سياسەت, کۆڤید- ١٩

مەسرور بارزانی: "ئەوانەی هانی خەڵک بدەن پابەندی رێنماییەکان نەبن رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە"

- سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی رایگەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە گرتنەبەری هەر رێکارێک بۆ پاراستنی سەلامەتی هاووڵاتییان و هیچ کەمتەرخەرمییەکیشی لەم رووەوە نەکردووە و ئەوەی پێویست بووە ئەنجامیداوە.

Sarmand Hameed  | 03.06.2020 - نوێکردنەوە : 04.06.2020
مەسرور بارزانی: "ئەوانەی هانی خەڵک بدەن پابەندی رێنماییەکان نەبن رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە"

Arbil

هەولێر - AA

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی رایگەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە گرتنەبەری هەر رێکارێک بۆ پاراستنی سەلامەتی هاووڵاتییان و هیچ کەمتەرخەرمییەکیشی لەم رووەوە نەکردووە و ئەوەی پێویست بووە ئەنجامیداوە و ئاماژە بەوەدا کە خەڵکێک دەیەوێت ئەم بابەتە کە پەیوەندی راستەوخۆی بە ژیان و تەندروستی خەڵکەوە هەیە، بە سیاسی بکات و گومانیان لە بوونی مەترسییەکانی ڤایرۆسەکە دروستکردووە و هانی خەڵک دەدەن پابەندی رێنماییەکان نەبن، بۆیە ئەم کەسانە رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.

مەسرور بارزانی لە میانی سەرۆکایەتیکردنی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کە ئەمڕۆ لە هەولێر بەڕێوەچوو، لە گوتەیەکدا باسی چەند پرسێکی کردووە.

بەپێی راگەیەنراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە دەستپێکی قسەکانیدا، مەسرور بارزانی ئاماژەی بە زیادبوونی مەترسییەکانی کۆرۆنا و بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان و قوربانییەکان کرد و بەناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پرسە و سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییان کرد و هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ تووشبووان خواست. هەروەها سوپاسی پابەندبوونی هاووڵاتییانیشی کردووە بە رێکارەکانی خۆپارێزی و رێنماییە تەندروستییەکان.

بەپێی راگەیەنراوەکە کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، مەسرور بارزانی رایگەیاندووە "حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە گرتنەبەری هەر رێکارێک بۆ پاراستنی سەلامەتی هاووڵاتییان و هیچ کەمتەرخەرمییەکیشی لەم رووەوە نەکردووە و ئەوەی پێویست بووە ئەنجامیداوە و ئێستاش بەرپرسیارێتی سەرەکی دەکەوێتە سەر خەڵک بۆ پاراستنی خۆیان و هاووڵاتییان و کۆمەڵگە. ئاماژەی بەوەشداوە حکوومەت دەیەوێت لە درێژەدان بە گرتنەبەری رێنماییە تەندروستییەکان، ژیان و گوزەرانی خەڵک لە بەرچاو بگرێت و زیانی بەرنەکەوێت، بەڵام بەداخەوە خەڵکێک دەیەوێت ئەم بابەتە کە پەیوەندی راستەوخۆی بە ژیان و تەندروستی خەڵکەوە هەیە، بە سیاسی بکات و گومانیان لە بوونی مەترسییەکانی ڤایرۆسەکە دروستکردووە و هانی خەڵک دەدەن پابەندی رێنماییەکان نەبن، بۆیە ئەم کەسانە رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە".

مەسرور بارزانی داوای لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان کرد کە پابەندی رێنماییەکانی تەندروستی بن و خۆیان بپارێزن و لەکاتی دەرچووندا دەستکێش و دەمامک بەکاربهێنن، هاوکات داوای لە دەزگاکانی راگەیاندنیش کرد کە رۆڵی خۆیان ببینن لە هەڵمەتی هۆشیاری تەندروستیی و ئاگادارکردنەوەی تاک لە مەترسییەکانی ڤایرۆسەکە.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆتایی قسەکانیدا تیشکی خستووەتە سەر دایەلۆگی ستراتیجی نێوان عێراق و ئەمریکا کە بڕیارە لەم مانگەدا ئەنجام بدرێت و هەرێمی کوردستانیش تێیدا بە شدار دەبێت و لەمبارەیەوە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریداوە سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، نوێنەری هەرێم بێت لەم دایەلۆگەدا. 

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın