Bayram Altuğ,Muhammet Ali Kemal
12 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 13 ئەیلوول 2018
جنێڤ - AA
نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرایکرد ئەمساڵ ئاوارە و دەربەدەربوون لە سووریا لە ئاستێکدایە کە لە میانی حەوت ساڵی رابردوودا کە شەڕی ناوخۆ هەڵگیرساوە، هاوتای نییە.
کۆمیسیۆنی نێودەوڵەتیی سەربەخۆی لێکۆڵینەوە لە سووریا سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان، راپۆرتێکی ٢٤ لاپەڕەیی سەبارەت بە دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە نێوان مانگەکانی کانوونی دووەم تاوەکو تەمووز لە سووریا، بڵاوکردەوە.
لە راپۆرتی کۆمیسیۆنەکەدا ئاماژە بەوەکراوە ئەمساڵ ئاوارە و دەربەدەربوون لە سووریا لە ئاستێکدایە کە لە ماوەی حەوت ساڵی رابردوودا کە شەڕی ناوخۆ هەڵگیرساوە، هاوتای نییە و لە ئەنجامی هێرش و پەلامارەکانی رژێمی بەشار ئەسەد بۆ سەر ئەو ناوچانەی بەدەست ئۆپۆزسیۆنی چەکدار و رێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە بوون، تەنها لە میانی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە یەک ملیۆن سووریی کە ژمارەیەکیان ژن و منداڵن، دەربەدەربوون.
هەر لە راپۆرتەکەدا تیشک خراوەتە سەر ئەوەش کە بەشێکی زۆری ئەو کەسانەی ئاوارەبوون لە ئێستادا ناچارکراون لە دۆخێکی "مەترسیدار"دا ژیان بەسەربەرن.
کۆمیسیۆنی نێودەوڵەتیی سەربەخۆی لێکۆڵینەوە لە سووریا لە راپۆرتەکەیدا جەختی لەوەکردووەتەوە کە لە ناوچەکاندا، پێکدادانی توند هاتووەتە ئاراوە و رایگەیاندووە "لە زۆرینەی پێکدادانەکاندا لە لایەن گرووپە چەکدارەکانیشەوە، هێرشەکان بێ لەبەرچاوگرتنی هیچ جیاکارییەک، کراونەتە سەر ناوچە پارێزراوەکان، چەکی قەدەغە بەکارهاتووە و تاڵانی و دەربەدەرکردنی زۆرەملێ روویانداوە".