شیکردنەوە

شیکردنەوە.. ئامانجە ستراتیجییەکانی ماکرۆن لە داننان بە کۆمەڵکوژییدا

- کۆڵۆنیالیزم کە بنەمای پارادایمی عەقڵی دەوڵەتی فەڕەنسییە، قۆناغی نوێسازیی تەواوکرد و، بووە پۆستکۆڵۆنیاڵ کە لەڕووی مێژووی مرۆڤایەتییەوە دەرەنجامێکی مەترسیداری لێکەوتەوە.

Dr. Yaşar Demir  | 03.06.2021 - نوێکردنەوە : 03.06.2021
شیکردنەوە.. ئامانجە ستراتیجییەکانی ماکرۆن لە داننان بە کۆمەڵکوژییدا

Istanbul


ئیستانبوڵ - AA / د. ياشار دەمير

کۆڵۆنیالیزم کە بنەمای پارادایمی عەقڵی دەوڵەتی فەڕەنسییە، قۆناغی نوێسازیی تەواوکرد و، بووە پۆستکۆڵۆنیاڵ کە لەڕووی مێژووی مرۆڤایەتییەوە دەرەنجامێکی مەترسیداری لێکەوتەوە. فەڕەنسا کە لەپێناو پاراستنی هەژموونی کۆمەڵایەتیی-ئابووریی لە رواندا لە ئەفریقای ناوەراست جێگیر بوو، بەهۆکاری کوشتنی یەک ملیۆن کەس ناوی چووە مێژووەوە.

مشتومڕە توندە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی فەڕەنسا کە ساڵانێکە لە نێوان سیاسەتمەداران، رۆشنبیران، هونەرمەندان و زۆرێک لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی درێژەی هەیە، ئەمڕۆ گەیشتە خاڵێکی دیاریکراو. یەکەمجارە لە لایەن سەرۆکێکی دەوڵەتی فەڕەنساوە بە دەنگێکی بەرز باس لەو راستیە کرا کە لە روواندا کۆمەڵکوژیی کراوە. پێش خستنەڕووی ئەوە باشترە سەرەتا پەیوەندی فەڕەنسا لەگەڵ رواندا و رووداوەکانی دواتر وەبیربهێنرێتەوە.

لە رواندا سێ هۆزی بنەڕەتی کاریگەر بوون. هوتووەکان، توتسییەکان و پیگمەکان کە زۆرینەبوون.

روانداییەکان کە لە بنەڕەتدا لە رووی رەگەز و کولتوورەوە یەک بوون، لەگەڵ چوونی خۆرئاواییەکان بۆ ناوچەکە لە رووی سیاسیی و کۆمەڵایەتییەوە کەوتنە رەوشێک کە گەڕانەوەی نەبوو. لێرەدا ئەوانەی یەکەم کۆڵۆنیان دامەزراند لە ١٨٩٠دا ئەڵمانەکان بوون. لەو وڵاتەدا کە دوای جەنگی جیهانیی یەکەم درا بە بەلجیکییەکان. لە ئاکامی ئەو واتایانەی بە ئەنقەست درانە پاڵ کولتووری هۆز شەڕی ناوخۆ هەڵگیرسا، ئەوە لەکاتێکدا بوو کە لە هەمان گەل بوون. لەو کاتەدا پشتیوانی لە توتسییەکان کرا کە کەمایەتی بوون. ئەوانە سەرەڕای ئەوەی کەمایەتی بوون بەڵام بەهۆی بڵاوکردنەوەی بۆچوونی ئەوەی کە ئەوان بەناوبانگتر، بوێرتر و لە رووی جەستەییەوە بەهێز و جوانن، لە وڵاتدا کرایە لایەنی کاریگەر.

