لەندەن
پرۆفیسۆری بواری ئابووری لە زانکۆی جۆنس هۆپکینس، ستیڤ هانک ئاماژە بەوە دەکات لە دوای رێککەوتنی لایەنەکانی دانوستانکاری ئەتۆمی ئێران و گرووپی ٥+١ و لەگەڵ هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێران، پێ دەچێت نرخی نەوتی رەش لە بازاڕەکانی جیهان کەم بکات، بەهۆی ئەوەی کە ئەو وڵاتە بڕی فرۆشتنی نەوتی زیاد دەکات.
سەرەتا هانک ئاماژەی بەوە دا کە دەبێت تەواوی رێککەوتنەکە ببینین، چونکە وردەکاری زۆری تێدایە و ناوبراو رایگەیاند کە لەگەڵ هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێران، ئەو وڵاتە زیاتر دەگات بە سیولە (پارەی نەقد) و دواجار ئێران دەتوانێت نەوتی زیاتر بفرۆشێت.
هاوکات لەگەڵ ئازادکردنی سیولەی بەستراوی ئێران، ئەو وڵاتە دەتوانێت زیاتر بگات بەداراییە بەستراوەکانی کە هەیەتی و لەبەرامبەر ئەو هەنگاوانەی کە ئێران دەینێت، سزاکانی نێودەوڵەتیشی لەسەر هەڵدەگیرێت وئەمەش زیاتر کاریگەریی خۆی لەسەر کەرتی وزەی ئێرانیدا دەبینێتەوە.
هانک ئاماژە بەوەش دەکات ئێران رێژەیەکی زۆر لە نەوتی عەمبار کراوی هەیە و دواجار دەیخاتە بازاڕەکانی جیهانەوە و باس لەوەش دەکات دوای ئەوە ئێران رێژەیەکی بەرچاو لە نەوتی خۆی دەخاتە بازاڕەوە و ئەگەریش هەیە نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا دابەزێنێت.
هانک لەو بارەیەوە دەڵێت: "هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێران، کۆمەڵە جووڵەیەکی زۆر دروست دەکات و ئابووری ئێران بەرەو بازاڕی ئابووری کراوە و لیبراڵی دەبات".
هانگ ئاماژەی بەوە دا کە ئەمە دەبێتە هۆی دروستکردنی ناکۆکی زیاتر لەنێوان لیبڕاڵەکان و موحافیزکارەکانی ئێران و تەواوی داینەمیکەکان دەگۆڕێت.