Zana Natık Kerem
30 مای,س 2021•نوێکردنەوە: 31 مای,س 2021
ھەولێر ــ AA
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق رایگەیاند کە ئەنجامی بەرایی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەران لە میانی ٢٤ کاتژمێردا لە دوای تەواوبوونی پڕۆسەکە رادەگەیەنرێت.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بە کۆی دەنگ رەزامەندی نیشانداوە لەسەر ئەوەی کە دوای جیاکردنەوەی دەنگەکان بە ئەلیکترۆنی و بە دەست، ئەنجامی بەرایی دەنگدانی تایبەت و گشتیی لە ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەران رابگەیەنرێت و ھاتووە:
"ئەگەر ئەنجامی جیاکردنەوەی دەنگەکان بە دەست لە ئەنجامی جیاکردنەوەی دەنگدان بە ئەلیکترۆنی جیاوازییەکەیان بەڕێژەی پێنج لەسەدای کۆی گشتی دەنگەکان زیاتر بێت، ئەوا جارێکی دیکە جیاکردنەوەی دەنگەکان بە ئەلیکترۆنی و بە دەست لە ناوەندەکانی دەنگدان، ئەنجام دەدرێتەوە" .
باسی لەوەشکردووە کە ئەنجامی بەرایی ھەڵبژارنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەران لە میانی ٢٤ کاتژمێردا لە دوای تەواوبوونی پڕۆسەکە رادەگەیەنرێت.
چاوەڕوان دەکرێت ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق لە ١٠ی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت کە تیایدا ٢٥ ملیۆن و ١٣٩ ھەزار و ٣٧٥ دەنگدەر مافی بەشدارییکردنیان لە پڕۆسەکەدا ھەیە.