Hamit Hüseyin
13 کانوونی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 13 کانوونی یەکەم 2018
ھەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پێشوازی کرد لە خاوەنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، نادیا موراد.
ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە کە لە دیدارێکدا دووبارە سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لێکرد بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە و ھیوای سەرکەوتنی بۆ خواست، ھەروەھا ھەموو پشتگیرییەکی بۆ کار و چالاکییە مرۆییەکانی لە پێناو ئاشتەوایی و خزمەتکردنی قوربانیانی ئێزدی و گەیاندنی دەنگیان بە جیھان، ھەوڵەکانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و بەسزاگەیاندنی تیرۆرستانی داعش و ناساندنی کەیسی ئێزدییان وەک جینۆساید لە جیھان و پاراستنیان، دووپاتکردەوە.
ئاماژەی بەوەش داوە، لای خۆیەوە نادیا سوپاسی سەرۆکوەزیرانی کرد و پوختەیەکی دەربارەی بەسەرھات و تراجیدیای خۆی و ئێزدییانی خستەڕوو و تیشکی خستە سەر ھەوڵەکانی لە پێناو گەڕانەوەی ئارامی و ئاشتەوایی بۆ کۆمەڵگەی ئێزدی و تەواوی قوربانیانی دەستی تیرۆر بەگشتی، ھەروەھا باسی لە دۆخی ئێستای ئێزدییان و ناوچەی شنگال بەتایبەتی کرد و داوای کرد حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رۆڵی خۆی لە ئاوەدانکردنەوەی شنگال و ناوچەکانی دیکەی ئیزدییان و گەڕاندنەوەی ئاوارەکان و ژیان و پاراستنی سەقامگیری لەو ناوچانە، بگێڕێت.
لە دیدارەکەدا نادیا موراد دانەیەک لە کتێبەکەی بە ناوی (دوایین کچ) کە بە ئینگلیزی بڵاوکراوەتەوە، بە دیاری پێشکەش بە نێچیرڤان بارزانی کرد.