شیکردنەوە

شيكارى.. چى جياوازيەک لە هەڵبژاردنەكانى ئێراندا هەيە؟

- بەپێچەوانەی چاوەڕوانییەکان، ھیچ ئەگەرێکی ئەوە لە ئارادا نەبوو کە لە دوای گوتارەکەی خامنەیی ئەو کاندیدانەی کە ڤیتۆ کرابوون پەسەند بکرێن. لە راستیشدا، بە ھیچ شێوەیەک ناکرێت ڤیتۆکردنی کاندیدەکان بەبێ ئاگاداری خامنەیی ئەنجامدرابێت.

Dr. Hakkı Uygur  | 10.06.2021 - نوێکردنەوە : 10.06.2021
شيكارى.. چى جياوازيەک لە هەڵبژاردنەكانى ئێراندا هەيە؟

İstanbul

ئیستانبوڵ - AA

خەڵکی ئێران کە لە ١٨ی حوزەیراندا دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و بەشداریی لە ١٣ھەمین ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری وڵاتەکەیاندا دەکەن. لە پاش شۆڕشی ئیسلامی و دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٨٠دا بۆ یەکەمجار ئەبو حەسەن بەنی سەدر بۆ ئەو پۆستە ھەڵبژێردرا، زۆر کەس لەو پۆستەدا کاریان کردووە کە باڵاترین پۆستی ھەڵبژێردراوە لە ئێران. پاش ئەوەی بەنی سەدر ناچار بوو بەرەو دەرەوەی وڵات ھەڵبێت، محەمەد عەلی رەجایی لە ماوەیەکی زۆر کورتدا پۆستەکەی وەرگرت، لە دوای تیرۆرکردنی رەجایی-ش عەلی خامنەیی، ھاشمی رەفسەنجانی، محەمەد خاتەمی، مەحمود ئەحمەدی نەژاد و حەسەن روحانی لە لایەن خەڵکی ئێرانەوە بۆ ئەو پۆستە ھەڵبژێردراون کە دەستووری وڵات وەک پیاوی دووەمی وڵاتەکە دەیناسێنێت.

لە راستییدا ھەر لە یەکەم رۆژەوە ناساندنی وەک ''کۆماری ئیسلامی'' جێگەی مشتومڕ بوو و ناکۆکی ھەبوو لەبارەی چۆنییەتی ناساندنی پەیوەندی نێوان ئەو دوو دەستەواژەیە. لەگەڵ ئەوەشدا تەنانەت لە نێوان باڵاترین کەسایەتیەکاندا رێککەوتنێک نییە لەبارەی چۆنییەتی پڕکردنەوەی ناوەڕۆکی دەستەواژەی ویلایەتی فیقھی کە میحوەری دەستووری نوێیە. ئەو رەوشە نەک تەنیا لە نێوان بزووتنەوە سیاسییە جیاوازەکاندا وەک بزووتنەوەی ئازادیی بە رێبەرایەتی یەکەم سەرۆکوەزیران، مەھدی بازرگان یان موجاھیدی خەلق بە رێبەرایەتی مەسعود رەجەوی کە دواتر گۆڕا بۆ ''رێکخراوی تیرۆریستیی''، بەڵکو تەنانەت بۆ کەسێکی وەک خومەینی بەو شێوەیە بوو کە رێبەر و تیۆریستی شۆڕشەکە بوو بەبێ مشتومڕ. ھەرچەندە لەگەڵ گەڕانەوەی بۆ ئێران ویستی کاری حکوومەتی بۆ سیاسییەکان جێبھێڵێت و لە قوم نیشتەجێبێت، بەڵام لەلایەن کەسانی دەوروبەریەوە کە دەزانرا ئەوە بە چ واتایەک دێت، بە بیانووی کێشەی تەندروستییەوە قایل کرا لە تاران بمێنێتەوە.



- ململانێی نھێنی و ئاشکرای ھێز

سەرەتا مشتومڕەکانی بەنی سەدر، دواتریش خامنەیی لەگەڵ خومەینی لەسەر دەسەڵات، ھۆکارەکانی وەک کاریگەری گەورەی ئەحمەد خومەینی لەسەر باوکی، نەک تەنھا لە نێوان خومەینی و سەرکۆمارەکاندا بەڵکو لەسەر بابەتی ئایەتوڵڵا مونتەزەڕی-ش کە بڕیاربوو ببێتە جێنشینی خومەینی، کێشەی گەورەی دروست کردبوو.

رکابەریی نھێنی و ئاشکرای رابەری شۆڕشی ئێران، ئایەتوڵڵا خومەینی لەگەڵ مونتەزەڕی کە لەلایەن ئەنجوومەنی شارەزایانەوە بەفەرمی ھەڵبژێردرابوو ھەروەھا رکابەرییەکانی دیکەی لەگەڵ سەرۆکوەزیران، موسەوی و بەشێکی زۆری بەرپرسانی حکوومەت، پاشان مەرگی ئەحمەد خومەینی لە دوای مەرگی باوکی بوونە ھۆی سەرکەوتنی خامنەیی و رەفسنجانی کە ھەردووکیان کاریان بۆ ھەڵگرتنی پلەی جێنشین و سەرۆکوەزیران دەکرد و ھەوڵیان دەدا لە ئێران یەک دەسەڵاتی سەرۆکایەتی ھەبێت، بەڵام دوای ماوەیەک لەنێوانیاندا ناکۆکی جیددی سەریان ھەڵدا.

مەحمود ئەحمەدی نەژاد، کە بە تەمەن زۆر لەوان گەنجتر بوو و لە ھەمان کاتدا پیاوی ئایینیش نەبوو، لە ساڵی ٢٠٠٥دا وەک سەرکۆماری ئێران ھەڵبژێردرا، سەرەتا وا پێشبینی دەکرا کە ھەڵبژاردنی ئەحمەدی نەژاد ببێتە ھۆی کۆتاییھێنان بەو گرفتانەی لە نێوان خامنەیی و سەرکۆمارەکانی پێشوودا ھەبوون، چونکە ئەحمەدی نەژاد نە کاریگەری و ئەزموونی رەفسنجانی و نە رەھەندی لیبڕالییانەی خاتەمی بۆ سیاسەت ھەبوو. بەڵام رووداوەکان بەوشێوەیە نەبوون کە پێشبینیدەکران، بەتایبەت لە نیوەی دووەمی سەرۆکایەتییەوە کێشە و ناکۆکی گەورە لە نێوان ئەحمەدی نەژاد و خامنەیی دروستبوو، ھەرلەگەڵ کۆتاییھاتنی ماوەی سەرکۆماری، تەواوی دەوروبەرەکەی ئەحمەدی نەژاد دەستگیر کران و خۆ کاندید کردنیشی بۆ خولەکانی داھاتووی سەرۆکایەتی کۆمار، لەلایەن ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور رەتکرایەوە.

شتێکی سەرسوڕھێنەریش نەبوو کە حەسەن روحانی-ش ھەمان قەدەری سەرکۆمارەکانی پێش خۆی ھەبوو. روحانی، کە رۆڵی ھەبوو لە سەرکوتکردنی بزووتنەوە خوێندکارییەکانی دژبە شۆڕشی ئیسلامی، کاتێک بووە کاندیدی سەرکۆمار، دەستیکرد بە بڵاوکردنەوەی پەیامی میانڕەوانە.
ھەوەھا گەیشتنە رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا دەربارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، وایکرد روحانی پشتیوانییەکی گەورەی لەلایەن گەلی وڵاتەکەیەوە لێبکرێت. ئەمەش ورەی ئەوەی دایە حەسەن روحانی کە بەئاشکرا رەخنە لە گوتەکانی خامنەیی بگرێت. بەڵام ھاتنە سەر دەسەڵاتی دۆناڵد ترەمپ و کشانەوەی یەکلایەنەی ئەمریکا لە رێککەوتننامە ئەتۆمییەکە، چەندێک گرفتی بۆ سیاسەتی دەرەوەی ئێران دروست کرد، ئەوەندەش ئاستەنگی خستە بەردەم پلانە ناوخۆییەکانی روحانی. ھەروەھا خراپبوونی رەوشی ئابووری و تۆمەتبارکردنی حەسەن روحانی لە بەرامبەر متمانەکردنی بە ئەمریکا، دواتریش کاریگەرییەکانی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا وای کرد نازناوی "شکستخواردووترین سەرکۆماری مێژووی ئێران" بدرێتە حەسەن رۆحانی.

رژێمی نوێ لەرێگەی شۆڕشی جەماوەریی ساڵی ١٩٧٩ و دەستبەجێ دوای ئەوەش لەرێگەی ئەنجامدانی ریفراندۆم لەبارەی دەستوور، رەوایەتی جددیی دەستەبەرکرد و گرنگی زۆری بەو ھەڵبژاردنانەی لە وڵاتەکە سازدەکران دەدا، لەسەرووشیانەوە ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆمار، و ئەمەی وەک "دیموکراسیی ئیسلامیی" پێشکەشکرد. ئەگەرچی لە چەند ھەفتەیەک زیاتر ناخایەنێت، بەڵام لەچوارچێوەی پێواژووەکانی ھەڵبژاردندا ئازادییەکی رووکەشی رادەربڕین دەستەبەردەکرێت و ئەو کەسایەتییانەی لە کاتی ئاساییدا بۆیان نییە دەرکەون، لەو کاتەدا لە شوێنە گشتییەکان خۆیان دەردەخەن و بانگەشە دەکەن. دیسانیش رەھەندی ئایینی کارەکە وەلا نانرێت و چ زانایانی ئایینی و چ کاربەدەستانی دەوڵەت، ئاماژە بەوەدەکەن کە بەشدارییکردن لە ھەڵبژاردن بە "واجب-فەرز"ە. ھەر بۆیە تەکفیرکردنی ئەو چینانەی کە بانگەشەی بایکۆتکردنی ھەڵبژاردنەکان دەدەن لەلایەن زانایانی فەرمی ئایینییەوە ھیچ مایەی سەرسووڕمان نەبوو. بە کورتی لە دۆخی ئاساییدا چەندێک دەکرێت ئاستی بەشدارییکردن لە ھەڵبژادنەکاندا بەرزبێت، یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی بەڕێوەبردن و ئەم رێژەیە بە گشتیی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە یان وڵاتانی خۆرئاوا بەراورد دەکرێت و وەک ئاماژەی ئاستی خاوەندارێتییکردنی دانیشتوانی ئێران لە دەوڵەت و سیستمی بەڕێوەبردن لە وڵاتدا لێکدەدرێتەوە.



- "قۆناغی دووەمی شۆڕش"

لە چوارچێوەی ئەو پێواژووەدا کە کورتکراوەتەوە، لەم ھەڵبژاردنەدا، رەتکردنەوەی کاندیدبوونی کەسایەتییەکی وەک عەلی لاریجانی کە لە ماوەی ٤٠ ساڵی رابردوودا سەرۆکایەتی ھەستیارترین و گرنگترین جوومگەکانی دەوڵەتی کردووە، و لێدوانی ژمارەیەک کاربەدست بەوەی کە گوتبوویان "نیگەرانیی بەشدارییکردنمان نییە لە ھەڵبژاردندا، تەنانەت ئەگەر لە ٣٠ لەسەدیشدا بمێنێتەوە، گرفت نییە"، مایەی سەرنج بوو. چونکە تەنانەت ئەگەر سڕینەوەی ریفۆرمخوازان لە لووتکەی سیاسەت زۆریش بێت، بەڵام لادانی ھێڵی رەفسەنجانی-روحانی-لاریجانی لە سیاسەتی ئێران، شتی دیکە دێنێتە ئاراوە و دەبێتە ھۆی پرسینی ئەو پرسیارەی کە ئەم ھەڵبژاردنە جیاوازیی لەگەڵ پێنج ھەڵبژادنەکەی دیکەدا چییە؟. ھەر لەو پێوەندەدا لە ئێران مشتومڕی کۆماری ئیسلامی-دەوڵەتی ئیسلامی دەھێنێتە نێو هزرەکانەوە. ئەوەی کە کۆمار لە تەقالیدی ئیسلامییدا جێگەی نابێتەوە، بەڵکو شێوازێکە لەچوارچێوەی بەرژەوەندییدا بۆ ماوەیەکی کاتی خاوەندارێتیی لێکراوە، و پێویستە دەوڵەتی ئیسلامی بە سەرۆکایەتی زانایانی ئایینی پێکبھێنرێت و ھەڵبژاردنەکان وەلا بنرێن ئەگەرچی تەنھا رووکەشیش بن. پێویستە ئەوە لەبیر نەکرێت کە ھەرچەند ئایەتوڵڵا میسباح یەزدی-ش کۆچی دوایی کردبێت و ئەم تێزە بە مردنی ئەو داکۆکیکارێکی گرنگی لەدستدابێت، بەڵام ئەم بۆچوونە لەنێو سیاسییە محافزکارەکاندا لایەنگری ھەیە.

لەگەڵ ئەمەشدا، چەند ئاماژەیەک ھەیە لەسەر ئەو دوورخستنەوە زۆرەی کاندیدەکان لە پرۆسەی ھەڵبژاردن و لە ئەنجامدا دابەزینی رێژەی ھەڵبژاردن، کە لە گەنگەشە تیۆرییەکان زیاتر پشت بە ھۆکاری بەرھەستی دەبەستێت. لەسەرووی ئەمانەشدا، داکەواندنی پەڕینەوە بۆ قۆناغی ناسراو بە "قۆناغی دووەمی شۆڕش" دێت. کاندیدی پەسەندکراوی ھەڵبژاردنەکان سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری، ئێران ئیبراھیم رەئیسی، تەنھا نابێتە سەرکۆمار، بە پێچەوانەوە بۆ ئەوە ئامادەدەکرێت کە لە دوای خامنەیی بکرێتە رابەری شۆڕش لە ئێران، کە سیناریۆیەکە ماوەیەکی دوور و درێژە لە ئێران باسی لێوە دەکرێت. بانگەوازەکانی ئەنجوومەنی شارەزایان و ئەندامانی پەرلەمان سەبارەت بە خۆکاندیدکردن و راگەیاندنی کاندیدە موحافیزکارەکانی دیکە دەربارەی کشانەوەیان لە ئەگەری خۆکاندیدکردنی رەئیسی، ئەو دەنگۆیانە پشتڕاست دەکاتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، رانەگەیاندنی خۆکاندیدکردنی رەئیسی، تاکو دوا ساتەکانی وادەی دیاریکراو، ببوە ھۆی بڵاوبوونەوەی دەنگۆی ئەوەی کە خامنەیی رەزامەندی لەسەر کانیدیدکردنی نەبووە. بەگوێرەی سیناریۆیەکی دیکە، ھەرچەندە خامنەیی، لە پاش خۆی رەئیسیی بۆ سەرکردایەتی شۆڕش بە گونجاو بزانێت ئەوە نایەوێت تووشی پۆستی سەرکۆماری بکات. دۆخی قورسی کۆمەڵایەتی و ئابووری ئێران و لاوازبوونی لایەنی سیاسیی رەئیسی و ئەو ھەڵە زەقانەی کە لە دوایین دەرکەوتنی بۆ رای گشتی تێیکەوت، ئەم بۆچوونە پشتڕاستدەکاتەوە.

خامنەیی، لە دوایین گوتاریدا لە رۆژی ھەینی ٤ی حوزەیران، ئاماژەی بەوە کردبوو کە لە پرۆسەی ھەڵسەنگاندنی کاندیدەکان ستەم و نادادپەروەری کراوە و ئەمە بووە ھۆی دروستبوونی مشتومڕ لە نێو ناوەندی سیاسیی ئێران، بەڵام ئەنجوومەنی پارێزگارانی دەستوور ئێوارەی ھەمان رۆژ، لە راگەیەندراوێکدا سەرکۆنەی بانگەشەکانی نێو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی کرد و پرسەکەی تێپەڕاند. بەپێچەوانەی چاوەڕوانییەکان، ھیچ ئەگەرێکی ئەوە لە ئارادا نەبوو کە لە دوای گوتارەکەی خامنەیی ئەو کاندیدانەی کە ڤیتۆ کرابوون پەسەند بکرێن. لە راستیشدا، بە ھیچ شێوەیەک ناکرێت ڤیتۆکردنی کاندیدەکان بەبێ ئاگاداری خامنەیی ئەنجامدرابێت. لە ئەنجامدا، ھەروەکو چاوەڕوان دەکرێت، ھەڵبژاردنەکان، بە ساردی و بە بەشداربوونێکی ئاست لاواز بەڕێوەدەچێت و بە سەرکەوتنی ئیبراھیم رەئیسی بۆ سەرۆکایەتی کۆمار کۆتایی پێدێت.



د. حەقی ئویگور

جێگری سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی ئێران (İRAM)

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن