شیکردنەوە

ئێران؛ گەورەترین لەمپەر لەبەردەم سەقامگیری و ئاسایشی عێراق

- حکوومەتی ئێران لە دوو دەیەی رابردوودا بە کردەوەی جۆراوجۆر، سەروەریی نیشتمانی و بەرژەوەندییەکانی خەڵکی عێراقی لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری، ئاسایشی و .. پێشێلکردووە و گەورەترین لەمەپەر بووه‌ لەبەردەم سەقامگیری و ئاسایشی ئەو وڵاتە.

22.03.2022 - نوێکردنەوە : 24.03.2022
ئێران؛ گەورەترین لەمپەر لەبەردەم سەقامگیری و ئاسایشی عێراق

ئیستانبوڵ – AA / توران ئاکدەمیر

لە روانگەی زۆرێک لە رێکخراوی جیهانییەکان و پسپۆڕانی ئێرانی، کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی بیست ساڵی رابردوودا بە کردەوەگەلێک وەک پێکهێنانی گرووپە میلیشیاکان، هێرشە مووشەکییەکان، سەرکوتی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان، کاریگەریی دروستکردن لەسەر هەڵبژاردنەکان و رێگرییکردن لە دروستبوونی دەوڵەت، راستەوخۆ دەستی لە کاروباری ناوخۆی عێراق وەرداوە و بەربەستی بۆ سەقامگیری ئەو وڵاتە دروستکردووە.

  • رۆڵی ئێران لە پەرەپێدانی تیرۆریزم و شەڕی ناوخۆیی لە عێراق

لە پێنج ساڵی رابردوودا یەکێک لە گرنگترین نیگەرانییەکانی کۆمەڵگای عێراق، هەر لە پارت، کەسایەتی سیاسییەکانی شیعە، سوننە، کورد و تورکمان بگرە تا زانایانی ئایینی و تەنانەت مەرجەعیيەتی شیعە، دامودەزگا سەربازیی و ئەمنییەکانی وەک سوپا، پۆلیس و بەرپرسانی ئیداری و دیپلۆماسی و پەرلەمانی، چالاکییەکانی گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ئێران بووە.

بە پێچەوانەی گوتەی بەرپرسانی تاران و هاوپەیمانانی، گرووپی حەشدی شەعبی نەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش، بەڵکو بۆ سەپاندنی بوونی سەربازیی خۆی لە عێراق پێکهێنراوە و بەشێک لە ستراتیژی ناوچەیی ئێران بووە کە لە سێ سەدە لەمەوپێش تا ئێستا بە هەوڵی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران لە عێراق، لوبنان، سووریا، یەمەن و .. بەرێوەدەبرێت.

ئێران بە دوای دەرفەتێکدا بوو کە هاوشێوەی حزبوڵڵا لە لوبنان، لە عێراق، یەمەن و سووریاش هێزێکی چەکدار مەزهەبی سەر بە خۆی لە دەره‌وەی چوارچێوەی سوپای ئەو وڵاتە دروست بکات. وەک چۆن لە سەرەتای دروستبوونی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی، هێزی ئایدیۆلۆژیستی سوپای پاسدارانی هاوتەریب لەگەڵ سوپای ئەو وڵاتە پێکهێنا.

لەم چوارچێوەیەدا دەوڵەتی نووری مالکی کە سەر بە ئێران بوو، سوپایه‌كی ٣٠ هەزار کەسی عێراقی لە مووسڵ رادەستی داعش کرد بۆ ئەوەی ئەو شارە چوار ملیۆن کەسییە بە ٢٠ ملیار دۆلار چەک و تەقەمنی و خەزێنەی بانکەکان و ملیاران دۆلار، زێڕ و شوێنەواری مێژوویی رادەستی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە بکات. داعش لە چەند رۆژێکدا نیوەی خاکی عێراقی کۆنترۆڵکرد و بە بێ هیچ رێگرییەکی هێزی ئاسمانی عێراقی.

دوای هێرشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق، ئەندامانی ئەلقاعیدە لە سەرانسەری جیهانەوە رەوانەی ئەو وڵاتە کرا. بە پێی گوتەی هەندێک لە چالاکانی ئایینی لە نەجەف، گرووپەکانی مەزهەبی و میلیشیایی سەر بە ئێران نەک هەر دژی بوونی ئەلقاعیدە لە عێراق نەبوون، بەڵکو پشتگیری ماڵیی و چەکدارییشیان دەکردن. ئەبو مەسعەب زەرقاوی سەرکردەی ئەلقاعیدە لە عێراق و باوکی رووحی داعش، دوو جار بۆ تەداویکردن رەوانەی ئێران کراوە. چەند مانگێک دوای راپەڕینی خەڵکی سووریا، چەندین هەزار ئەندامی ئەلقاعیدە لە بەندیخانەکانی رژێمی ئەسەد و مالکی وەک بەندیخانەی سەیدنایا، ئەبوغرێب و تاجی ئازاد کران.

کەواتە دەبێت بوونی سەربازیی ئێران لە عێراق و سووریا نەک بۆ بەرگریی بەڵکو لە ئاراستەی ستراتیژی درێژخایەنی ئەو وڵاتەدا ببینین. لەم بارەیەوە پسپۆڕی بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان سەعید بەرزین سەرەڕای پشتگیریکردنی سیاسەتەکانی حکوومەتی تاران دەڵێت، “بینیوومانە کە چۆن ئاڵۆزییەکان لە عێراق کاریگەرییان لەسەر سووریا هەبووە و دواتر شەڕی ناوخۆیی سووریا بواری بۆ قەیرانی ئێستا لە عێراق دروستکرد. دەستوەردانەکانی ئێران لە بواری سەربازیی پەرەی بە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە دا.

  • گرێدراوی تەواو بە ئێران

لە کەم وڵات یان بگرە هیچ وڵاتێکدا ناتوانرێت هێزێکی میلیشیای سەربازی ١٠٠ هەزار کەسی سەر بە وڵاتێکی بیانی لە ناوخۆی وڵاتێکی دیکەدا بدۆزییەوە. ٤٤ لقی ئەو گرووپە لە ژێر ناوی «حەشدی ولایی» واتە لە رووی باوەڕ و سەربازییەوە خۆیان پەیڕەوی عەلی خامنەیی و ویلایەتی فەقی ئێران دەزانن.

هەر لەبەر ئەوەبوو، کە لە کاتێکدا رێبەرانی عێراق وەک ئایەتوڵڵا سەید عەلی سیستانی، موقتەدا سەدر و سەرۆکوەزیرانی پێشوو عادل عەبدولمەهدی کە بەراورد بە مستەفا کازمی نزیکتر لە ئێران بوون، داوای بەرتەسککردنەوەی چالاکی و یان هەڵوەشانەوەی حەشدی شەعبی بوون، خامنەیی فەرمانی پشتگیری و زیاتر بەهێزکردنی حەشدی دا.

  • دروستکردنی ناسەقامگیری سیاسی لە عێراق

بەڵگەی زۆر لەبەردەستن كە دەریدەخات ئێران لە رێگای گرووپە میلیشیاکانی سەر بە فەیلەقی قودس، بووەتە کۆسپ لە بەردەم سەقامگیری سیاسی لە عێراق. بۆ نموونە دەتوانین ئاماژە بە هێرشی ئەندامانی ئەو گرووپانە بۆ سەر بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا و دژایەتیکردنی دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق (١٠ی تشرینی یەکەم) بکەین.

سەردانە یەک لە دوای یەکه‌کانی فەرماندەی فەیلەقی قودس جەنەرال قائانی بۆ عێراق و هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ کاریگەریی دروستکردن لەسەر رەوتی پێکهێنانی دەوڵەتی نوێ لەم وڵاتە، دوای شکستهێنانی گرووپە سیاسی و میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە هەڵبژاردنی دواییدا، دەشێت لەم گۆشە نیگایەوە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت. ئەوەش کە بیر نەکەین کە لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٠دا لیستەکەی سەر بە ئێران لە بەرامبەر ئەیاد عەلاویدا شکستی خوارد، بەڵام مالکی لە ژێر گوشار و هەڕەشەی ئێران دووبارە بووەوه‌ بە سەرۆکوەزیران.

روانگەی ئەمنی و سەربازیی ئێران لەبارەی عێراقەوە، بووە هۆی ئەوەی لە بری حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، قائانی (بۆ ڕاییکردنی سیاسەتەکانی ئێران – وەرگێڕ) سەردانی عێراق بکات. ماڵپەری «امتداد» سەر بە حزبی یەکگرتوویی نەتەوەیی ئێرانی ئیسلامی لەبارەی ئەو سەردانانەدا نووسی: “سوپای قودس هیچ وەزارەتێکی بۆ بەرێوەبردنی ئەرکەکانی قبوڵ نییە. تەنانەت ئەگەر سەرۆکی حکوومەت و وەزیری دەرەوە حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیانیش بێ کە رۆژانێک جێی متمانە و لە خزمەت ئەجیندای سیاسەتی ناوچەیی ئەواندا بوون.

  • کەڵک وەرگرتنی ئێران لە خاکی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی دوژمنەکانی

رێبەرانی عێراق، لەوانەش سەرۆکوەزیران مستەفا کازمی چەندینجار هۆشداری ئەوەی بە بەرپرسانی تاران و واشنتۆن داوە کە، خاکی عێراق بۆ یەکلاکردنەوەی ململانییەکانیان بەکار نەهێنن. بەوەشەوە ئێران لە چەند ساڵی رابردوودا دەیانجار خاکی عێراقی بۆ هێرشە مووشەکییەکان و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان دژ بە وڵاتانی دیکە بەکارهێناوە. ئەوە لە کاتێکدایە تاران بەغدا بە هاوپەیمانی ستراتیژی و ئایدیۆلۆژی خۆی دەزانێت. لە دوا رووداویشدا، بە ١٢ مووشەکی بالیستیک ڤێللای سەرمایەدارێکی کوردی بە بیانووی بوونی بنکەی مووساد کردە ئامانج کە بووە هۆی هەڵوێست وەرگرتنی لە دژی و ئاڵۆزی لە پەیوەندییەکانی دوو لایەن دروست بوو، لە کاتێکدا ئێران دەیتوانی بەڵگەنامەکانی لەبارەی بوونی بنکەیەکی وا رادەستی دۆستانی خۆی لە هەولێر و بەغدا بکات.

  • هەوڵی ئێران بۆ تیرۆری سەرۆکوەزیرانی عێراق

لە تشرینی دووەمی رابردوودا مستەفا کازمی بووە ئامانجی دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان. لەم بارەیەوە دکتۆر ئەحمەد زێدئابادی مامۆستا پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە ئێران نووسی: ''لە راستیدا گرنگتر لە تیرۆری کازمی، بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانە بۆ تیرۆری سەرۆکوەزیران. حەشدی شەعبی کە ئێرانی لە پشتە، پێدەچێت خاوەنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانی چەکداریش بێت. بە دڵنیاییەوە کاتێک جێی پەنجەی حەشدی شەعبی لە تاوانێکدا دەبینرێت، کۆماری ئیسلامیش وەکو پشتیوانکاری ئەوان تۆمەتبار دەکرێن''.

  • کردەوە دژە ئاسایشییەکانی مشەخۆرانی ئێران لە عێراق

لایەنگرانی حەشدی شەعبی شەش مانگ بەر لە ئێستا، بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستانیان لە بەغدا گڕ تێبەردا. موقتەدا سەدر لەم بارەیەوە رایگەیاند: ''ئێوە کردەوەی تیرۆریستی و داگیرکاری لە عێراق ئەنجام دەدەن. هێرشە مووشەکییەکان و تیرۆرەکان بە دەست ئەندامانی حەشدی شەعبی ئەنجام دەدرێت. داوا لە هەموو لایەک (ئێران و ..) دەکەم دەست لە کاروباری عێراق وەرنەدەن. چونکە وڵاتەکەمان لەوە زیاتر توانای قبوڵکردنی توندوتیژی، جەنگ، پێکدادان و ناکۆکی سیاسی و ئاژاوەگێڕی نییە".

  • درێژەی رێگەی کردەوەکانی داعش

حەشدی شەعبی هەمان تاوانەکانی داعش لە ناوچە ئازادکراوەکان ئەنجام دەدات. لە ئابی ٢٠١٦دا یەکێک لە کەسایەتییەکانی ناوچەی جزیرەی خالدیە سەر بە پارێزگای ئەنبار لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند: "ئەندامانی حەشدی شەعبی دوای پاشەکشەی داعش لە ناوچەکە دەستیان بە تۆلە سەندنەوە و تاڵانکردنی ماڵان و ئاگرتێبەردانیان کرد".

