ئابووری

هەولێر.. کردنەوەی یەکەمین پێشانگای نێودەوڵەتی کەلوپەلی ناوماڵ

- سەرپەرشتیاری پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر، عەبدوڵڵا ئەحمەد: "ئەمە یەکەمین پێشانگای کەلوپەلی ناو ماڵە کە تیایدا ٧٠ کۆمپانیا لە ٧ وڵات بەشدارییان تیایدا کردووە و پێنج رۆژ بەردەوام دەبێت".

Heman Hussein Yaseen Yaseen  | 20.02.2019 - نوێکردنەوە : 22.02.2019
هەولێر.. کردنەوەی یەکەمین پێشانگای نێودەوڵەتی کەلوپەلی ناوماڵ

Arbil

هەولێر- AA

یەکەمین پێشانگای کەلوپەلی ناوماڵ لەژێر ناونیشانی "نموونەی ناوماڵ" لە پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بە بەشداری ٧٠ کۆمپانیا کرایەوە، سەرپەرشتیاری پێشانگاکە رایدەگەیەنێت کە بە هۆی شەڕی داعش و داخستنی فڕۆکەخانەکان، دۆخی دارایی لە پاشەکشەدا بوو، بەڵام ئێستا هەوڵ دەدەین بە هۆی پەرەپێدانی کەرتی ئابووری و بازرگانی دۆخی دارایی بەرەوپێش ببەین.

بە ئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر، نەوزاد هادی و کۆنسولی ئێران لە نەجەف، حەمید شیرازی یەکەمین پێشانگای نێودەوڵەتی کەلوپەلی ناوماڵ کرایەوە.

سەرپەرشتیاری پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر، عەبدوڵڵا ئەحمەد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەمە یەکەمین پێشانگای کەلوپەلی ناو ماڵە کە تیایدا ٧٠ کۆمپانیا لە ٧ وڵات بەشدارییان تیایدا کردووە، وڵاتەکانیش بریتیین لە تورکیا، ئێران، فەڕەنسا، ئیسپانیا، میسر، ئیمارات و هیندستان، ئەم پێشانگایە بۆ ماوەی پێنج رۆژ بەردەوام دەبێت".

عەبدوڵڵا ئەحمەد گوتیشی: "چەند ساڵێک بوو بە هۆی قەیرانی دارایی و دواتر داخستنی فڕۆکەخانەکان، دۆخی دارایی بەرەو خراپی چوو، بەڵام ئێستا باشترە بەراورد بە ساڵانی پێشووتر، هەر ساڵ پار توانیمان ٤ پێشانگا بکەینەوە و ئێستاش گرێبەستمان کردووە بۆ ئەوەی ١٠ تا ١٥ پێشانگای دیکە بکەینەوە و بتوانین زیاتر پەرە بە کەرتی بازرگانی و ئابووری بدەین".

یەکێک لە خاوەن کۆمپانیاکان کە بەشداری پێشانگاکەی کردووە، رایدەگەیەنێت کە ساڵانە بە بەهای یەک ملیۆن دۆلار هاوردەکردنی لە وڵاتی تورکیاوە هەیە.

خاوەنی کۆمپانیای پۆڵا، سەرباز حاجی کەریم بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بۆ جاری یەکەمە کە بەشداری ئەم جۆرە پێشانگایانە دەکەین و ئێمە کاڵاکانمان لە وڵاتی تورکیا هاوردە دەکەین، مەبەستمان ئەوەیە کەلوپەلی کوالیتی بەرز پێشکەش بکەین بە قازانجێکی کەم، چونکە رەچاوی بارودۆخی دارایی هاووڵاتییان دەکەین. لەئێستادا گرێبەستمان لەگەڵ شەش کۆمپانیای تورکی هەیە و تاکە بریکاری سەرەکین و نموونەکانمان لە هیچ شوێنێکی دیکە نییە و ساڵانە بە بەهای یەک ملیۆن دۆلار هاوردەمان لە تورکیا هەیە".

یەکێکی دیکە لە خاوەن کۆمپانیاکان بە دروشمی 'وەرزش تەندروستییە'، بەشداری لە پێشانگایەکەدا کردووە و رایدەگەیەنێت کە دەیانەوێت لە رێگای کوالیتی ئامێرە وەرزشییەکان رووبەڕووی نێرگەلە کێشان ببنەوە.

خاوەن کۆمپانیایەکی کەلوپەلی وەرزشی، هێمن تەحسین بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "یەکەمجارە کە بەشداری ئەم پێشانگایە دەکەین و ئامانجمان ئەوەیە کە خۆمان بناسێنین و کەرتی ئابووری بەرەو پێش ببەین و نیشانی بدەین کە لە هەرێمی کوردستان ئاسایش بەرقەرارە و دەتوانین کار بکەین".

یەکەمین پێشانگای نێودەوڵەتی کەلوپەلی ناوماڵ تا ٢٤ی مانگ بەردەوام دەبێت و رۆژانە لە کاتژمێر ١١ تا ٧ی ئێوارە کرایەوە و هاووڵاتییان دەتوانن کەلوپەلە نمایشکراوەکان ببینن.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın