرلەمان، مونا نەبی قەهوەچی بڵاوکراوەیەوە.

لە دانیشتنەکەدا هەریەک لە سەرۆکی پەرلەمان، رێواس فایەق و فراکسیۆنەکانی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵی ئیسلامی، یەکگرتووی ئیسلامی، نەوەی نوێ و ئازادی ئامادە نەبوون.

دانیشتنەکە بە سەرۆکایەتی جێگری سەرۆکی پەرلەمان، هێمن هەورامی بەڕێوەچوو، دوای خستنەدەنگدانی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر هەر چوار پەرلەمانتارەکە، بەدەنگی ٥٧ پەرلەمانتار لە کۆی ٥٨ پەرلەمانتاری ئامادەبووی دانیشتنەکە، پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامی، سۆران عومەر هەڵگیرا.

ئەم هەنگاوە پەرلەمانی کردە دوو بەرە، فراکسیۆنی پارتی و پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان لەلایەک و ئەوانەی ئامادەی دانیشتنەکە نەبوون، کەوتنە لایەکەی دیکە.

رۆژی ٢٠٢٠/٥/١٣ سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، ئومێد خۆشناو رایگەیاند، سەرۆک فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان رێککەوتوون بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی پەرلەمان، بەڵام رۆژی دواتر ئەو دانیشتنە ئەنجام نەدرا.

رۆژی یەکشەممەی رابردوو کە یەکەم رۆژی دەستپێکردنەوەی دەوامی ئاسایی بوو لە دوای جەژنی رەمەزان، سەرۆک و ژمارەیەک لە ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان بەمەبەستی جەژنە پیرۆزە سەردانی سەرۆکی پەرلەمان و فراکسیۆنەکانی دیکەی پەرلەمانیان کرد، ئەمەش هەنگاوەش بۆ رەوانەوەی ئەو ساردییە بوو کە لەنێوان بەشێک لە فراکسیۆنەکانی پەرلەمان دروست ببوو.

بۆیە چاوەڕوان دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا دانیشتنی نێوان فراکسیۆنەکان بەمەبەستی ئاساییکردنەوەی دۆخی پەرلەمان و دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکان، ئەنجام بدرێت.



بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın