ههولێر - AA
مهسرور بارزانی به 88 دهنگ و قوباد تاڵهبانی به 73 بوون به سهرۆكوهزیران و جێگری سهرۆك وهزیران لە كابینهی وهزاریی حكوومهت متمانهیان پێ بهخشرا.
دوای ئهوهی ئهمڕۆ چوارشهممه پهرلهمانی كوردستان متمانهی بهخشییه سهرۆك و جێگری سهرۆكی ئهنجوومهنی وهزیران و وهزیرانی كابینهكه و سوێندی یاساییان خوارد، سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان، مهسرور بارزانی وتارێكی لهبهردهم پهرلهمان پێشکەش کرد و دواتریش هێڵه گشتییهكانی بهرنامهی كاری كابینهكهی خسته روو.
مهسرور بارزانی هێڵه گشتییهكانی كارنامهكهی ههموو بوارهكانی باسكردووه كه له خوارهوه دهقی هێڵه گشتییهكانی دهخهینه روو:
ھێڵە گشتییەکانی بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان
ئەم بەرنامەیە لەسەر بنەمای رێککەوتنە سیاسییەکان و پوختەی بەرنامەی گشت لایەنە بەشداربووەکانی ناو کابینەی نۆیەم رێکخراوە و بۆچوون و پلانی تێکرای بەشداربووانی ئەم کابینەیە لە خۆ دەگرێت.
جێبەجێ کردنی ئەم بەرنامەیەش بەرپرسیاریەتیەکی ھاوبەشی سەرجەم لایەنە بەشداربووەکانی ناو ئەم کابینەیە دەبێت.
ھێلەگشتییەکان لە چەند سەرەبابەتێکدا پۆلێن کراون بەم شێوەی خوارەوە:
لە ئاستی چاکسازیدا:
یەکەم: کاردەکەین بۆ چاکسازی لە کەرتی وەزیفەی گشتی، لە موچەخۆر و خانەنشین و چارەسەرکردن و رێکخستنەوەی دەوام و گرتنەبەری رێکاری یاسایی لە بەرامبەر ھەر سەرپێچیەک کە لەم کەرتە کرابێت، ئەمەش لە ڕێگەی چەسپاندنی یاسا و دروستکردنی ئەنجومەنی ڕاژە و ئامادەکردنەوەی پرۆژە یاسای چاکسازی و ناردنەوەی بۆ پەرلەمان بە فۆرمێکی تازە و گونجاو.
دووەم: کار دەکەین بۆ نەھیشتنی ڕووتین و ھەروەھا خێراکردنی ڕاپەراندنی ئیش و کاری ھاوڵاتیان و ڕێزگرتن لێیان لە دامودەزگا فەرمییەکاندا. بە کردەوە ھەوڵ دەدەین بۆ بەخزمەتگوزارکردنی دامەزراوە حکومییەکان لە ئاست ھاوڵاتیاندا. لە پەیوەندیی بەم بابەتەوە ھەرچی زووترە پەرە بە خزمەتگوزارییە ئەلەکترۆنیەکان دەدەین.
سێیەم: نابێ بەرپرسانی باڵای حکومەت پێگەی کارگێریی خۆیان بۆ بازرگانی و دەوڵەمەندبوون بەکاربھێنن. بە پشت بەستن بە یاسا بەرکارەکانی ھەرێم، نابێ بەرپرسان کاری بازرگانی و بەڵێندەرایەتی و وەبەرھێنان بکەن و لێپرسینەوە لە ھەر سەرپێچییەک لەم بوارەدا دەکەین.
چوارەم: ئەنجامدانی ئیفاد و سەفەر و بەستنی کۆنگرە و کۆنفراس، بە پێی پێویستی دەبێت و رێگە لە بە ھەدەردانی سامان و خەراب بەکارھێنان و بەلاڕێدابردنێک لەم بوارانەدا دەگرین.
پێنجەم: بە ھەموو توانامانەوە، ڕووبەڕووی ھەموو جۆرە گەندڵیەکی دارایی و کارگێڕی دەبینەوە و رێگردەبین لە بەھەدەردانی سامانی گشتی و زێدەرۆیی بۆ سەر موڵک و مومتەلەکاتی ھەرێم، ئەمەش لە رێگەی کاراکردن و پشتیوانی کردنی دامەزراوە فەرمی و یاساییەکانی ھەرێمی کوردستان بە تایبەتی پەرلەمان و دیوانی چاودێری دارایی و دەستەی نەزاھە و داواکاری گشتی.
شەشەم: کاردەکەین بۆ چەسپاندنی شەفافیەت لە گشت بوارە داراییەکانی ھەرێمدا، بە تایبەت لە بواری داھاتە نەوتییەکانی ھەرێم و داھاتە ناوخۆییەکان. بۆ ئەم مەبەستەی سەرەوە کاردەکەین بۆ دامەزراندنی سندوقی داھاتە نەوتییەکان بە پێی یاسای پەیوەندیدار.
حەوتەم: بە پێی ستاندەرە جیھانییەکان، چاکسازی لە کەرتی تەندروستی و دەرمان و خۆڕاک دەکەین و رێکاری یاسایی بۆ ھەر سەر پێچیەک کە لەم لایەنە ژیاریەدا بکرێت دەگرینە بەر. بۆ ئەم مەبەستانەش دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی ھەرێم سەر بە ئەنجومەنی وەزیران دادەمەزرێنین.
ھەشتەم: چاکسازی لە سیستەمی باج دەکەین و دەبێ دادپەروەری لە وەرگرتنی باج جێگیر ببێت و ھەموو رێکارێکی یاسایی و کارگێڕی دەگرینەبەر بۆ رێگەگرتن لە خۆدزینەوە لە باج و میکانیزم و پێوەری تازە دەگرینە بەر بۆ رێکخستنی باج.
نۆیەم: کار دەکەین بۆ رێگەگرتن لە قۆرخکاری (احتکار) بە پێی یاسای بەرکار و رەخساندنی دەرفەتی لەبار بۆ ململانێی بازرگانی ڕەوا و ھاندانی کۆمپانیاکانی پشکداری.
دەیەم: پشتیوانی کاری چاودێریی پەرلەمانی دەکەین و بۆ ئەم مەبەستەش پابەند دەبین بە ھەموو رێکارەکانی چاودێری لە پەرلەمانی کوردستان بە پێی یاساو پەیڕەوی ناوخۆ و بنەماکانی کاری پەرلەمانی. ھەروەھا بە پێی بنەماکانی کاری پەرلەمان، ڕێز لە ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی دەگرین.
یازدەیەم: سندوقی خانەنشینی بە پێی یاسای پەیوەندیدار لە ھەرێم کارا دەکەین، بۆ ئەوەی ئەم سندوقە گەرانتی مافەکانی خانەنشینانی ھەرێمی کوردستان بکات.
دوازدەیەم: بە ھەماھەنگی لەگەل سەرۆکایەتی ھەرێم، لە پێناو بەھێزکردنی سیستەمی بەرگری و ڕووبەرووبوونەوەی مەترسییەکان و پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی ھەرێم، پێداچوونەوە بە میکانیزمی ڕێکخستن و یەکخستنی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دەکەین و ھەوڵ دەدەین بە ھاوکاری بسپۆرانی ناوخۆ و دەرەکی ئەم ھێزانە لە ستانداردە سەربازییەکان نزیک بکەینەوە.
سیانزەیەم: کار دەکەین بۆ سەروەرکردنی یاسا و رێز گرتن لە سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و نابێ لە کوردستاندا کەس لە سەرووی یاسا بێت. ھیچ کەسێک رێگەی پێنادرێت بە ھۆی پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و حزبی لە دەست یاسا رابکات و خۆی لە دەرەوەی یاسا ببینێتەوە, ھەروەھا کاری جدی دەکەین بۆ کۆنترۆڵکردنی دیاردەی بڵاوبوونەوەی چەک لە ناو کۆمەڵگەکەماندا.
لە ئاستی خزمەتگوزارییەکاندا:
یەکەم: کاردەکەین بۆ باشترکردنی کەرتی تەندروستیی گشتی و گەیاندنی خزمەتێکی باشتری تەندروستی بە ھاوڵاتیان و ھەوڵی جێگیرکردنی سیستەمی بیمە یا خود دڵنییایی تەندروستی بە پێی پێوەری گونجاو بۆ دۆخی ھەرێمی کوردستان دەدەین. ھەروەھا کار دەکەین بۆ پێشکەشکردنی ڕەشنووسی یاسای مافی نەخۆش و رێکخستنەوەی ماف و ئەرکی پزیشکان بۆ پاراستنیان لە ھەر دەستدرێژییەک.
دووەم: کار دەکەین بۆ چارەسەرییەکی بنەڕەتی بۆ کێشەی کارەبا، لە زیادکردنی ئاستی بەرھەمھینان و کەمکردنی بەھەدەردان و دابەشکردنێکی پێشکەتوو و گونجاوی کارەبا. ھەروەھا کار دەکەین بۆ رێکخستنەوەیەکی گونجاوی نرخی کارەبا و دامەزراندنی میکانیزمێکی کاریگەر و سەردەمیانە بۆ کۆکردنەوەی پارەی کارەبا لە بەکاربەران.
سێیەم: کار دەکەین بۆ چاککردن و بەرزکردنی ئاستی خزمەتگووزارییەکانی پەروەردە و فێرکردن لە کەرتی گشتی و دانانی رێکاری ڕاکێشانی بەشداریی سەرمایەدارانی ھەرێم و دەرەکی بۆ بەشداری لە ئاواکردنی قوتابخانەی نوێ لەو شوێنانەی پێویستە. ھەروەھا کار دەکەین بە پێداچوونەوە بە مەنھەجی پەروەردەیی و گونجاندنی ناوەرۆکیان بە پێی ستانداردە باوەکان.
چوارەم: کار دەکەین بۆ سوود وەرگرتن لە سەرچاوە ئاوییەکانی سەر زەویی ھەرێم بۆ بواری خواردنەوەی ھاوڵاتیان و بە جۆرێک ئاوی پاک بگەیەنرێتە ھەموو ھاوڵاتیان و تا بکرێت ئاوی ژێرزەوی بەھەدەر نەدرێت.
پێنجەم: کار دەکەین بۆ باشترکردنی ڕیگەوبانی ھەرێمی کوردستان و سیستەمی ھاتووچۆی ھەرێم وھەوڵدەدەین وەبەرھێنانی بیانی و کەرتی تایبەت بۆ ئەم بوارە رابکێشین و رێگەوبانی ھەرێم کە ساڵانە ھۆکاری زیانی گیانی و مالیی ھاوڵاتیانمانە لە ستانداردە باوەکان نزیک بکەینەوە.
شەشەم: کار دەکەین بۆ رەخساندنی بواری کار بۆ کەرتی تایبەت و فراوانکردنی وەبەرھێنان لە بوارە جیاجیاکانی وەک پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشتوگوزار، تاکو بەم ھۆیەوە دەرفەتی کار زیاد بکرێن و یاساکانی کار بە جۆرێک رێک بخرێن کە دەرفەتی کار بۆ گەنجانی ھەرێم زیاتر بکرێت.
حەوتەم: کاردەکەین بۆ زامنکردن و رێکخستنەوەی سەرجەم مافە یاساییەکانی کارمەند و کرێکارانی کەرتی تایبەت، بە جۆرێک مافی خانەنشینی و کاتژمێرەکانی کار و بیمە یا خود دڵنیایی تەندروستی و داھاتوویان پارێزراو بێت.
ھەشتەم: خزمەتی خانەوادەی شەھیدان و ئەنفالکراوان و کەمئەندامانی سەنگەر و بریندارەکان و قوربانیانی ھەڵمەتەکانی جینۆساید و زیندانییە سیاسیەکان، لە کارە بەراھییەکانی حکومەت دەبێت. ھەروەھا کار دەکەین بۆ پێداجوونەوە بە لیستەکانیان و پاکردنەوەیان لەو ناوانەی بە شێوازی نایاسایی زیادکراون.
نۆیەم: بە مەبەستی دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە، گرنگیی تایبەت بە کاروباری خاوەن پێداوسیتیە تایبەتیەکان دەدەین.
دەیەم: ژینگەی کوردستان گەورەترین سەرمایەی ھەرێمە و کار دەکەین بۆ پاراستنی ژینگە و پەرەپێدان بە کلتوری ژینگە پارێزی. کار دەکەین بۆ بەکارخستنی سیستەمێکی پیشکەوتووی ریسایکل و چارەسەریی زبڵ و خاشاک وکەمکردنەوەی مەترسییە ژینگەییەکان.
یانزدەیەم: لە سەر شێوازێکی دادپەروانە و ھاوسەنگ کار دەکەین بۆ ئاوەدانکردنەوەی شار و قەزا و ناحیەکان و گرنگی تایبەت دەدەین بە ھاندانی خەڵکی لادێکان بۆ مانەوەیان لە گوند و دێھاتەکانیان و گەیاندنی خزمەتگوزاری شایستە بۆیان.
دوازدەیەم: گرنگی تایبەت دەدەین بە فەراھەمکردنی پانتایی کاری رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە چوارچێوەی یاسادا و پاڵپشتی بوارە وەرزشی و ھونەری و فەرھەنگی و کلتورییەکان دەکەین لە ھەرێمی کوردستان.
سێزدەیەم: کاردەکەین لە پێناو گرنگیدان بە خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەمەش لە رێگەی پێشخستن و بەرزکرنەوەی ئاستی زانکۆ و پەیمانگاکانی ھەرێم لە ڕووی جۆری، ھەروەھا فەراھەمکردنی دەرفەتی لەبار بۆ خوێندن و توێژینەوەی زانستی. ھەروەھا کار دەکەین بۆ رێکخستنەوەی کاری زانکۆ و پەیمانگا ئەھلییەکان و پێداچوونەوە بە کوالێتی زانستی و نرخەکانیان.
چواردەیەم: بە ئەلەکترۆنی کردنی کاروباری حکومەت(حکومەتی ئەلکترۆنی)، چ لە ئاست کاروباری ناوخۆی حکومەت و چ لە ئاست پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە ئەلەکترۆنییەکان بۆ ھاوڵاتیان، لە ئەرکە لە پێشینەییەکانمان دەبێت و بەم ھۆیەوە ڕێگە لە ڕووتین و بەھەدەردانی سامانی گشتی و کاتی ھاوڵاتیان و دامەزراوەکان دەگیرێت و کوالێتیی خزمەتگوزارییەکان بەرز دەکرێتەوە.
پانزدەیەم: گەنجانمان سەرمایەیەکی نیشتیمانیی گەورە و کاریگەری مرۆیین و ئایندەسازی وڵاتەکەمانن. بۆیە لە میانەی کار و بەرنامەی گشت وەزارەتەکان، کار دەکەین بۆ بەکارخستن و ئاراستەکردنی تواناکانیان بەرەو بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی تەندروست و پێشکەتوو، کە ئایندەیەکی گەشتر بۆ وڵات فەراھەم بکات.
شانزدەیەم: شوێنەوارە مێژووییەکانمان بەشێکن لە سەرمایەی مێژوویی و کلتوری وڵاتەکەمان و پاراستنیان ئەرکێکی لە پێشینەمان دەبێت و کاردەکەین بۆ بەھێزترکردنی ئالییەتی دۆزینەوە و سەرپەرشتی و پاراستنیان و ھەروەھا ھەوڵی بەکارخستنی کاراتری ئەم شوێنەوارانە دەدەین بۆ بواری گەشتیاری ، بە پێی ستانداردە باوەکان.
لە سەر ئاستی پەیوەندیی نێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی فیدراڵ:
یەکەم: حکومەتی ھەرێمی کوردستان لایەنی فەرمیی دانوستان دەبێت لە گەل حکومەتی فیدراڵی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بۆ ئەم مەبەستە حکومەتی ھەرێم وپەرلەمانی کوردستان، دەستەی دانوستان دروست دەکەن، بۆ دانوستان لەگەل بەغدا و بەدەستھێنانی مافە دەستورییەکانی گەلەکەمان.
دووەم: دەستور بنچینەی ھەر دانوستانێکی ھەولێر لە گەل بەغدا دەبێت و دۆسیەکانی پەیوەست بە مادەی ١٤٠ و پێشمەرگە و بودجە و سامانە سروشتیەکان و قەرەبۆی ئەنفال و شەھیدان و زیندانیانی سیاسی و زیانلێکەوتوانی دەستی رژێمی بەعس و ھەموو مافە دەستورییەکانی ھاوڵاتیانی ھەرێم لە نزیکترین کاتدا، بابەتی گفتوگۆمان لەگەل حکومەتی عێراقی فیدراڵ دەبێت.
سێیەم: ھەوڵەکانمان بۆ ئاسایی کردنەوەی ڕەوشی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بە گشتی و کەرکوک بە تایبەتی، دەست پێ کردووە و جەخت لە پێویستیی خێراکردنی ئەم پرۆسەیە دەکەینەوە. بۆ ئەم مەبەستەش دەبێ ھەرچی زووترە دۆخی سەربازیی سەپێندراو لەم ناوچانە کۆتایی پێ بھێندرێت و بگەڕێینەوە بۆ دۆخی پێش ١٠/٦/٢٠١٤ و ئەو ناوچانە لە لایەن پێکھاتە ڕەسەنەکانی ئەو دەڤەرانە بەڕێوەببردرێت و بە کردەوە دەست بە جێبەجێ کردنی قۆناغەکانی ماددەی ١٤٠ی دەستوور بکرێت.
چوارەم: ھەڕەشەی تیرۆر، ھێشتا ھەڕەشەیەکی گەورەی سەر ھەموو عێراقە. حکومەتی ھەرێمی کوردستان پابەندە بە بەردەوامیی ڕووبەڕوو بوونەوەی تیرۆریستان و ئامادەیی ھاوکاریی تەواوی لە گەل حکومەتی فیدراڵ و ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە تیرۆر ھەیە. بۆ ئەوەی ئەو ھەڕەشەیە بنبڕ بکرێت، حکومەتی ھەرێم ئامادەیی ھێزی پێشمەرگە بۆ ھاوکاریی سوپای عێڕاق لە دوورخستنەوەی ھەڕەشەی تیرۆریستان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم دووپات دەکاتەوە.
پێنجەم: کاردەکەین لە پێناو دەستەبەرکردنی مافە دەستووریەکانی ھێزی پێشمەرگەی کورستان وەک بەشێک لە سیستەمی بەرگریی عێراقی فیدراڵ، بە تایبەت لە بابەتەکانی موچە و دابینکردنی پێداویستیی سەربازییان.
شەشەم: ھەوڵ دەدەین ھەرچی زووترە، دۆسیەی نەوت و گاز لەسەر بنەمای مادەی ١١١ و ١١٢ ی دەستوری عێڕاقی فیدراڵ چارەسەر بکەین و یاسای نەوت و گاز لە لایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەربچێت. ھەر وەھا ھەوڵ دەدەین دەستەی گشتیی چاودێریی داھاتەکانی فیدراڵی وەک لە مادەی ١٠٦ی دەستوردا ھاتووە دابمەزرێت.
