Dlshad Saifaalddin Ahmed
01 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 05 کانوونی یەکەم 2017
سلێمانی ـ AA
گوتەبێژی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان، رێبوار حەمەد لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی رۆژانی رابردووی سەرکۆماری عێراق، فوئاد مەعسوم لە سلێمانی و ھەولێر و کۆبوونەوەی لەگەڵ حزبەکان، دەرەنجامی ھەوڵەکان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا، دۆخی کەرکووک و خورماتوو، مکوڕبوونی حزبەکەی لەسەر داوای پێکھێنانی حکوومەتێکی کاتی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان لە ھەرێمی کوردستان، دەکات.
رێبوار حەمەد لە بارەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرکۆماری عێراق، فوئاد مەعسوم گوتی: "ئەوەی ئێمە لە کۆبوونەوەی سەرکۆمار تێگەیشتین، ئەو دەیەوێت بۆچوونی لایەنەکان وەربگرێت و دەیەوێت ھەوڵێک بدات بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆکان لە نێوان ھەرێم و بەغدا و ھەنگاوێک بنێت بۆ چارەسەرکردنی بەشێک لە کێشەکان، جددیەتی ئەو ھەوڵە دەکەوێتە سەر ئەنجامەکەی و بزانین دەرئەنجامی پڕۆژەکە چی دەبێت و ئایا بەرئەنجامی دەبێت یان نا، ئێمە وەک کۆمەڵی ئیسلامی جەختمان کردەوە لەسەر ئەوەی ھەنگاوی یەکەم لە بارەی ھەرێمی کوردستانەوە، دۆخی ناوخۆ پێویستی بە چاککردنەوە ھەیە، پێویستە ئەو لەگەڵ لایەنەکان بەتایبەت لایەنە بڕیار بەدەستەکان جەخت لەسەر ئەوە بکاتەوە کە ناکرێت ئەو دۆخەی پێش ٢٥ی مانگی نۆ و شێوازی حوکمڕانی کوردستان بۆ دوای ئەو بەروارەش بەردەوام بێت".
گوتەبێژی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان، رێبوار حەمەد گوتی: "ئێمە بیرۆکەی حکوومەتی کاتیمان پێشنیاز کردووە لەگەڵ دوو لایەنی تر، پێشمان وایە ئەمە رێگا چارەیەکی باشە و لە سێ لاوە گرنگە، یەکەم بۆ ئیدارەدانی دانوستان لەگەڵ بەغدا، دووەم ئەم حکوومەتە کاتییە بتوانێت ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد ئەنجام بدات، سێیەم کە پرسی سەرەکییە ئەویش چاککردنی گوزەرانی خەڵک و ھاووڵاتییانی کوردستانە".
رێبوار حەمەد ھەروەھا گوتی: "لە کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکۆمار جەختمان کردەوە لەسەر ئەوەی دۆخی ناوچە جێناکۆکەکان بەتایبەت خورماتوو کە دۆخێکی ناجێگیر و ئاڵۆزە و ئەویش جەختی لەسەر کردەوە، ئەرکی سەرکۆمارە کە لەو رووەوە پارێزگاری لە دەستوور بکات، چونکە یەک لە ئەرکە سەرەکییەکانی سەرکۆمار پاراستنی دەستوورە و چاودێری کردنە لەسەر جێبەجێکردنی دەستوور، ئێستا دەستوور لە عێراق بەتەواوەتی پێشێلکراوە و دۆخی ئەو ناوچانە و واقیعی ھەرێمی کوردستان و پرسی بڕینی بوودجە و مووچە دیارە".
گوتەبێژی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان نیگەرانی و ھەڵوێستی حزبەکەی لەسەر دۆخی ئێستای خورماتوو روونکردەوە و گوتی: "بە توندی ئیدانەی ئەو دۆخە دەکەین کە لە خورماتوو ھەیە، وەک کۆمەڵی ئیسلامی تەعەجوب دەکەین لەوەی ئێستا دەبێت چی بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بگوترێت و بە ئاوارەکانی ئەو شارە بگوترێت ئاوارەی چ دەسەڵاتێکن. لە دوای ساڵی ٢٠١٤ دەگوترا ئاوارەکان بە ھۆی داعشەوە ھەڵاتوون و ناوچەکانی داگیر کردوون، ئێستا دەبێت بگوترێت کێ ناوچەکانی ئەوانی داگیر کردووە و ئەو خەڵکەی ئاوارە کردووە، حکوومەتی عێراقی لەو رووەوە لە ژێر بەرپرسیاریەتی گەورە و پرسیاری گەورەشدایە و پێویستە ئەوان وەڵامی ئەوە بدەنەوە، ئێمە ھەوڵی زۆرمانداوە و فراکسیۆنی خۆمان راسپاردووە لەگەڵ لایەنەکان لە بەغدا ھەماھەنگی بکەن بۆ چاککردنی دۆخی دوز و گێڕانەوەی ئاوارەکان، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا ھیچ ھەوڵێکی جددی نییە، ئەوەشی ئێستا لەو ناوچانە دەگوزەرێت مەترسیدارە و جگە لە زیانی ماددی کە خەڵکەکەی لە ماڵ و حاڵی خۆی دەرکراوە، ئەوەشی لەوێیە لەژێر مەترسیدایە".
لە بەشێکی تری لێدوانەکەیدا بۆ ئانادۆڵو لە بارەی ھەڵوێستی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان سەبارەت بە پەیوەندییەکانی ئێستای نێوان ھەرێم و ناوەندەوە، رێبوار حەمەد لە وەڵامدا دەڵێت "لە ھەرێمی کوردستان بەداخەوە بڕیاربەدەستانی ھەرێم بە دیاریکراوی ئەوانەی بڕیاریان لەسەر ریفراندۆم دا و ئەوەی لەژێر ناوی کۆمیتەی باڵای ریفراندۆم کۆبوویەوە و بڕیاریان لەسەر ئەوە دا، ئێمە پێمان وایە ھەڵەی یەکەم لەوێوە دەست پێدەکات و ئەوان نەیانتوانی خوێندنەوەیەکی سیاسی دەقیق بکەن و دۆخی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان لەبەرچاو بگرن کە رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر بە تەواوەتی سەلماندی کە یەکڕیزی لە ھەرێمی کوردستان نییە، ئەوە جگە لەوەی ئێمە دوو ھێزی گەورەی سیاسی لە ھەرێم بۆچوونەکانمان دیاربوون کە پێمان وابوو ھەلومەرجی ریفراندۆم لەبار نییە، جگە لە نەبوونی زەمینەی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی، ئەوە ئۆباڵەکەی لە ئەستۆی ئەوانەیە کە بڕیاری ریفراندۆمیاندا و پرسێکی چارەنوسسازی نەتەوەییان بە ئاقارێکدا برد کە خستیانە مەترسییەوە.
لە بەرامبەردا عێراق لە مامەڵەی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرژەوەندیخوازانە مامەڵە دەکات و پێمان وایە ئەوەی لە ھەرێمی کوردستان رووی دا بەشێکی جێگای تێبینی و سەرنج بێت، ئەوەشی لە بەغدا بەرامبەر کوردستان ھەیە دووجار جێگای سەرنج و تێبینییە، ھەرێمی کوردستان ماوەی چەند ساڵە بوودجەکەی بڕدراوە و لەژێرباری قەیرانێکی دارایی سەختدایە".
گوتەبێژی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان، رێبوار حەمەد بە نیگەرانییەوە باس لەوە دەکات لایەنە ناکۆکەکانی نێوماڵی شیعە لە عێراقدا کوردیان کردووەتە ماددەی ناکۆکییەکانیان و لەو بارەیەوە گوتی: "ئەوەی ئێستا لە بەغدا دەگوزەرێت بەشێکی بۆ شەڕی ململانێی نێوماڵی شیعە و دەسەڵاتدارانی عێراق دەگەڕێتەوە".
گوتەبێژی کۆمەڵی ئیسلامی، مکوڕبوونی حزبەکەی لەسەر داوای پێکھێنانی حکوومەتی کاتی و ھەڵوەشاندنەوەی حکوومەتی ئێستای ھەرێم دووپاتکردەوە گوتی: "کارێکی سروشتییە لە ھەموو دنیادا کە ئەگەر دەسەڵاتێک بە بنبەست بگات ئەوا رێگاچارەکەی ئەوەیە کە زۆرجار پەرلەمانەکە خۆی حەل دەکات و حکوومەت ھەڵدەوشێتەوە و حکوومەتێکی تر پێکدێت. ئێمە لەسەر ئەو بۆچوونەی خۆمان ماوین و پێمان وایە باشترین رێگا ئەوەیە کە حکوومەتێکی کاتی پێک بێت کە بەرئەنجامی رێککەوتنێکی سیاسی بێت و ئامادەکاری بکات بۆ ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد".