ھەولێر
کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە ھەرێمی کوردستان دەڵێ لە دوای ھەڕەشەکانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی بۆ سەر ھەرێمی کوردستان وڵاتەکەی بە جلی دژە گوللە و ئوتۆمبیلی سەربازی ھاریکاریی ھەرێمی کردووە.
کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە ھەرێمی کوردستان ئەلفرێد شیمس پرۆتس لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاشکرای کرد رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە "داعش" "بەتەنھا ھەڕەشە نییە بۆ سەر ھەرێمی کوردستان و عێراق، بەڵکو ئەو گرووپە ھەڕەشەی بۆ سەر ھەموو جیھان دروست کردووە، ھەڕەشەکانی چەند رۆژی رابردووی گرووپەکەشی لە ئیسپانیا و ھیندستان بە بەڵگە بۆ قسەکانی ھێنایەوە."
پرۆتس لەو بارەیەوە ئاشکرای کرد "لەدوای ھەڕەشەکانی چەکدارانی داعش بۆ سەر ھەرێمی کوردستان کە تەنھا پەنجا کیلۆمەتر لە ھەرێمەوە دوورن وڵاتی ئەڵمانیا ھاریکاریی سەربازیی گەیاندووەتە ھێزەکانی پێشمەرگە کە خۆیان لە جلی دژە گوللە و ئۆتۆمبیلی سەربازیی دەبینێتەوە."
ئەو قسانەی کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا دوای قسەکانی راوێژکاری ئەو وڵاتە ئەنگێلا مێرکڵ دێ کە ھەفتەی رابردوو ئاشکرای کرد سبەینێ یەکشەممە حکومەتی وڵاتەکەی بڕیاری یەکلاکەرەوە لەبارەی ناردنی چەک بۆ ھەرێمی کوردستان و ھاریکاریکردنی لەشەڕی دژی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی دەدات.
لەو رووەوە ئەلفرێد شیمس- پرۆتس لە پەراوێزی بەشداریکردنی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لەبارەی گەیشتنی نزیکەی پەنجا تەن خۆراک و خواردنەوەی وڵاتەکەی و ھۆڵەندا بۆ ھەرێمی کوردستان لە ھەولێر بە ئاژانسی ئانادۆڵوی گوت ئەمرۆ "یەكشەممە حکومەتی ئەڵمانیا کۆدەبێتەوە بۆ بڕیاردان لەسەر ناردنی چەک و تەقەمەنی بۆ ھەرێمی کوردستان." بێ ئەوەی ئامادەبێ ھیچ جۆرە چەکێک لەوانەی کە وڵاتەی بەنیازی پێدانی ھەیە بە ھێزی پێشمەرگە ئاشکرا بکا.
لەبارەی ھەڵوێستی کونسوڵخانەکەشیانەوە لە ھەولێر، پرۆتس گوتی" زۆر ئارەزوو دەکەم ئەو ھاریکارییە سەربازییەی ئەڵمانیا بۆ ھەرێم بێتەدی و بگاتە دەستی پێشمەرگە، چونکە پێشمەرگە شەڕ لەگەڵ لایەنێکی زۆر مەترسیدار دەکات، پێش چەند رۆژێکیش بینیمان ئەو رێکخراوە ھەوڵیدا لە ئیسپانیا و ھیندستان کێشە دروست بکەن و ھەموو کات ھەوڵدەدەن بگەنە ئەمریکا."
ھەروەھا گوتیشی "ھێزی پێشمەرگە و حکومەتی ھەرێم بەتەنھا بۆ خۆیان شەڕ لە دژی داعش ناکەن، بەڵکو بۆ ھەموو جیھان ئەو شەڕە دەکەن بۆیە ئومێدەوارم ئەو ھاریکارییە بگاتە ھەرێم."
قسەکانی کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە کاتێکدایە کە بەپێی قسەکانی ئەو چەکدارانی داعش کەمتر لە پەنجا کیلۆمەتر لە ھەولێرەوە دوورن و دەیانەوێ باری ھێمنی ئەم ناوچەیە تێکبدەن، لە بارەی ھەرێمی کوردستانیشەوە گوتی" حکومەتی ھەرێم توانیویەتی بەھەموو شێوەیەک رووبەروویان ببێتەوە و ئەو ھەموو ئاوارەیە لەخۆبگرێ."
کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە وتارێکدا لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا ئاشکرای کرد وڵاتەکەی لەماوەی دواییدا بایی ٢٦ ملیۆن یۆرۆ ھاریکاریی مرۆیی گەیاندووەتە ھەرێمی کوردستان لەنێویاندا خۆراک و خواردنەوە و پێدوایستی پزیشکی و کەلوپەلی چێشتخانە و بەتانی و شتی تریشی لەخۆگرتووە.
روونیشی کردەوە کە ٧٠%ی ھاریکارییەکانی وڵاتەکەی گەیەنراوەتە ئاوارەکانی پارێزگای دھۆک و ٣٠%یشی بۆ ئاوارەکانی پارێزگای ھەولێر بووە.