هوتووەکان کە زۆرینە بوون مامەڵەی کەسی پلە دوویان لەگەڵدا کرا. بەدڵنیاییەوە بەهۆی ئەوەوە جیاکاری قوڵ لەنێوان هەردوو هۆزەکە دروست بوو لە رووی کۆمەڵایەتیی-کولتووریی و کۆمەڵایەتیی-سیاسییەوە. ئەو قۆناغە هەتا دوای جەنگی جیهانی دووەم درێژەی کێشا. بەلجیکییەکان کە لە ناوچەکەدا سەروەربوون، گۆڕانکاریەکی لەناکاویان کرد و ئەمجارە پشتیوانیان لە هوتوەکان کرد و لە دژی توتسییەکان هانیاندان، ئەوەیش شەڕ و پێکدادانی لێکەوتەوە و لەو دۆخەشدا لە ساڵی ١٩٦٢دا سەربەخۆیی وڵاتەکە بە رێبەرایەتی نەتەوەیەکگرتووەکان ناسێندرا و هەڵبژاردن رێکخرا و، بزووتنەوەی ئازادی هوتو کە لە هەڵبژاردنەکاندا زۆرینەی لەدەستدا بوو دەسەڵاتی گرتە دەست. بەو هێزەی بە گرتنەدەستی دەسەڵات دەستیانکەوت دەستیان کرد بە هێرشکردنە سەر توتسییەکان کە لە رووی کۆمەڵایەتیی-سیاسییەوە بەهێزتر بوون. لەو هێرشانەدا ١٦٠ هەزار توتسیی کوژران. توتسییەکان کە لەسەدا نۆی ژمارەی دانیشتوانی وڵاتەکەیان پێکدەهێنا بواری ژیانیان واز لێنەهێنا. ئەوەیش راستییە کە بەلجیکییەکان تەماشاکەربوون لەو رووداوانەدا و هیچ دەستوەردانێکیان نەکرد.

پێویستە باس لەوەش بکرێت کە لە نێوان هوتووەکاندا ململانێی دەسەڵات هەبوو. لە ساڵی ١٩٧٣دا جوڤێنال هابیاریمانا کە خۆشی هوتو بوو لەڕێگەی کودەتاوە هاتە سەر دەسەڵات. بەڵام هیچ گۆڕانکارییەک لە رەوشی توتسییەکاندا رووینەدا. لە کۆتاییدا ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆری توتسی بۆ وڵاتانی دەوروبەر و بەتایبەت ئوگاندا بەردەوامبوو. لە نێوان هەردوو هۆزەکەشدا شەڕێکی خوێناوی دەستیپێکردبوو و ژیان لە رواندا وەستابوو. لە وڵاتی ئوگاندا-ش دەسەڵاتی بەڕیتانیا چالاک بوو. هەرچەندا بەلجیکا پشتیوانی هوتووەکان و بەڕیتانیا پشتیوانی توتسییەکانی دەکرد بەڵام ئەو دوو وڵاتە دەربارەی پرسی رواندا هیچ گرژییەک نەکەوتە نێوانیان، بە پێچەوانەوە بەڕیتانیا و بەلجیکا وەک دوو وڵاتی هاوپەیمان رەفتاریان دەکرد.

- رۆڵی فەڕەنسا لە کۆمەڵکوژییەکەدا

گەورەبوونی پێکدادانەکان بۆ ئاستی کۆمەڵکوژی بە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی سەرۆکی رواندا، جوڤێنال هابیاریمانا لە شەشی نیسانی ١٩٩٤دا دەستیپێکرد. بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لەبەردەستدان لە ماوەی چەند مانگێکدا ٨٠٠ هەزار بۆ یەک ملیۆن توتسی کۆمەڵکوژ کران. بەجۆرێک کوشتنی توتسییەکان بە ئەشکەنجەی سەخت بووبووە ئەرکێکی بەبایەخ لای هوتووەکان. دەنگۆی جیددیش هەیە دەربارەی ئەوەی کە کڵێسا، رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و رێکخراوە هاریکارییەکانیش لە رواندا پشتیوانی ئەم کۆمەڵکوژییەیان کردوە.

رۆڵی فەڕەنسا لە کۆمەڵکوژی رواندا لەوێوە پەرەی سەند کە لە ساڵانی ١٩٧٠دا و کاتێک کیشوەری ئەفریقای بە موڵکی خۆی دەزانی، لە بواری سەربازییدا لەگەڵ حکوومەتی رواندا هەماهەنگی دەکرد. لێرەوە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات گەشەی کرد تا گەیشتە ئەوەی کە لە ساڵانی ١٩٩٠دا هەماهەنگییەکان چووبوونە ئاستێکی جیددییەوە و لەو کاتەدا فەڕەنسا جێگای بەلجیکای گرتبووەوە. سوپای رواندا بە چەکی فەڕەنسا چەکدار دەکران و توتسییەکانیش بەم چەکانە کۆمەڵکوژ دەکران.

هەرچەندە فەڕەنسا یەکێک بوو لەو وڵاتانەی کاردانەوەی دژی کۆمەڵکوژی توتسییەکان نیشاندا، بەڵام جەین ڤارێت کە لە کاتی کۆمەڵکوژییەکاندا سەربازبووە، لە ئاداری ٢٠١٩دا لە چاوپێکەوتنێکدا بەڕاشکاوی باسی لە رووداوەکانی ئەوکات کرد، ئەو ئەفسەرە خانەنشینە، ئاماژەی بەوەشدا کە پێدانی پشتیوانی سەربازیی بە هوتووەکان، لەلایەن فەڕەنساوە کارێکی راست نەبووە و بەم چەکانە کەسانی بێتاوان بێبەزەییانە کوژراون. بەڵام لەم بابەتەدا سوپاسالاری فەڕەنسا گوێی لێنەگرتووە و تەنانەت چەند بەرپرسێکی باڵای سەبازیی هەوڵیانداوە لە پۆستەکەی دووری بخەنەوە. لە ئاکامدا بە فەرمانی سەرۆکی ئەو کاتی فەڕەنسا، فرانسۆ میتێران، فەڕەنسا لەپاڵ بزووتنەوەیەکی سەربازییدا بەناوی بزووتنەوەی (پیرۆزەیی) رۆڵی هەبوو لە رووداوەکانی رواندا. ئەم هەڵوێستەی فەڕەنسا وزە و ورەی زیاتری دایە هوتووەکان و تەنانەت دەنگۆی جیددی هەن دەربارەی ئەوەی کە ئەنجامدەرانی کۆمەڵکوژییەکان لەلایەن دەسەڵاتدارانی فەڕەنساوە پەنادراون و لەم بارەیەشەوە کۆمەڵێک داوای یاسای تۆمار کراون.

دانپێدانی جیددی ھەیە سەبارەت بە ھەڵوێستی فەڕەنسا. بۆ نموونە، وەزیری تەندروستیی ئەو کاتەی فەڕەنسا، بیرنارند کۆشنەر، پەیوەندی بە سەرکۆمارەوە کرد و دۆخەکەی پێڕاگەیاند، بەڵام میتێران پێی گوت "رووداوەکە گەورە دەکەیتەوە" و تەلەفۆنەکە دادەخات. ھێشتا ھۆکاری بێدەنگبوونی فەڕەنسا لە بەرامبەر کۆمەڵکوژییەکانی رواندا، پێویستی بە روونکردنەوە هەیە. بەپێی ئەو بەڵگانەی کە لە دوایین لێکۆڵینەوە بەدەستھاتوون، ھوتووەکان بە زمانی فەڕەنسی قسە دەکەن و زیاتر بە دۆستی فەڕەنسی قبوڵکراون. دەکرێت بگوترێت کە فەڕەنسا بە سایەی ئەمەوە کاریگەریی خۆی لە ناوچەکە سەپاندووە. لە بەرامبەر ئەمەدا، توتسییەکان لەلایەن بەریتانەکانەوە پاڵپشتکراون. ئەگەر لەم دوو خاڵە بڕوانین، دەتوانین ئەوە بەدەستبھێنین کە لە ئاکامی رکابەریی کۆنی فەرەنسی-بەریتانی لە وڵاتێکی بێتاوانی وەکو رواندا، ھەموو بەھا مرۆییەکان خراوەنەتە ژێرپێ و یەک ملیۆن کەس کوژراون. وەکو دەبینین پۆست-داگیرکاری (دوای داگیرکاریی) ھێشتا لە ئەفریقا بەردەوامە لە خوێنرشتن.

دەربارەی ھەڵسەنگاندنی رووداوەکانی رووداندا بەوەی بە جینۆساید بناسرێت، ئەوە زۆر گرنگە سەیرى پێناسەی جینۆساید بکەین لە یاسای نێودەوڵەتییدا. وشەی جینۆساید “Jenosid” دەستەواژەیەکە لە وشەی جینۆ “geno”ی یۆنانی کە واتای نەژاد دەگەێنێت و وشەی ساید “cide”ی لاتینی کە بە مانای کوشتن دێت پێکھاتووە. مێژوونووسی پۆڵەندی رافێل لیمکین لە ساڵی ١٩٣٣دا بۆ یەکەمجار دەستەواژەی جینۆسایدی بەکارھێناوە و دەڵێت، "بە واتای پاکتاوکردن و لە ناوبردنی جەستەیی و کولتووریی گرووپە نەتەوەیی، ئایینی و نەژادییەکان دێت". لە ئەنجامدا، دەستەواژەی جینۆساید، لە دوای ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لە جەنگی جیھانیی دووەمەوە لەلایەن نازییەکانەوە دووبارە کەوتەوە بەرباس و لە ٩ی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٤٨ کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە کۆبوونەوەیەکدا بەو شێوەیەی کە پێناسە کراوە ناساندی و بەکۆی دەنگ ئەو حوکمانەی کە لەسەر ئەو وڵاتانەی کە لەسەریان جێبەجێدەکرێت، پەسەند کرد.

- رەھەندە سیاسییەکانی دانپێدانەکە

ئەوەی جێگەی سەرنجە، لە ساڵانی رابردوودا بە بەردەوامی ناوی فەڕەنسا وەکو ھاوبەش لە تاوانی کۆمەڵکوژی توتسییەکاندا دەھات. بە رادەیەک، بە دەنگی بەرز داوا دەکرا کە دەبێت فەڕەنسا بەھۆی رابردووە داگیرکارییەکەیەوە داوای لێبوردن بکات. لەم چوارچێوەیەدا، بۆ یەکەمجار، سەرکۆمار ئیمانوێل ماکرۆن، زیاتر لە نزیکەوە لەم پرسە نزیکبوویەوە و لیژنەیەکی بە سەرۆکایەتی مێژوونووس ڤنسنت دۆکلێرت پێکھێنا. ئامانج لە پێکھێنانی لیژنەکە، ئاشکراکردنی ھەڵوێستی فەڕەنسا بوو لە ھەمبەر جینۆسایدی رواندا. لە کۆتاییدا، راپۆرتی لیژنەکە ئاشکراکرا و لەلای کەسانێک بە ھەنگاوێکی ئەرێنی لێکدرایەوە و لەلایەن ئەو سیاسەتمەدارانەی کە بەرگریی لە سیاسەتی داگیرکاریی دەکەن نارەزایەتی لێكەوتەوە. بەپێی راپۆرتەکە، ئەگەرچی فەڕەنسا راستەوخۆ بەشداری لە جینۆسایدەکە نەکردووە، بەڵام بەھۆی پاڵپشتیکردنی ھوتووەکان و ھەبوونی سەربازیی لە ناوچەکە و بێدەنگبوونی لە بەرامبەر ئەو کۆمەڵکووژییەی کە روویداوە ئەوە بە ھاوبەشی تاوانەکە ھەژمار کراوە. لە کۆتاییدا، ماکرۆن، رووبەڕووی رابردوویی داگیرکاری وڵاتەکەی بووەوە و لەگەڵ داواکردنی لێبووردن بوو و مشتومڕێکی دیکەی دەستپێکرد.

د. ياشار دەمير، لە ساڵى ٢٠١٠ بڕوانامەى دكتۆراى لە زانكۆى سترازبۆرگ بەدەستهێناوە و نووسەرى كتێبەكانى "سياسەتى فەڕەنسا لە رۆژهەڵاتى نزيك" و "سووريا و هاتاى"ـە


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın