Zana Natık Kerem
13 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 13 کانوونی یەکەم 2016
هەولێر ــ AA
ئەمڕۆ سێشەممە لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵای لە شاری هەولێر كۆنفرانسی لێبووردن و پێكەوەژیان كە لەلایەن هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و رۆشنبیری و لاوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رێكخرابوو بەڕێوەچوو كە ژمارەیەكی بەرپرسی حكوومی و حیزبی و شارەزایانی بواری تیرۆر تیایدا بەشدار بوون.
لە كۆنفرانسەكەدا سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی گوتەیەكی پێشكەش كرد و گوتی: " هەرێمی كوردستان نموونەی پێكەوە ژیان و لێبۆردنە و پێویستە لەڕێگەی ئەو پەیامەوە رێگە نەدرێت ئاشتەوایی و پێكەوەژیان و لێبۆردن لە نێو پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان تێكبدرێت".
نێچیرڤان بارزانی بەشێكی گوتەكەی بۆ پڕۆسەی كۆنترۆڵكردنەوەی شاری مووسڵ تەرخان كرد و گوتی: "پێویستە بۆ قۆناغی دوای كۆنترۆڵكردنەوەی شارەكە و دوای دەركردنی تیرۆریستانی داعش لە مووسڵ، رێككەوتنێكی سیاسی بكرێت كە سەرجەم لایەن و پێكهاتە جیاواوەكان تیایدا بەشداربن، چونكە رێككەوتنەكە بۆ ئەو قۆناغە لە قۆناغی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ گرنگترە كە بەداخەوە تا ئێستا هەنگاوێك لەوبارەیەوە نەنراوە".
سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان هەروەها گوتیشی: "ئەو مەترسیە گەورەیە كە لە شەڕی داعش مەترسیدارترە و رووبەڕبوونەوەی ئەو بیرە تاریكەیە كە پێشتر قاعیدە و چەندین گروپی تیرۆریستی دیكە و دواتر داعشی دروستیان كرد، ئامانجی ئەو بیرە توندڕەوش تێكدانی ئەو پێكەوە ژیان و لێبۆردن و ئاشتەوایییە كە لە نێوان پێكهاتەكاندا هەیە".
نێچیرڤان بارزانی داواشی لە مامۆستایانی ئایینی كرد كە زیاتر هەوڵە و تواناكانیان لە پێناو بنبڕكردنی ئەو بیرە توندڕەوە چڕ بكەنەوە گوتی: " پێویستە مامۆستایانی ئاینی لە هەموو ئاستەكاندا بەرەنگاری بیری توندڕەو ببنەوە بۆ ئەوەی پێكەوە ژیان و ئاشتەوایی نێوان پێكهاتە ئاینی و نەتەوەییەكان پارێزراوبێت و رێگە نەدرێت كۆمەڵگاكەمان بكرێتە قوربانی و زیاتر پەرە بە كلتووری پێكەوە ژیان بدرێت".
كۆنفرانسەكە ماوەی ئەو دوو رۆژ دەخایەنێت و چەند پانێڵێك لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، لێبووردن و پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستان پێشەكەش دەكرێت.