حەوتەم: جەخت لە ڕەچاوکردنی پشکی ھەرێـمی کوردستان لە دامەزراوە فیدراڵییەکانی عێراق بە گشتی و لە وەزارەتەکانی دەرەوە و بەرگری و نەوت بە تایبەتی دەکەینەوە.
ھەشتەم: کاردەکەین بۆ چەسپاندنی ھەرچی زیاتری بنەماکانی سیستەمی فیدرالی، بە ڕێگەی دروستکردنی ئەنجوومەنی (ئیتیحاد)ی و ھەروەھا جەخت لە سەر پرینسیپەکانی (تەوازون و تەوافوق و شەراکەت) لەگەل حکومەتی ئیتیحادی دەکەینەوە.
نۆیەم: جەخت لەسەر دەرکردنی یاسای دادگای فیدرالی عێراق دەکەینەوە، بە جۆرێک یاساکە گەرەنتیی سەربەخۆیی دادگای فیدرالی بکات.
ئازادی و دیموکراسی و پێکەوە ژیان:
یەکەم: پێداگری لەو پێکەوە ژیانە ئاشتیانەی نێوان پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینیەکانی ناو ھەرێمی کوردستان لە کورد و تورکمان و کلدان و ئاشوری و سریانی و ئەرمەنی و عەرەب و موسولمان و ئێزدی و مەسیحی وکاکە یی و مەندایی و زەردەشتی دەکەینەوە و ئەو تایبەتەمندییەی ھەرێم دەپارێزین و بەھێزتری دەکەین.
دووەم: پێداگری لە سەر چەسپاندن و بەھێزکردنی بنەما دیموکراسییەکان و ئازادیی و یەکسانی و دەستخستنی زانیاری بە پێی یاسا بۆ ھاوڵاتیانی ھەرێم دەکەینەوە و بەرگریکاری مافەکانیان دەبین و دژی ھەر دەمارگیری و توندڕۆییەکی تایفی و ئایینی و ڕەگەزی و حیزبی دەوەستینەوە.
سێیەم: دژی ھەر جیاکارییەکی ڕەگەزی و بە پەراوێزخستنی ڕۆڵی ئافرەت دەوەستینەوە. پێویستە ئافرەتان بە توانا و لێھاتووی خۆیانەوە ڕۆڵ و پێگەی شایستەی خۆیان لە کۆمەڵگادا وەرگرن و بەشدارییەکی کارای ناو کایەی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیی ھەرێمدا بکەن.
چوارەم: ھاوڵاتیانی کوردستان ئازادن ھەر بیروباوەرێکی سیاسی لە چوارچێوەی ژیانی سیاسیی ھەرێمدا ھەڵبژێرن و نابێ لە کوردستاندا ھیچ کەس لەسەر بیر و باوەری سیاسی و سەرپێبوونی حیزبی سزا بدرێت و پێویستە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە مافە زەوتکراوەکانی ئەوکەسانە بگەڕێندرێتەوە کە لەمڕووەوە زیانمەندبوونە.
پەیوەندییەکانی ھەرێم لە سەر ئاستی ھەرێمی و نێودەوڵەتی:
یەکەم: دامودەزگا فەرمییە پەیوەندیدارەکانی ھەرێم، پەیوەندییە ھەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بەڕێوەدەبەن، بۆ ئەم مەبەستە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە سەر بنەمایەکی یاسایی نوێ رێکدەخرێتەوە.
دووەم: جەخت لەسەر پەیوەندییەکی باش لەگەل وڵاتانی دراوسێ دەکەینەوە، بە جۆرێک بە ڕەچاوکردنی بەرژەوەندیی ھاوبەش و ڕێزی دوولایەنە، پەرە بە ئاستی پەیوەندییەکان لە گشت بوارەکاندا بدرێت.
سێیەم: پشتگیریی چارەسەریی ئاشتیانەی گشت کێشەکانی ناوچەکە دەکەین و پێگەی ھەرێمی کوردستان بە ئاراستەیەک بەکار دەھێنین، کە بەشێک بین لە ڕەوتی چارەسەری.
چوارەم: حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھەوڵ دەدات نوێنەرایەتیە ھەنوکەییەکانی لە دەرەوەی ھەرێم بەھێز بکات و نوێنەرایەتی نوێ بە پێی پێویست لە وڵاتان بکاتەوە و زەمینەیەکی لەباریش دەرەخسێنین بۆ ئەوەی وڵاتانی زیاتر کۆنسولگەرییەکانیان لە ھەرێم بکەنەوە.
لە ئاستی ئابووری و داراییدا:
یەکەم: کاردەکەین بۆ ئەوەی ئابووریی ھەرێم فرە چەشن و فرەرەھەند بێت و تەنیا پشت بە نەوت و غاز نەبەسترێت، بۆ ئەم مەبەستە پەرە بە کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری دەدەین و ھەوڵ بۆ ڕاکێشانی وەبەرھێنانی دەرەکی لەم کەرتانەدا دەدەین.
دووەم: کشتوکاڵ بوارێکی سەرەکیی گرنگیدانمان دەبێت و کار دەکەین بۆ پێشخستنی ئەم کەرتە بە ئامراز و مەکائنی پێشکەوتوو و فراوانکردنی جۆریی و چەندیی بەرھەم بە پێی بنەما زانستییەکان. کار دەکەین بۆ بەکارھێنانی سەرچاوە ئاوییەکان و دروستکردنی بەنداوە وەرزی و ھەمیشەییەکان گلدانەوەی ئاوی پێویست بۆ بواری کشتوکاڵ و زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی لە ھەریم. جەخت لەسەر پاراستنی بەرھەمی خۆماڵی و پشتیوانیی جوتیارانی ھەرێم دەکەینەوە و کار دەکەین بۆ رەخساندنی بازاری گونجاوی ناوەوە و دەرەوە بۆ بەرھەمەکانیان.
سێیەم: کار دەکەین بۆ رێکخستنەوەی سیستەمی بانکی لە ھەرێم و بەکارخستنی ئەو سیستەمە بۆ خزمەتگوزارییە کەسی و گشتیەکان و بەکارھێنانی ژمارە بانکیەکان و کارتە ئەلەکترۆنیەکان بۆ ئالوگۆڕی دراوی و خەرجییەکان و رێژەی مامەڵە بە پارەی کاش کەم بکرێتەوە.
چوارەم: ھانی وەبەرھێنان دەدەین لە ھەموو بوارەکاندا ، بۆ ئەم مەبەستەش لە سەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا دەرفەتی یەکسان و دادپەروەرانە بۆ ھەموو لایەک دەرەخسێنین. لە سەر ئەو بنەمایانەش کاردەکەین بۆ داڕشتنەوە و ھەموارکردنەوەی یاسای وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستاندا.
لە ئاستی کارگێری:
یەکەم : کار دەکەین بۆ چەسپاندنی لامەرکەزیەتی ئیداریی پارێزگاکان کە گونجاو بێت لە گەل سیستەمی یاسایی و کارگێڕی ھەرێمی کوردستان و شۆرکردنەوەی دەسەڵاتەکان و دابەشکردنی ئەرک و بەرپرسیاریەتی بە پێی یاسا، لە ژێر چاودێری سەرۆکایەتی حکومەت.
دووەم: کاری جدی دەکەین بۆ تەرشیقی ھەیکەلیەتی دام و دەزگاکانی حکومەت لە خوارەوە بۆ سەرەوە، بە شێوەیەک کە بۆ ھەرێمی کوردستان گونجاو بێت، ئەمەش بە پێی پلانێکی تۆکمە و ئامادەکردنی نەخشەرێگایەکی زەمەنی لە ماوەی چوار ساڵی داھاتوودا.
news_share_descriptionsubscription_contact

