سياسەت, جيهان

نوێكراوه‌ته‌وه‌.. ئه‌مریكا عه‌لی خامنه‌یی خسته‌ نێو لیستی سزاكانییه‌وه‌

- سه‌رۆكی ئه‌مریكا، دۆناڵد تره‌مپ بڕیارنامه‌یه‌كی سه‌رۆكایه‌تی واژووكرد كه‌ سزای نوێ به‌سه‌ر ئێراندا ده‌سه‌پێنێت و سزاكان رێبه‌ری ئێران، عه‌لی خامنه‌یی-ش ده‌گرێته‌وه‌.

Hakan Çopur, Abdullah Shukur  | 24.06.2019 - نوێکردنەوە : 25.06.2019
نوێكراوه‌ته‌وه‌.. ئه‌مریكا عه‌لی خامنه‌یی خسته‌ نێو لیستی سزاكانییه‌وه‌

Washington DC

واشنتۆن - AA

سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ بڕیارنامەیەکی سەرۆکایەتی واژووکرد کە سزای نوێ بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت و سزاکان رێبەری ئێران، عەلی خامنەیی-ش دەگرێتەوە.

دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی سازکرد و سزا نوێیەکانی وڵاتەکەی لە دژی ئێران راگەیاند.

ترەمپ وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە دوای خستنەخوارەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە ئەمریکییەکە لە لایەن ئێرانەوە، سەپاندنی ئەم سزایانە کارێکی حەتمییە و رایگەیاند: "بڕیارنامەی سەرۆکایەتی واژوودەکەم کە سزای زۆر توند لەخۆدەگرن لە دژی ژمارەیەک کەس و لەنێویشیاندا دژی رێبەری ئێران. ھەنگاوی ئەمڕۆمان، دەرەنجامی ژمارەیەکی زۆر ھەڵوێستی شەڕانگێزانەی ماوەی چەند ھەفتەی رابردووی رژێمی ئێرانە، بە خستنە خوارەوە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەشمانەوە".

سەرۆکی ئەمریکا تیشکی خستەسەر ئەوەی بەرپرسیاریی سەرەکی جموجۆڵەکانی ئێران، رێبەری ئەو وڵاتە، خامنەیی-ە و ھەر لەبەر ئەوەشە کە سزاکان ئەویش دەگرێتەوە.

ترەمپ راشیگەیاند کە ئەمریکا نایەوێت نە لەگەڵ ئێران نە لەگەڵ وڵاتێکی دیکەش جەنگ ھەڵبگیرسێنێت و گوتیشی: "دەتوانم ئەوە بڵێم ناتوانین رێگە بدەین ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی".

ترەمپ ئاشکراشی کرد کە خامنەیی و ژمارەیەک لە بەرپرسە باڵاکانی سوپای پاسدارانی ئێرانی خستە نێو لیستی سزاکانەوە.
لە دوای لێدوانەکانی ترەمپ، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، ستیڤن منوشین لە کۆشکی سپی لێدوانی بە رۆژنامەنووسان دا و رایگەیاند لە ناوەڕاستی ئەم ھەفتەیە وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف-یش لە لایەن ئەمریکا دەخرێتە لیستی سزاکانەوە.

منوشین ئاماژەی بەوەشدا لەو بڕیارنامەیەی ترەمپ واژووی کردووە، ناوی ھەشت بەرپرسی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران خرایە لیستی سزاکانی ئەمریکا.

منوشین ئاشکراشی کرد کە ناوی فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران، عەلی رەزا تەنگسیری کە بەرپرسیار دادەنرێت لە ھێرشکردنە سەر کەشتی نەوت ھەڵگر لە کەنداوی عومان، ھەروەھا فەرماندەی ھێزەکانی ئاسمانی سوپای پاسداران، ئەمیرال حاجیزادە و فەرماندەی ھێزەکانی وشکایی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، محەمەد پاکپور بە ھۆی پشتیوانیکردنی ھێزی قودس لە سووریا، خراونەتە لیستی سزاکانی ئەمریکاوە.

لە پاڵ ئەمەش، فەرماندەکانی سوپای پاسدارانی ئێران، عەباس چۆلامشاھی، رەمیزان زیراھی، یەدوڵڵا بادین، مەنسوور راڤانکار و عەلی ئۆزما بە ھەمان شێوە خرانە لیستی سزاکانی ئەمریکاوە.

ئەو کەسانەی ناویان خراوەتە لیستی سزاکانەوە، لە سیستەمی دارایی ئەمریکا گۆشەگیر دەکرێن و ئەو کەس و دامەزراوانەی کار لەگەڵ ئەم کەسە سزادراوەتەی ئەمریکا بکەن بە ھەمان شێوە رووبەڕووی سزا دەبنەوە.






بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın