Sarmand Hameed
29 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 29 ئادار 2022
هەولێر - AA
پارتی دیموکراتی کوردستان وەڵامی ئەو چەواشەکارییانەی دایەوە کە ماوەی چەند رۆژێکە رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە لە رێگەی بەناو میدیاکانیانییەوە ھەواڵی بێ بنەما لەسەر ھێرش بۆسەر چەکدارانی رێکخراوەکە بڵاودەکەنەوە.
لەو راگەیەندراوەی کە لە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بڵاوکراوەتەوە، ھاتووە "ماوەی چەند رۆژە میدیاکانی سەربە پەکەکە راپۆرتێکی بێبنەمایان لە بارەی پارتی دیموکراتی کوردستان بە مەبەستی دروستکردنی دڵەڕاوکێ و ناسەقامگیریی و بەلاڕێدابردنی رای گشتی بڵاو کردووەتەوە. بە فالگرتنەوە و خوێندنەوە و پێشبینی بێ بنەما (کە جێگەی سەرسوڕمانە) باسیان لەوە کردووە کە لە ١٥ی نیسانی داھاتوودا لە چوارچێوەی پلانێکدا پەلاماری چەکدارانی پەکەکە دەدرێت".
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ھاتووە "لێرەدا رایدەگەیێنین کە سەرلەبەری ئەو دەنگۆ و راپۆرتانە ناڕاستن و بە عەقڵێکی رقاوی و ناڕاستگۆ نووسراون. پێیان دەڵێین کە ١٥ی نیسانیش زۆری نەماوە و چاوەڕێ دەبین. ئەو کات درۆ و ناڕاستگۆیی و ئاژاوەگێڕیی ئێوە بۆ خەڵکی کوردستانیش روون دەبێتەوە و دووبارە رووی راستەقینەتان بۆ گەل بەدیار دەکەوێت".
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا روو لە پەکەکە کراوە و ئەوە خراوەتەڕوو کە "سیاسەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەرانبەر سەرجەم پرسەکاندا زۆر روون و ئاشکرایە و پیلانگێڕیی و ئاژاوە لە ئێوە و ھاوشێوەکانتان دەوەشێتەوە نەک لە خەڵکی تر".