Sarmand Hameed
12 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 13 ئاب 2022
ههولێر-AA
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی و سەرۆکی ھاوپەیمانی سەروەریی، خەمیس خەنجەر جەختیان لەوە کردەوە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەخت لە عێراق ھەنگاوێکی باشە بە مەرجێک کە ھەموو لایەک پابەندی ئەنجامەکانی بن.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە بارەگای بارزانییەوە بڵاوکراوەتەوە، رۆژی پێنجشەممە ١١ی ئابی ٢٠٢٢ لە ھاوینەھەواری سەلاحەددین، مەسعود بارزانی پێشوازیی لە خەمیس خەنجەر كردووه.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، لە دیدارەکەدا ھەردوولا بیروڕایان لەبارەی دوایین گۆڕانکاری و پێشھاتەکانی پڕۆسەی سیاسیی عێراق ئاڵوگۆڕ کردووه و، جەخت لەسەر ھەماھەنگی و کاری ھاوبەشی نێوانیان كراوهتهوه بۆ دەربازبوون لە چەقبەستوویی سیاسی.
ھەر لەو دیدارەدا پەیوەست بە قەیرانی سیاسیی عێراق، ھەردوولا ئەوەیان دووپات کردەوە کە ھەر دەستپێشخەری و ھەنگاوێکی نوێ پێویستە بە ئاراستەی باشترکردنی دۆخی سیاسیی عێراق و کۆتایھاتنی قەیرانی سیاسی بێت.
لەبارەی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەران وەک لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە، ھەردوولا لەسەر ئەوە ھاوڕابوون کە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەخت ھەنگاوێکی باشە بە مەرجێک کە ھەموو لایەک پابەندی ئەنجامەکانی بن.
جێی ئاماژەیە، دوای راگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، هەریەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان، هاوپەیمانی سەروەریی و رەوتی سەدر هاوپەیمانییەکیان به ناوی "هاوپەیمانی رزگاریی نیشتمان" پێکهێنا.
دوای سەرنەکەوتنی هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی زۆرینەی نیشتمانیی لەلایەن "هاوپەیمانی رزگاریی نیشتمان"ەوە، ئەندامی رەوتی سەدر لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەستلەکارکێشانەوەی بەکۆمەڵیان پێشکەش بە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، محەمەد حەلبوسی کرد و دەستیان لە ئەندامێتی ئەنجوومەنەکە کێشایەوە.
دوای دەستلەکارکێشانەوەی ئەندامانی رەوتی سەدر لە ئەنجوومەنی نوێنەران، سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر لە پەیامێکدا رایگەیاند، پارتی دیموکراتی کوردستان و هاوپەیمانی سەروەریی ئازادن لە مانهوه و کارکردن پێکەوە یان هاوپەیمانی کردن لەگەڵ هەر لایەنێکی دیکە.
تا ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان و هاوپەیمانی سەروەریی هیچ هەنگاوێکیان لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگیی نەناوە کە دوای کشانەوەی رەوتی سەدر لە پرۆسەی سیاسیی بووەتە گەورەترین فراکسیۆن لە ئەنجوومەنی نوێنەران و مافی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی پێدەدرێت.
دوای زیاتر لە ١٠ مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختدا، بەهۆی ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسییەکان لە عێراق، تا ئێستا نەتوانرە سەرکۆماری نوێ بۆ وڵاتەکە هەڵبژێردرێت و کاندیدی سەرۆکوەزیران بۆ پێکهێنانی حکوومەت رابسپێردرێت.