  • دژایەتی ئێران بۆ هاتنی سەرمایەی بیانی بۆ عێراق

عێراقییەکان بە هۆی چەندین دەیەی شەڕه‌وه‌، رووبەڕووی هەژاری، ماڵوێرانی، بێکاری، گەندەڵی و هەڵاوسان بوونەتەوە. حکوومەتی عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە کە خوازیاری پێداچوونەوە بە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، باشترکردنی پەیوەندی لەگەڵ دراوسێی عەرەب و ئەوانی تر و راکێشانی سەرمایەی بیانییە. ئەو سیاسەتەی حکوومەتی عێراق کەوتەبەر هەڕەشە و کاری تێکدەرانەی ئێران و هاوپەیمانەکانی لە عێراق.

لەم بارەیەوە دەکرێت ئاماژە بە بابەتێک بکەین کە لە ماڵپەڕی حوسێن خەڕازی، دیپڵۆماتی پێشووی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاوکراوەتەوە. ئەم ماڵپەڕە لە زمان پسپۆرێکی سەر بە دامودەزگا ئەمنییەکانی ئێران بە ناوی ئەسغەر زارعی بڵاویکردووەتەوە، ''سەرمایەگوزاری عەرەبی لە عێراق بۆ گوشارهێنانە سەر ئێران بەکار دێت'' و نووسیوێتی: ''ئەندامانی ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو بە هاوبەشی لەگەل سعوودیە سەرقاڵی راکێشانی عێراق بۆ ژێر رکێفی خۆیانن بۆ ئەوەی بوونی ئێران لە عێراق کەمڕەنگتر بکەن.

  • قاچاخی ماددە هۆشبەرەکان لە ئێرانەوە بۆ ناوچە شیعەنشینەکانی عێراق

یەکێک لە ستەمەکانی ئێران بۆ سەر خەڵکی عێراق، قاچاخی ماددە هۆشبەرەکانە بۆ ناو عێراق. ماڵپەڕی «صوت العراق» کە لە لایەن چالاکانی شیعەوە بەڕێوەدەبرێت، چەندینجار لەم بارەیەوە هۆشداریداوە. ئەندامی کۆمیسیۆنی ئاسایش لە پەرلەمانی عێراق، خالد عەزاوی لەم بارەیەوە دەڵێت، ''ئێمە هەموومان دەزانین کە سەرچاوەی ماددە هۆشبەرەکان بۆ عێراق لە ئێرانەوەیە''. یەکێک لە حاکمەکانی عێراقیش رایگەیاندبوو كە ئێران بە شێوازی جۆراوجۆر ماددە هۆشبەرەکان بۆ عێراق قاچاخ دەکات.

  • رۆڵی ئێران لە سەرکوتی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان

میلیشیاکانی ئێران بەردەوام بەوە تۆماتبار دەکرێن کە رۆڵیان هەیە لە تیرۆری سیاسییەکانی عێراق لە چەند ساڵی رابردوودا و بە تایبەتیش ئەو کردەوە تیرۆریستیانەی کە لەمیانی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٢٠١٩ ئەنجامدرا کە بە خۆپیشاندانەکانی تشرینی یەکەم ناوی دەرکرد. دەیان چالاکی مەدەنی لەوانەش، ئیهاب وەزنی، هیشام هاشمی کە پسپۆڕێکی بواری ئه‌منی بوو و دژی دەستوەردانەکانی ئێران لە عێراق بوو، تیرۆر کران. خۆپیشاندانەکان دژ بە گەندەڵی حکوومی و هەروەها دەستوەردانی گرووپە میلیشیاکانی ئێران لە شارە شیعەکان ئەنجامدرا، لە ئەنجامدا خەڵکی عێراق لە هەڵبژاردنەکاندا “نا”یەکی گەورەیان دایە ئەو لایەنە سیاسییانەی کە نزیک لە ئێرانن.

*ئەم نووسینە بۆچوونی نووسەری بابەتەکەیە و مەرج نییە رەنگدانەوەی روانگەکانی ئاژانسی ئانادۆڵو بێت.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın