Heman Hussein Yaseen
03 ئادار 2024•نوێکردنەوە: 04 ئادار 2024
هەولێر - AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان-عێراق نێچیرڤان بارزانی، ڕۆژی ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ی بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمان دیاری کرد.
سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە کە ئەمڕۆ یەکشەممە، نێچیرڤان بارزانی فەرمانی ھەرێمی بۆ دیاریکردنی ڕۆژی ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمانی کوردستان واژوو کرد.
ئاماژە بەوەشکراوە کە "پاڵپشت بە بڕگەی (دووەم) لە ماددەی (دەیەم) لە یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠٠٥ی ھەموارکراو، نێچیرڤان بارزانی بڕیاریداوە بە دیاریکردنی ڕۆژی ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ بە وادەی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی گشتی بۆ خوولی شەشەمی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
جەختیش لەوەکراوەتەوە کە بەپێی فەرمانەکە، بۆ جێبەجێکردنی ئەم فەرمانە ھەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان پابەند دەبن بە ئەنجامدانی کاری پێویست و ھاوکاری و ھەماھەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان.